خوێندنەوەی چۆمسكی كارێكی هێندە ئاسان نییە، ئینجا چ جای وەرگێڕان و بەكوردی كردنی! ئەو، خودان پاشخانێكی گەورەی مەعریفە و پرسە گرنگەكانە. هەر بۆیە لە كاتی قسەكردن و نووسیندا، زۆرجاران ئاماژە بە شتانێك دەكات كە ئەگەر بێت و خوێنەر هەمان چەشنی پاشخانی نەبێت، ئەوا تێگەیشتن لێی زەحمەت وەیان ئەستەم دەبێت. زۆرێكیش لەم ئاماژانە بەلای خوێنەری كورد نامۆن، وەیان هیچ نەبێت بەلای نەوەی ئێستا. بۆیە ئێمە لە وەرگێڕانی بەرهەمەكانی چۆمسكی هەوڵمانداوە لە هەر شوێنێك ئاماژەی نەناسراو و نەزانراو هەبن، لە پەراوێزدا بە پوختی ڕوونكراونەتەوە. ئەم بەرهەمەی چۆمسكی یەكێكە لە كتێبە پڕ فرۆش و بەنێو و دەنگەكانی، كە تیایدا باس لە سیاسەت و ستراتیژییەتی دەرەوەی ئەمریكا دەكات بەرامبەر گەلان و وڵاتان. وەلێ ئەمە هەر تەنها یەكەم كتێب نابێت و خودا یار بێت، پڕۆژەیەكەو سەرجەم كتێبەكانیی بە ئامانج گرتووە.
خوازیارین توانیبێتمان وەرگێڕانێكی دروست بخەینە بەردەست و لە هەر هەڵەو كەمایەسییەكیش بمانبوورن.