Skip to content

لەبارەی فەڵەستینەوە (بەشی یەكەم)

کاتێک من و فرانک بارات لەگەڵ نوام چۆمسکی دانیشتین تاوەكو گفتوگۆیەکی دوورو درێژ سەبارەت بە فەڵەستین ئەنجام بدەین، گفتوگۆکەمان بەسەر سێ بەشدا دابەشکرد: باسێک لەسەر ڕابردوو، كە تیایدا تیشکمان خستە سەر تێگەیشتن لە زایۆنیزم وەک دیاردەیەکی مێژوویی؛ گفتوگۆ سەبارەت بە ئێستا، وەك گرنگیدانێکی تایبەت بە ڕەوایەتی و خواستراویی جێبەجێکردنی مۆدێلی ئاپارتاید بۆ ئیسرائیل و هەروەها لەمەڕ کاریگەریی بزووتنەوەی بایكۆت وەک ستراتیژییەکی سەرەکی هاودەنگی لەگەڵ گەلی فەلەستین؛ و لە کۆتاییشدا باسێك دەربارەی داهاتوو، كە تیایدا تاوتوێی هەڵبژاردەی نێوان هەردوو چارەسەرسازی دوو دەوڵەتی یەک دەوڵەتی کرا.

ئامانجی سەرەکی ئەم گفتوگۆیە ئەوە بوو تاوەكو یارمەتی هەموومان بدات بۆ ڕوونکردنەوەی بۆچوونەکانمان لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە دراماتیکییەکان نەک تەنها لە ئیسرائیل و فەلەستین لە ساڵانی ڕابردوودا بەڵکو لە ناوچەکەدا بە گشتی. جا هەر بەڕاستی ئێمە وا گومان دەبەین كە بەشێكی زۆر لە خوێنەران هاوڕان لەگەڵ ئەوەی كە وەرگرتنی ڕاو بۆچوونەكانی چۆمسكی لە مەڕ دۆزی فەڵەستین، گرنگی تایبەتی هەیە لە ئێستادا و هەم بەشدارییەكی چارەنووسسازیشە بۆ هەر پرسێكی پەیوەندار بەم باسەوە. ئێمە، هیواخوازین ئەم گفتوگۆیە كاریگەری چاكی لەسەر دۆزەكە هەبێت و بەتایبەت كە تیشك دەخاتە سەر بزووتنەوەی هاودەنگی لەگەڵ گەلی فەڵەستین و هاودەمیش لەگەڵ كاریگەرییە بەرفراوانەكانی خەباتكردن لەنێو ئیسڕائیل/فەڵەستینەوە. لە گفتوگۆكەماندا، نەمانتوانی سەرجەمی بابەتەكان بخەینە بەر باس، بەڵكو ئەو بابەتانەمان پێشخست كە مشتومڕی زۆریان لەسەرە، و لەهەمان كاتدا هەوڵی زۆرمان دا تاوەكو گفتوگۆكە شارستانی بێت (جگە لەیەك یان دوو بابەت نەبێت كە وەك هەست و سۆزێك ڕێی پێ نەگیرا) بەتایبەت بۆ بزووتنەوەیەك كە پێویستی بە یەكگرتوویی هەیە. جا هەریەك لە پارچەپارچەبوونی خودی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، و نەبوونی سەرکردایەتییەکی ڕوون و هەروەها ڕواڵەتی و ئەو ناڕوونییەش کە تایبەتمەندی ئۆردوگای ئاشتی ئیسرائیلە، بەشدارن لەم ناکۆکیەدا. سەرەڕای ئەوەش، دەبێت گفتوگۆ لە نێوان ئەوانەی باوەڕیان بە ئاشتی هەیە، پەسەند و شیاو بێت!

لەوەدەچێت، كە ئێمە لە نێوەندی گواستنەوەیەکدا بین؛ لە گفتوگۆیەکی کۆنەوە سەبارەت بە فەلەستین بۆ گفتوگۆیەکی نوێ. من خۆم هەست بە ئاسوودەیییەکی زۆر دەکەم لە گفتوگۆ نوێیەکەدا بەڵام لەهەمان كاتیشدا حەز ناکەم ئەو هەڤاڵانە لەدەست بدەم کە هێشتا لە گفتوگۆ كۆنەكە دڵخۆشی خۆیان دەبیننەوە. کەواتە لێرەدا -لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا- ئامانجم ئەوەیە پێش ئەوەی لەگەڵ نوام چۆمسكی گفتوگۆیەک بکەم لەسەر ئەو پرسانەی کە لە نێو چەق و دڵی بابەتەکەدان، ئاماژە بەهەردوو گفتوگۆكە (كۆن و نوێ) بدەم.

