Skip to content

لە دەستپێكی نوێ؛ كۆتایی بەو كارو پڕۆژانە بێنە، كە دەستت پێكردبوون

زۆرێكمان لە سەری ساڵ و بۆنە و دەستپێكەكانمان، پلان و بەرنامەگەلی نوێ دادەنێین و تا ماوەیەك خۆمانی پێوە خەریك دەكەین، و پاشان وەك ئەوەی نە بای بووبێت و نە باران، دەچینەوە نێو قۆزاخەی خۆمان و هەمووی وەلا دەنێین. زۆرێك لە ئێمە تەنانەت لە دەستپێكە نوێیەكانی وەك دەستكردنەوە بە دەوامی قوتابخانە (جا وەك مامۆستا یان وەك قوتابی)، یان چوونە زانكۆ، دەستكردن بە كارێك و وەرگیرانت لە شوێنێك، هتد. سەرەتا خەریك دەبین چەندین بەرنامەی نوێ دادەنێێن و بەڵێن دەدەین كە ئەو بەرنامانە جێ بەجێ بكەین، بەڵام هەرزوو دوای ماوەیەك تووشی پووكانەوەی هیوا دەبین و بەهەر هۆكارێك بێت بەردەوام نابین!
لەم سەرەقەڵەمە خێرایە، هەوڵدەدەین سەرنجتان ڕابكێشین بۆ چەند خاڵێك كە پێویستە هەموومان ئاگاداربین لە كاتی هەر دەستپێكێك:
یەكەم: ئەوەی دەستت پێكردبوو، تەواوی بكە!
جارێ بەر لەهەموو شتێك دەستت هەڵمەگرە، تۆ لەوەو پێش ڕەنگە ئامانج و پڕۆژەگەلی زۆر جوان و بەرز و بە بەهات هەبووبن، لەوەش زیاتر ڕەنگە تاوەكو نیوەی ڕێگا چووبیت و زۆر شتت ئەنجام دابێت. كەچی ئێستا لەپڕ لەژێر هەر ناو و نیشانێكدا بێت، دێیت و بەناوی بەرنامەگەلی نوێ هەموو ئەو شتانە وەلا دەنێێت. ڕاستە شتێكی زۆر باشە هەمیشە بەرنامە و پڕۆژەی نوێت هەبێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوەی نییە كە واز لە كارەكانی ترت بێنیت و وەیان بەنیوە چڵی جێیان بهێڵیت. ئەگەر تەنها جارێك كار و بەرنامە و پڕۆژەكەت تەواو بكەیت، ئینجا دەزانیت چ چێژێك لەمەدا هەیە!
(بە بیرت دەهێنمەوە، فەرموو ئاڵنگاری دەروونی خۆت بكە و كارەكانی لەوەو پێشت تەواو بكە!).

دووەم: ئەزموونی نوێ تاقی بكەوە، لە پێناو تەواوكردنی كارەكانی پێشووترت.
لە ڕاستیدا، یەكێك لەو هۆكارانەی كە بەگشتی وا لە مرۆڤ دەكات ساردبێتەوە، ئەوەیە كە ڕەنگە لە شتێك یان گرێبەك تێكەوتبێت و نەتوانێت لێی دەربچێت، دواجار بەم هۆیەوە بێ تاقەت دەبێت و دەست لە كارو پڕۆژەكانی هەڵدەگرێت. یەكێك لە ڕێگا سەركەوتووەكان ئەوەیە كە ئەزموونی نوێ تاقی بكەیتەوە تاوەكو سەرلەنوێ جۆرێك لە وزەو هەروەها بیرۆكەی نوێ بدەیتەوەو خۆت و ئەمجارە بە گڕو تینێكی تر دەست پێبكەیتەوە. شتێكی ئاساییە لەگەڵ ئەزموونە نوێیەكانی بیرۆكەی نوێت بۆ دروست بێت و بتەوێت دەست بە كارو پڕۆژەی تر بكەیت، بەڵام بەهیچ جۆرێك نابێت دەست لە كارو پڕۆژەكانی پێشووتر هەڵبگریت وەیان بە كەم سەیریان بكەیت.
(بیرت دەخەمەوە، ئەزموونی نوێ هەمیشە وزەو بیرۆكەی نوێت پێدەبەخشێت و دەشێت زۆر سوودمەند بێت بۆ تەواوكردنی كارەكانی لەوەو پێشت).

سێ یەم: ئەگەر تەنها بۆ جارێكیش بێت، لە دونیای تیۆری وەرە دەرەوە!
ئەگەر تۆ هەر كارو پڕۆژە و خولیایەكت هەیە، دەمێكە بە شێوەیەكی تیۆری كاری بۆ دەكەیت، ئەوا پێوستە ئەمجارە لە دونیای تیۆری بێیتە دەرەوە و ڕووبەڕووی دونیای ڕاستەقینە ببیتەوە. تەنانەت ئەگەر تۆ بە تیۆریش كارت نەكردووە، بۆ نموونە نووسەریت، یان وەرگێڕیت و كاری چاكت ئەنجام داوە، دەی فەرموو ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ڕووبەڕووی جیهانی ڕاستەقینە ببیتەوە و كارەكانت بە چاپ بگەیەنیت.
(ئەمجارەشیان بیرت دەخەمەوە، لەنێو دونیای خەیاڵی خۆت وەرە دەرەوە و ڕووبەڕووی جیهانی ڕاستەقینە ببەوە)

لە ڕاستیدا، دەشێت ئەم لیستە زۆر درێژ بكەینەوە، بەڵام لەوە زیاتر ڕەنگە ببێتە هۆی بێ تاقەتی. كەوابوو، زۆر بە كورتی ڕەنگە باشترین شت لە كاتی دەستپێكە نوێیەكان بریتی بێت لەوەی كۆتایی بەو كارو پڕۆژانە بێنیت كە لەوەو پێش دەستت پێكردبوون. لە هەمان كاتدا، زۆر گرنگیشە كە بەرنامە و كارو پڕۆژەی نوێت هەبێت. هیچ كات ناتوانیت لە دەستخستنی ئامانجێك سەركەوتوو بیت، ئەگەر هاتوو لەوەو پێش كارەكانت بە نیوەچڵی جێ هێشتبوون و ئەمەت كردبوو بە خوو!
ئاساییە كە هەندێك جاران كارەكانت جێبێلێت و دەست بە پڕۆژەی نوێ بكەیت، بەڵام هەروەك ئاماژەمان پێدا، نابێت ئەمە ببێت بە خووت! كارو پڕۆژەی وا هەن، كە ڕەنگە زۆر درێژخایەن بن و ساڵانێك و بگرە تەمەنێكی بوێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە بۆ هەتا هەتا دەستی لێ هەڵبگریت.

Published inBlogKurdi
© Sangar Najim 2023. Website developed by Web for Scholars.