No Image Available

ماڵكۆم ئێكس

 نوسەر: سەنگەر حەسەن نەجم  پۆلین: Written - نوسراو  بڵاوکار: تەفسیر  ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە: 10 March 2023  ISBN: 9789922690032  ژمارەی لاپەڕە: 216  زمان: كوردی More Details
 دەربارەی کتێب:

ژیان و بەسەرهاتی ماڵكۆم ئێكس پڕیەتی لە ڕووداوی سەرنج ڕاكێش و پەند ئامێز. ئەگەرچی لەسەرەتای چوونە نێو تەمەنەوە تێرۆركرا، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبوو لەبەردەم ئەوەی، كە بۆ هەتا هەتا جێ پەنجەی جێبهێلێت. هەرزوو دوای ئەوەی چووە نێو كۆمەڵەی نەتەوەیی ئیسلام، بووە جێگەی سەرنجی خەڵكی بەگشتی و لەلایەن ئێف. بی. ئای. خرایە ژێر چاودێری ورد. دەگوترێت ماڵكۆم بەجۆرێك بووە هۆی گەورەبوونی ئەم كۆمەڵەیە، كە لە 500 ئەندامەوە لە 1953 بۆ 30000 ئەندام لە ساڵی 1963! ئەمەش بە بەراورد بەخودی دامەزرێنەری كۆمەڵەكە ژمارەیەكی خەیاڵییە.

وتارەكانی ماڵكۆم ئێجگار بەهێزبوون، هەم شێوازی وتاردانەكە و هەمیش دەربڕینەكانی. ئەو بۆ ساتێكیش سڵی نەدەكردەوە لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی ئاڕاستەی دەكرا. بەڵام چ وەڵامێك! وەڵامگەلێك كە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر جێگەی تێڕامان و قوڵبوونەوەن! ئاخۆ دەبێت نهێنی ئەم ڕەوانبێژییە لە چی دا بووبێت و ماڵكۆم، كە خوێندنی ناوەندی جێهێشت و لەبەر باری ناهەمواری خێزانەكەیی نەیتوانی درێژە بەخوێندن بدات، چۆن و بەچی ڕێگەیەك توانی بگاتە ئەم ئاستە؟!

میراتی ماڵكۆم بریتی بوو لە بەجێهێشتنی جێ پەنجەیەكی تۆخ لەڕێگەی كار و وتارەكانی و چاندنی خۆشەویستی و دادپەروەری. تاوەكو ئێستایشی لەگەڵدا بێت بووە سەچاوەی ئیلهامی ژمارەیەكی بێ شوماری خەڵكی و لەنێو ئەدەبیات و توێژینەوەكان دا وەك ئایكۆنی بوێری و غیرەت، دادپەروەری و یەكسانی سەددەی بیست سەیر دەكرێت.

موسڵمان بوون هەرتەنها نەبووە هۆی گۆڕانكاری لەژیانی خۆی، بەڵكو بۆ هەتا هەتا ژیانی سەدان هەزارانی تریشی گۆڕی و دیدگای نوێی پێبەخشین و بووە هۆی دەربازبوونیان لە تەنگ و چەڵەمەو ناڕەحەتی. ئەو، كە خاوەن هێزێكی موگناتیسی لەڕادەبەر بوو، هەرزوو بەرامبەرەكەی دەخستە ژێر هێزی ڕاكێشانی بەتینی خۆی.

ئەم كتێبەی بەردەستت بریتیە لە ژیان و بەسەرهاتی ماڵكۆم ئێكس و تیشك خستنە سەر لایەنەكانی ژیانی لە گۆشەنیگای كۆمەڵێك ڕەهەندی جیاوازەوە. بۆ ژیاننامە و بەسەرهاتی سەرەتای ژیان، منداڵی یان گەنجێتی بەشێوەیەكی سەرەكی سوود لە گێڕانەوەكەی ئەلیكس هایلی وەرگیراوە. لەگەڵ ئەوەشدا وتارەكانی و فیلمە بەڵگەنامەییەكانی فەرامۆش نەكراون و ئەوانیش خراونەتە ژێر وردبینی لێكۆڵێنەوە. هەروەها پەیوەندی ماڵكۆم ئێكس لەگەڵ كەسێتییە هەر دیارەكانی سەردەمی خۆی وەكو موحەممەد عەلی كلای، ماڕتن لۆتەر كینگ و چەندانی تریش خراونەتە ڕوو.

سەرەتای كتێبەكە بەچەند لاپەڕەیەكی كەم سەبارەت بە مێژووی كۆیلەیی لەئەمریكا دەست پێدەكات و دەبینین زۆرێك لەوانەی كە هێنراونەتە ئەمریكا بە زۆرەملێ بووە و پاشان زۆرینەیان لەزێدی خۆیان موسڵمان بووینە. دواجار ئەوانیش یان كەوتوونەتە ژێر هەژموونی بێ ڕەحمانەی سەردار و خاوەنەكانیان و یانیش بەزۆر ئاینەكەیان پێ گۆڕدراوە.

خوێنەری بەڕێز، لەگەڵ ژیاننامەی ماڵكۆمدا پێویستە ئارامگر بیت، چونكە لەسەرەتا كە موسڵمان دەبێت هەروا دەزانێت كە ئەوە ئیسلامی ڕاستەقینەیە. بەڵام دواجار ئیسلامی ڕاستەقینە دەناسێت و ئیتر بێ ترس و سڵەمینەوە بانگەشەی بۆ دەكات و دەبێت بە یەكێك لە كەڵەپیاوانی ئیسلام.

 گەڕانەوە