ڕێبازی ئاشتی کۆن و ئاڵنگارییەكانی

پێویستی گەڕان بەدوای گفتوگۆیەکی نوێ -سەبارەت بە فەلەستین- بەر لە هەموو شتێک لە گۆڕانکارییە واقعییەكانی ساڵانی دوایی ناوچەكەوە سەرچاوە دەگرێت. پێدەچێت ئەم پێشهاتانە بۆ زۆربەی خوێنەرانمان ئاشنا بن و، منیش لە کۆتایی ئەم وتارەدا بە نوێترین شێوە کورتیان دەکەمەوە و کاریگەرییەکانیان لەسەر گفتوگۆی داهاتوو هەڵدەسەنگێنم.

بەڵام وای بۆ دەچم كە گەڕان بەدوای بیرۆکەی نوێ و تەنانەت ڕەنگە گەڕان بەدوای گوتارێكی نوێش سەبارەت بە فەلەستین لە قەیرانێکی درێژخایەنترەوە سەریهەڵداوە. دەشێت بڵێین كە تایبەتەمەندی قەیرانەکە ئەوەیە كە نەتوانراوە دەستکەوتە سەرنجڕاکێشەکان لە دەرەوەی فەڵەستین بقۆسترێنەوەو، بەتایبەت لەمەڕ گۆڕینی ڕای گشتی جیهانی سەبارەت بەو بابەتە لەسەر ئەرزی واقیعدا. هەربۆیە گەڕانی نوێ، هەوڵێکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چەندین بۆشایی و پارادۆکس کە لە ئەنجامی ئەم بەربەستەدا بووەتە هێرشكردنە سەر بزووتنەوەی هاودەنگی لەگەڵ فەلەستین.

لەم ڕۆژانەدا کەمپی چالاکوانانی ئاشتی و دادپەروەری لە فەلەستین -کە هەمیشە لە گەشەکردندایە-، ڕووبەڕووی چەندین پارادۆکس دەبێتەوە کە دواجار ئاشتبوونەوە لەگەڵیاندا سەختە. با سەرەتا ئەم پارادۆکسانە لەبەرچاو بگرم و دواتر ڕێگایەک بۆ پێشەوە پێشنیار بکەم، هەم لە ڕێگەی شیکارییەکانی خۆمەوە، و هەمیش لە ڕێگەی شیکارییەکانی ئەوانی دیکە و پاشانیش لە ڕێگەی گفتوگۆیەکەوە لەگەڵ چۆمسکی.

پارادۆکسی یەکەم بۆشایی نێوان گۆڕانی ئەرزی واقیعی بیروڕای گشتی جیهانی لەسەر پرسی فەلەستین لە لایەک و بەردەوامی پشتیوانی نوخبە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆرئاوا بۆ دەوڵەتی جوولەکە لە لایەکی ترەوە (و لێرەوەش نەبوونی هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر گۆڕانکارییەكان لەسەر ئەرزی واقیعدا).

چالاکوانانی دۆزی فەلەستین، بەڕاستی هەست دەکەن کە پەیامی دادپەروەری و تێگەیشتنی بنەڕەتییان لە دۆخی سەختی ئیسرائیل و فەلەستین ئێستا لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان قبوڵکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە ئازارەکانی گەلی فەڵەستینی کەم نەکردووەتەوە، جا لە هەر شوێنێک بن.

لە کاتێکدا لە ڕابردوودا چالاکوانان دەیانتوانی ئەم بۆشاییە بگەڕێننەوە بۆ پێوەرێک لە وردبینی لە پشت ئەو کارانەی ئیسرائیلەوە کە بە باشی سیاسەتە نادیار و زۆرجار تاوانکارییەکانیشی شاردەوە، بەڵام لە سەدەی ئێمەدا ئەمە نەدەکرا. حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە هەر شیکارییەکی ئاڵۆزیان بۆ ئیسرائیل کردە شتێکی تەواو زیادەڕۆیی. لەم ڕۆژانەدا زۆر ئاسانە نەک تەنها سیاسەتی ئیسرائیل بەڵکو ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستی لە پشتیەوە ئاشکرا بکرێت. هەوڵەکانی چالاکوانان و ئەم سیاسەتە ناهەموارە، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە بیروڕای گشتی خۆرئاوایی، لەوانەش ئەمریکیدا بەرهەمهێنا؛ بەڵام تا ئێستا ئەم گۆڕانکارییە نەیتوانیوە بگاتە پلە باڵاکانی کۆمەڵگا و هەربۆیەش ئیسرائیل بەردەوامە – بەردەوام و بێ وەستان – لە سیاسەتەکانی زەوتکردن و لەبەرامبەر سیاسەتەكانیشی لەوەناچێت هیچ باجێک بدات.

