جێفری نەنبێرگ لە 1ی حوزەیرانی 1945 لە ئەمریكا لەدایك بووە و لە 11ی ئابی 2020 لە ماڵەكەی خۆی لە سان فڕانسیسكۆ و لە تەمەنی 75 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. ئەو، زمانەوان و مانا-ناس و فەرهەنگ نووسێكی ناسراوبوو. لەساڵی 2001 بوو بە خاوەنی خەڵاتی زمانەوانی و بەرژەوەندیی گشتی لەلایەن كۆمەڵەی زمانەوانانی ئەمریكی، بەهۆی ئەوەی كە دەستێكی باڵای هەبوو لە ناساندن و دەرخستنی كاریگەری زمان و سیاسەت. هەروەها ئەو بە یەكێك لەو كەسانە دەژمێردرێت كە لەبواری سیمانتیك (واتاسازیی) دا دەستی باڵایان هەبووە. بە پلە یەكیش ڕوونكردنەوە و ئاسانكردنی زانستی زمان و بۆ خەڵكی بەگشتی (وەیان بۆ ئەوانەی كە زمانەوان نین). نەنبێرگ لە ساڵی 1977 لە زانكۆی نیویۆڕك بڕوانامەی دكتۆرای بەدەست هێناوە، پێشتریش لە زانكۆی پەنسلڤانیا بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێنابوو. دوای ئەوەش لەچەندین زانكۆی بەناوبانگ دەستی بە وانە گوتنەوە كردووە. نەنبێرگ چونكی لە واتاسازیی كاریكردووە، بۆیە ئەندام بووە لە American Heritage Dictionary و دواتریش بووەتە سەرۆكی فەخریی ئەم كۆمەڵەیە. بەمجۆرەش ئەم كارە پەلكێشی كردووە بۆ یەكێك لە باسە هەرە پڕ مشتومڕەكانی واتاسازیی كە ئەویش دیاردیدەی “فرەواتایی” polysemy یە. من بەش بەحاڵی خۆم لەكاتی خوێندنی ماستەرم سودێكی زۆرم لە ڕوانگەكانی بینی سەبارەت بە دیاردەی فرەواتایی. جێفری نەنبێرگ وەكو نوام چۆمسكی و ستیڤن بینكر؛ لەدەرەوەی پسپۆریی خۆیاندا زۆر بەناوبانگن. زۆرجارانیش كاریگەری زمانەوانی لەسەر بوارەكانی دیكەی دەرخستووە. لەكتێبی Going Nucular باسی ئەوە دەكات كە بۆچی جۆرج بۆشی كوڕ ئەم وشەیە بە “nuclear” دەخوێنێتەوە! ئایا لە باوكی (جۆرج بۆشی باوك) فێربووە، وەیان لەنێو پنتاگۆن ئەم خوێندنەوەی هەڵگرتووە! هەروەها لەكتیبی “Ascent of the A-Word: Assholism, the First Sixty Years” باس لە ئیتمۆلۆژی (ڕیشەناسیی) وشە دەكات؛ كە چۆن مانای ئەم وشانە بۆ پێكەنیناوی و یان وشەی گاڵتە و تەشەر دەگۆڕێت كاتێك لەبری ئەوەی لەسەر جەستەی كەسێك بەكاربێت، ئەوا لەسەر خودی كەسێتییەكە بەكاردەبرێت لەپاڵ كاریی ئەكادیمی و بڵاوكردنەوەی چەندین توێژینەوە، چەند كتێبێكی هەیە و هەروەها خاوەنی چەندین وتارو بەرنامەی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیە.
Linguist, Academic, Translator
