ئاندرۆ زۆر بەڕشتی كاری دەكرد تاوەكو تێبینی ئەوە بكات كە نەخۆشەكانی بە چ حاڵەتێكدا دەڕۆن. ئەو، ڕۆژانە سەردانی دەكردن تاوەكو لەوە دڵنیابێتەوە كە ڕێنماییەكانی جێبەجێ دەكرێن. بەتەنها خواردنەوەی ئاوی كوڵێنراو، وای لە نەخۆشەكان كردبوو كە حاڵیان بەرەو باشتر بچێت. بۆیە ئاندرۆ بە تەوسەوە لەناخی خۆیدا گوتی: “پلانەكەم سەری گرت”.
پاشان، ڕۆژێك بەر لە نانی نیوەڕۆ و لەمانگی تشرینی دووەم دا، تەلەفۆنێكی لەلایەن دكتۆر دێنی یەوە بۆ هات.
“كارێكی زۆر گرنگم پێتە، ئایا دەتوانیت كاتژمێر سێ بگەیتە لام؟”.
“بەدڵنییایەوە، كاتژمێر سێ لای تۆ دەبم”.
بەدرێژایی نانی نیوەڕۆ، ئاندرۆ لە ڕامانێكی قووڵدا ڕۆچوو بوو، بیری لەوە دەكردەوە كە ئاخۆ دەبێت چ كێشەیە لە ئارادا بێت. لەولاشەوە خاتوو پەیج تێبینی ئەو دڵەڕاوكێیەی ئاندرۆی كردبوو، هەربۆیە بە گومانەوە پرسیاری لێكرد:
“ئەوە كێ بوو تەلەفۆنی كرد؟ دێنی بوو، ها؟ چەند جار پێم گوتی ئەو كابرایە سەر بەكێشەیە؟ ئەی پێم نەگوتی! بەڕاستی ئەو دێنیە دكتۆرێكی خراپە! دەرمان بە نەخۆشەكانی نادات و سەرەڕای ئەوەش كە زۆر قسە لەڕووە. چاكتر وایە هیچ سەر و سەودایەكت لەگەڵدا نەبێت و لەئێستاوە من بینینی ئەوت لێ قەدەغە دەكەم!”.
ئاندرۆ بە تووڕەییەوە:
“دەزانی تۆ زۆر بەهەڵەدا چوویت خاتوو پەیج، من بەتەواوی لەوە دڵنیام. بەڕاستی هەر لەو ڕۆژەوەی كە هاتوومەتە ئێرە، ئەوەم بۆ دەركەوتووە كە دكتۆر دێنی كەسێكی زۆر یارمەتیدەرە. جا بەراستی ئەگەر یارمەتی ئەو نەبووایە خۆ من هەر نەمدەتوانی ئەو كارە بكەم”.
لەگەڵ ئەم قسەیەدا، خاتوو پەیج بەردێكی لەسەر بابەتەكە دانا و دواجار هەردووكیان بەدرێژایی نان خواردنەكە لە بێدەنگیدا مانەوە.
كاتژمێڕ سێ بوو كاتێك ئاندرۆ گەیشتە ماڵی دكتۆر دێنی، و هێشتا سڵاوی نەكردبوو كاتێك یەكسەر دكتۆر دێنی هەواڵەكەی پێ ڕاگەیاند!
“جۆنی -تازە لاو- ئەم بەیانییە مرد! هەروەها من دووحاڵەتی تری تای تیفۆم هەیە”.
ئاندرۆ هیچ قسەیەكی بۆ نەهات، و دێنی بەجۆرێك لە تووڕەییەوە گوتی:
“لەوە ناچێت زۆر دڵخۆش دیاربیت، سەیركە خۆ تۆ هێشتا تەواو سەركەوتنت بەدەست نەهێناوە. من لەڕاستیدا هەرگیز پێشبینی ئەوەم نەدەكرد بەوە دڵخۆش بیت، كە حاڵەتی نەخۆشەكانی تۆ بەرەو چاكتر دەچن، لەكاتێكدا ئەوانەی من حاڵیان خراپتر دەبێت. بەڵام…”
“نا، نەخێر” ئاندرۆ قسەكەی پێبڕی.
“من زۆر داوای لێبوردن دەكەم. سەیركە هەر بەراستی داوای لێبوردن دەكەم. پێویستە ئیتر شتێك لەو ئاوەڕۆیە بكەین و نامەیەك لەم بارەیەوە بنووسین تاوەكو چارەسەرییەك بدۆزرێتەوە”.
دێنێ هاواری لێ هەڵسا:
“كورە هەر بیر لە نامە نووسین مەكەوە، هیچ سودێكی نییە بەڵكو دەبێت ناچار بكرێن”.
“جا ئەو ناچاركردنە چۆن دەكرێ؟”
“بە تەقاندنەوەی ئاوەڕۆكە”.
ئاندرۆ بەجۆرێك لە بێ ئومێدییەوە گوتی:
“ناشێ بە جدیت بێت؟!”