بۆشایی دووەم، لە ڕاستیدا پارادۆکس، ئەو بۆشاییەیە کە لە نێوان ئەم وێنە نەرێنییەی ئیسرائیلدا کە بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڵگیراوە لە لایەک و ئەو وێنە زۆر ئەرێنییەی دەوڵەتی جوولەکە كە لەنێوخۆیدا هەیەتی. خۆشگوزەرانی ئابووری ڕێژەیی ئیسرائیل هێشتا ئەوە دەردەخات کە گۆشەگیرترین دەوڵەت لە ڕێکخراوی هاریكاری و گەشەپێدانی ئابووریدا OECD لەلایەن هاوڵاتیانی جوولەکەیی خۆیەوە وەک دەوڵەتێکی گەشەسەندوو سەیر دەکرێت کە کۆتایی بە ململانێی عەرەبی و ئیسرائیل هێناوە و تەنها ناچارە ململانێ لەگەڵ پاشماوەی “جەنگی دژی تیرۆر”ی خۆرئاوا لە شێوەی حەماس و حزبوڵڵادا (بەڵام تەنانەت ئەوەش لە دوای “بەهاری عەرەبی” بە پرسێکی چارەنووسساز نازانرێت) بكات. ئیسرائیل بەڕاستی بەدەست درز و كەلێنی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە دەناڵێنێت، بەڵام بۆ ئێستا بە داهێنانی هەڕەشەیەکی ساختەی شەڕی ئەتۆمی ئێران و سیناریۆی دیکەی لەو جۆرە بێدەنگ کراون، کە تەرخانكردنی بێ بەربەستی پارە بۆ سوپا و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان مسۆگەر دەکەن .

بێگومان هاوڵاتیانی فەلەستینی لە جەلیل و ئەلنەقەب -کە بەردەوام لە ئازاردان بە دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زارەکانیان و ڕووخاندنی خانووەکانیان و بەر نەژادی نوێی ڕەگەزپەرستانە دەکەون، و یاساگەلێک کە جەوهەریترین و سەرەتاییترین مافەکانیانە تێکدەدەن- هاوبەشی ئەم هەستی سەركەوتنە لەگەڵ ئیسڕائیلییەكاندا ناكەن. فەلەستینییەکانی کەناری خۆرئاوا، هێشتا ڕۆژانە لە بازگەکاندا زەلیل دەکرێن؛ بەبێ دادگاییکردن دەستگیردەكرێن، زەویەکانیان لەدەستداوە بۆ دانیشتووان و دەسەڵاتی ئیسرائیلی؛ و بەهۆی سیستەمی دیوار و بەربەستەکانی ئاپارتایدەوە کە ماڵەکانیان دەورە داوە، گەشتکردنیان بۆ گوند و شارۆچکەکانی نزیک ئەو ناوە قەدەغە کراوە. ئەوانە قوربانی بە ژیانی خۆینا دەدەن. هەروەها خەڵکی غەززە هێشتاش لە گەورەترین زیندانی کراوەی مرۆیی لەسەر زەویدا تووشی بەربەریەت گەمارۆدان و بۆردومان و تەقەکردن دەبنەوە. بێگومان نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە ملیۆنان پەنابەری فەلەستینی هێشتا لە کەمپەکاندان، و لە کاتێکدا ڕوونە كە مافی گەڕانەوەیان بە تەواوی لەلایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە پشتگوێ خراوە.

