Skip to content

بە بۆنەی کۆتایی هاتنی کلاسی “ڕەوتگەلی نوێ لە زمانەوانی دا”

پێشكەشە بە پڕۆفیسۆر دكتۆر هیمداد عبدالقهار

لە باوەشی ساردی نیوەڕۆیەکی زستانەدا، کە بای تەزیوو پەنجەرەکانی ڕادەمووسی و بێدەنگییەک لەنێو کەمپەسی زانکۆ پیاسەی تەنیایی دەکرد، ماڵئاواییمان لە یەکێک لە بابەتە هەرە بە چێژەکانی زانکۆ کرد لەماوەی کۆڕسی دکتۆرا، ئەویش بریتی بوو لە ڕەوتگەلی نوێ لە زمانەوانیدا.
ئازیزان، تابلۆی گەورەی مەعریفە کە بە چڕی لە مێشکی زانای زماندا توابووەوە، نهێنییەکانی خۆی لەبەردەمماندا هەڵدابووەوە. ئەوەبوو دواجار لەگەڵ نزیکبوونەوەی دواهەمین کاتژمێر، خۆمان لە نێو کایەی یەکێک لە وانە پڕ لە چێژەکان بینییەوە.
لەناو هۆڵی پیرۆزی پڕ لە مەعریفە و زانین، ئەو ڕۆژە ساردەی زستان لە بەردەم گەرمی زانستی زمان و زانییارییەکانی پڕۆفیسۆرەکە خۆیان نەدەگرت و دواجار هێور هێور خۆیان بەدەستەوە دەدا.
پڕۆفیسۆرەکە خۆی شاکارێک بوو، و لێزانانە وەک هەموو جار وانەکەی بەڕێوەبرد و کەلەبەرەکەنی مێشکی جەنجاڵی ئێمەی بە وشەگەلی پڕ لە حیکمەت ڕۆشن دەکردەوەو وەک ئەوە وابوو، گڵۆپێکی زەردی هێورکەرەوە لە ڕۆژانی هەوری ڕەش و تاریکی زستاندا ئارامی ببەخشێت.
ڕەنگە بەر لە ئێمە، ڕیشاڵی سەهۆڵاوی زستان؛ نمایشی خۆی کردبێت و بە دیوارەکانی هۆڵەکەدا هاتبنە خوارەوە، بەڵام تەنانەت لە ناوەڕاستی ئەم باوەشەی جەمسەری باکووردا، گەرمی زانین ئاگرێکی گەورەی لەناو ئێمەدا هەڵگیرساندبوو. ئاگرێک بوو کە سەرمای سەرکوت دەکرد، چونکە بە سۆزی دۆزینەوە و تامەزرۆیی هەڵدانەوەی ئەو نهێنییانەی کە لەبەردەمماندا پەردەیان لەسەر بوو، دەسوتێت.
دواجار لەگەڵ زایەڵەی دوا نۆتەکانی حیکمەت، ئێمە خەریک بوو درک بە ڕۆژانی زێڕین بکەین. لەو ساتەدا ئێمە تەنیا وەک خوێندکار نەبووین، بەڵکو وەک پارێزەری زانست وەستاین، کە پاراستنی بڵێسەی ئەو و هەڵگرتنی مەشخەڵەکەی بۆ جیهان پێسپێردرابوو.
لە کۆتاییدا، دەبێت هەموو قوتابییەکان تەواو درکیان بەوە کردبێت کە ئەوە گەرمی مەعریفەیە هۆڵە ساردو سڕەکانی زانکۆ گەرم دەکاتەوە، ئەوە گەرمی و تینی پڕۆفیسۆرەکە بوو، کە خەریک بوو تروسکاییەکی لەنێو دڵی ئێمەدا هەڵگیرساند بوو…
کۆتاجار، هاتینە دەرەوە و جانتامان پڕکرد لە میراتی پڕۆفیسۆرە ئەزیزەکە، و دوا وێنە یادگاریمان چرکان.

Published inBlogKurdi
© Sangar Najim 2023. Website developed by Web for Scholars.