“ئەگەرچی ئەوە كارێكی شێتانەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من بەڵێنت پێ دەدەم كە یارمەتیت بدەم”” ئاندرۆ وەهای گوت.
بەدرێژایی دوای نیوەڕۆ، ئاندرۆ كاتێك پیاسەی دەكرد، حەسرەتی ئەوەی لەدڵدا بوو كە خۆزگە بەرلەوەی بەڵێنی بدابووایە، بیرێكی لە قسەكەی كردبایەوە. چوون كارەكەی دێنی گەلێ ترسناكە و هەر لەگەڵ تەقاندنەوەی ئاوەڕۆكە ڕەنگە داهاتوو، كارو پیپشەی ئەوانیش ئیتر بۆ هەتا هەتا بفەوتێت. ئاندرۆ لەناخەوە گەلێ لە دێنی تووڕەبوو. بەڵام لەبەر پەیمانەكەی كە دابووی، نە دەیتوانی پەیمانەكەی بشكێنێت و نە دەشیتوانی دێنی دەسخەرۆ بدات.
دواجار كاتژمێر یازدە بوو كاتێك بەرەو ئامانجەكەیان هەنگاویان نا. هەردووكیان لە بێدەنگیدا شەقامەكەیان دەبڕی و لەژێر چاكەتەكیان دا تەقەمەنیان شاردبوویەوە. كاتێك لەناوچەی گلایدەر، گەیشتن بە سەرچاوەی ئاوەڕۆكە. سەری ئاوەڕۆكەیان لابرد و بە لایتێك سەیری ناوەوەیان كرد. دێنی ئاماژەیەكی كرد و گوتی:
“ئاندرۆ، سەیری ئەو درز و كونانەی پاڵ دیوارەكە بكە، بەجوانی سەیریان بكە”.
دێنی ئەمەی گوت و لەكاتێكدا لەنێو چاوانی تریسكەی ڕەزامەندی بەدی دەكرا. ئیتر ئەوەبوو هەردووكیان لەبێدەنگیدا كاریان دەكرد و لەوەش زیاتر هیچی دیكەیان نەگوت. دواجار تەقەمەنییەكەیان خستە نێو ئاوەڕۆكە و پاشان ڕایان كرد تاوەكو ژیانی خۆیان ڕزگار بكەن. دوای ئەوەی مەودایەكەی باش دووركەوتبوونەوە، گوێبستی تەقینەوەی یەكەم بوون، پاشان پێنج تەقینەوەی دیكەی بەدوا داهات. ئاندرۆ دڵی خۆشەوە گوتی:
“دێنی، دواجار ئەنجامت دا و سەری گرت”
“بەڵێ، ئەمە ئیتر دەبێت كۆتایی هێنان بەو نەخۆشی و نەهامەتییەی كە هەیە”.
لەگەڵ تەقینەوەكەدا، هەموو دەرگا و پەنجەرەكان كرانەوە و خەڵكی تەواو ڕژانە دەرەوە. بەسوود وەرگرتن لەو هەموو قەڕەباڵغییە، دێنی و ئاندرۆ بۆی دەرچوون و بەرەو ماڵەوە ڕۆیشتن بەبێ ئەوەی كەس تێبینیان بكات.
بەیانی ڕۆژی دواتر، دكتۆر گریفیت -كە لەلایەن بەرپرسانی ناوچەكە نێردرابوو- هات. ئەو، لەلایەن خەڵكییەوە بەوە تاوانباركرابوو كە بۆ ماوەیەكی گەلی زۆرە كارەكەی خۆی پشتگوێ خستووە. لەكاتێكدا خەڵكی لە قسەكانیان تەواو بوون و گلەییەكانی خۆیان دەردەبڕی، دكتۆر گریفیت بەرەو لای دێنی و ئاندرۆ هەنگاوی نا، كە لەلایەكی قەڕەباڵغییەكە وەستابوون و گوێیان لەو خەڵكە گرتبوو.
“ئیتر من ئاوەرۆیەكی نوێتا بۆ بنیات دەنێم، جا هیوادارم ئەوە دڵخۆشت بكات دێنی” دكتۆر گریفیت وەهای گوت.
دێنی هیچ خۆی تێك نەدا و بەساردییەوە گوتی:
“من لەوەو پێش ئاگادارم كردبوویەوە. ها لەبیرتە، چەند مانگ لەمەوبەر ئاگادارم كردیەوە”.
“بەڵێ، ڕاستە ئاگادارت كردبوومەوە و بەڵام هێشتاش نهێنی و ئاڵۆزییەك لە بابەتەكەدا هەیە. باشە تۆبلی ئاخۆ ئەو كەسە كێ بێت كە بیر لە تەقاندنەوەی ئاوەرۆییەك یكاتەوە”.
ئەوەبوو بۆ ڕۆژی دووشەمەی دواتر، ڕاستەوخۆ دەستیان بە بیناتنانی ئاوەڕۆیەكی نوێ كرد.