پارادۆکسی سێیەم ئەوەیە کە لە کاتێکدا سیاسەتە تایبەتەکانی ئیسرائیل بە توندی ڕەخنە و شەرمەزار دەکرێن، بەڵام خودی سروشتی ڕژێمی ئیسرائیل و ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە ئەو سیاسەتانە بەرهەم دەهێنێت، لەلایەن بزووتنەوەی هاودەنگییەوە ناکرێنە ئامانج! چالاکوانان و لایەنگران دژی کۆمەڵکوژییەکەی غەززە لە ساڵی ٢٠٠٩ و هێرشکردنە سەر فلۆتیلاکە لە ساڵی ٢٠١٠ خۆپیشاندانیان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا لەم گۆڕەپانە ناڕەزایەتییە دا، پێدەچێت كەس نەوێرێت هێرش بکاتە سەر ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە لە پشت ئەم دەستدرێژییانەدایە. دەبینین كە هیچ خۆپێشاندانێک دژ بە زایۆنیزم نییە، چونکە تەنانەت پەرلەمانی ئەوروپاش خۆپیشاندانێکی لەو شێوەیە بە دژە جوولەکە دەزانێت. ئەگەر بیهێنیە بەرچاوانت و وێنای بكە، ئەمە ڕێك وەك ئەوە وایە كە لە سەردەمی باڵادەستی ئەفریقای باشووردا، ڕێگەت پێنەدرابێت كە دژی خودی ڕژێمی دڕندەو دكتاتۆر خۆپیشاندان بکەیت، بەڵکو دەبێت تەنها دژی کۆمەڵکوژی سۆوێتۆ یان هەر كۆمەڵكوژیەكی تری تایبەتی دیکە کە لەلایەن حکومەتی ئەفریقای باشوورەوە ئەنجامدرابێت، خۆپیشاندان بكەیت.

 دوا پارادۆکس ئەوەیە کە چیرۆکی فەلەستین لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ چیرۆکێکی سادەی کۆلۆنیالیزم و زەوتکردنە، لەگەڵ ئەوەشدا جیهان وەک چیرۆکێکی فرەلایەن و ئاڵۆز مامەڵەی لەگەڵ دەکات- تێگەیشتن قورسە و چارەسەرکردنیش قورسترە. بەڕاستی چیرۆکی فەلەستین پێشتر وا گێڕدراوەتەوە:

هاتنی دانیشتوانی ئەوروپی بۆ سەر خاکێکی بێگانە، نیشتەجێبوون لەوێ و یان جینۆسایدکردن لە دژی خەڵکی ڕەسەن یان دەرکردنی. جا زایۆنیستەکان لەم ڕووەوە نەیانتوانی شتێکی ئەوتۆی نوێ دروست بكەن. بەڵام ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەش، بە یارمەتی هاوپەیمانەکانی لە هەموو شوێنێک سەرکەوتوو بوو لە بنیاتنانی داڕشتنی فرە چین، کە ئەوەندە ئاڵۆزە بەجۆرێك تەنها ئیسرائیل دەتوانێت لێی تێبگات. هەر دەستێوەردانێکی جیهانی دەرەوە یەکسەر لە باشترین حاڵەتدا بە سادەیی یان لە خراپترین حاڵەتدا بە دژە جوولەکە ئەژمار دەكرێت و لەم ڕووەوەش سزا دەدرێت.

ئەم پارادۆکسانە لە هەندێک کاتدا بزووتنەوەی هاودەنگی لەگەڵ فەلەستین، بە شێوەیەکی تێگەیشتوو، بێهیوا کردووە. بەڕاستی زەحمەتە ئاڵنگاری دەسەڵات و بەرژەوەندییە دامەزراوەکان بکرێت لە کاتێک ڕەتیدەکەنەوە ملکەچی كۆدەنگی ئەخلاقی کۆمەڵگا مەدەنییەکان و ئەجێنداکانیان بن. بەڵام هەمیشە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی زۆر قووڵ هەیە لەوەی کە ئایا دەتوانرێت گروپە ناباوەكان دەسەڵاتی كاریگەریان هەبێت بە گۆڕینی ئەمجۆرە گوتارە بە شێوەیەكی كاریگەر.

لە ساڵی ١٩٨٢، لە دوای یەکەم داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئێدوارد سەعید بابەتێکی بە ناوی “مۆڵەتی گێڕانەوە” نووسی و تێیدا داوای لە فەلەستینییەکان کرد خەباتی خۆیان درێژ بکەنەوە بۆ کایەی نوێنەرایەتی و وەشانی مێژوویی یان گێڕانەوە. ئیدوارد سەعید جەختی لەوە کردەوە کە هاوسەنگی ڕاستەقینەی دەسەڵاتە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکان بەو مانایە نییە کە بێدەسەڵاتەکان خاوەنی توانای خەباتکردن نین لەسەر بەرهەمهێنانی مەعریفە.

جا ئەم جۆرە بەرهەمهێنەرانە لە فەلەستین، یان بەناوی فەلەستین، ڕاستەوخۆ گوێیان لە سەعید گرتبێت، یان بە هەر شێوەیەک بێت بە درێژایی ئەم هێڵانە بیریان دەکردەوە، هەرچۆنیك بێت بەڕاستی ئەم پڕۆژەیە بە جددی دەستی پێکردووە. مێژوونووسی ئەکادیمی فەلەستین و “مێژووی نوێ” لە ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە لە پووچەڵکردنەوەی هەندێک لە بانگەشە بێماناکانی ئیسرائیل سەبارەت بەو ڕووداوانەی كە لە ساڵی ١٩٤٨ ڕوویانداو و تا ڕادەیەکی کەمتر توانیبووی وێنای ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین (PLO) وەک ڕێكخراوێكی تیرۆریستێکی تەواو پووچەڵ بکاتەوە.

بەڵام پێدەچێت پێداچوونەوەی مێژوونووسی و دانانی تۆمارەکە بە دروستی کاریگەری لەسەر پرۆسەی ئاشتی نەبووبێت کە ساڵی ١٩٤٨ بە تەواوی پشتگوێ خراوە. پێدەچێت نەبوونی گێڕانەوەکە و گفتوگۆی مێژوویی سەبارەت بەوەی کە لەم سەردەمەدا وەک پرۆسەی ئاشتی تێدەپەڕێت، خزمەتێکی باشی نوخبە سیاسییەکانی ئەو ڕۆژە بکات- لە هەر دوو لای دابەشبوونەکە و لە جیهانیشدا- بە گشتی. ڕوونە كە هیچ هاندەرێک بە هیچ شێوەیەک نییە بۆ گۆڕینی ئەو گوتارە هەژموونگەرییەی کە پێدەچێت بە تەواوی قبوڵکراو بێت، چونکە داوای گۆڕانکارییەکی تەواو ناكات لەسەر ئەرزی واقیعدا.

جا هەروەک ئیدوارد سەعید پێشنیاری کردووە، دەتوانرێت بە زمان و گێڕانەوە ئاڵنگاری ئەو جۆرە هەژموونە بکرێت. ئێمە لە کاتی پێشکەشکردنی ئەم دیدگایە نوێیەدا پێویستمان بە ڕێبازێکی هۆشیار هەیە، چونکە ئێمە نەک تەنها ئاڵنگاری زلهێزە بەهەژموونەکان دەکەین بەڵکو ئاڵنگاری قەناعەتی زۆرێک لە فەلەستینییەکان و دۆستی ڕاستەقینەی دۆزی فەلەستینیش دەکەین. لێرەوە چوارچێوەدان بەم ئاڵنگارییە وەک گفتوگۆیەک ڕەنگە یارمەتیدەرتر بێت. پێشنیار دەکەم ئەم گفتوگۆیە بە بەرهەمهێنانی فەرهەنگێکی تیۆری، تایبەت بە پرسی فەلەستین، کە وردە وردە جێگەی فەرهەنگی کۆن بگرێتەوە، بەرز بکرێتەوە. فەرهەنگە نوێیەکە کۆلۆنیالیزەکردن، گۆڕینی ڕژێم، چارەسەری یەک دەوڵەت و زاراوەی دیکەی تێدایە کە لەم لاپەڕانەی دواتر و پاشانیش لەگەڵ نوام چۆمسکی و ئەوانی دیکە باس دەکرێن کە هەوڵدەدەن ڕێگەیەک بۆ پێشەوە و دەرچوون لە کارەساتێکی بەردەوام بدۆزنەوە. بە یارمەتی ئەم نووسراوانە، هیوادارم دووبارە چاو بەو گوتارە هەژموونگەرییە بخشێنمەوە کە هەم زلهێزەکان و هەم بزووتنەوەی هاودەنگی لەگەڵ فەلەستین بەکاریان هێناوە.

بەڵام پێش ئەوەی نووسراوەکان لە فەرهەنگی نوێدا بخەمەڕوو، دەمەوێت زیاتر سەیری کەمبوونەوەی ئەو كاریەگەری ئەو گفتوگۆ کۆنە بکەم کە هێشتا زاڵە بەسەر گفتوگۆی فەلەستین لەنێو دیپلۆماتکاران، ئەکادیمیەکان، سیاسەتمەداران و چالاکوانانی خۆرئاوادا. من ئەم گوتارە بە “فەرهەنگی ئۆرتۆدۆکسی ئاشتی” ناودەبەم (لە ڕاستیدا، ئەو زاراوەیە هی من نییە؛ بەڵام بەداخەوە ناتوانم بیرم بێتەوە کە بۆ یەکەمجار لە کوێ بیستوومە و داوای لێبوردن دەكەم كە ناتوانم لەبارەی ڕەسەنێتی زاراوەكەوە بدوێم).

Published inBlogKurdi
© Sangar Najim 2023. Website developed by Web for Scholars.