Skip to content

ڕۆمانی قەڵاكە

ڕۆمانێك دەربارەی گەندەڵی دكتۆران

بەشی دووەم: گرانەتا

ئەو، لەو هەستە نوێیەدا بەتەواوی نقووم ببوو، كە خەڵكی ئێرە پێویستیان بە ئەوە. ئەوەبوو یەكسەر بۆ شوێنەكە ڕۆیشت. ئەمە یەكەم حاڵەت بوو لەسەرەتای كاركردنی و تەنانەت لەم كارەی كە ئیتر دەبێت بە پیشەی داهاتووی. هەستیكرد كە شتێكی سارد ڕووخساری داپۆشیوە! ئاخۆ دەتوانێت جێگەی ئەو بگرێتەوە؟ دواجار ئەم بیرۆكە نەرێیانە وەلانا و بەرەو شەقامە پڕ لە تاسەكە هەنگاوی دڵنیایی نا. ئەگەرچی هێشتاش هەر باران بوو، دونیا ئەنگوستەچاو بوو، و چاوانی ئەو بە تاریكی ڕاهاتبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەریك بوو كوچە و كۆڵانەكانی شارۆچكەكە لەبەردەمی ئاندرۆدا ئاشنایی دەنواند. لەڕێگادا، دوكان و كڵێسەی گەورە و سارد و سڕ، لەهەموو شوێنێكی شەقامەكە بەدی دەكران. لەپشت شەقامەكەوەش، خانووی بچووك، كۆن و پیس؛ لەهەردوولای شارۆچكەكەدا ڕیزیان بەستبوو. لەولاوەش، بەهۆی كار و كاریگەری كانە خەڵووزەكانی دریفنی، ئاسمانی تەڕ دەدرەوشایەوە. دواجار، ئاندرۆ گەیشتە خانووی ژمارە 7، ناوچەی گلایدەر. هەناسەیەكی قووڵی هەڵمژی و ترسی وەلانا و لە دەرگای دا.

ئەو، یەكسەر لەگەڵ هاتنە ژووری دا، بۆ لای ئافرەتێكی گەنج ڕێنوێنی كرا، كە خێزانی یەكێك لە كرێكارەكانی كانە خەڵووزەكە بوو بەناوی ویلیامز. لە ناندینەكە دا – كە نەخۆشەكە تیایدا ڕاكشابوو – ئاندرۆ ترسێك بەسەریدا زاڵبوو. چوون ئیتر ئەوە بەرپرسیاریەتی ئەو بوو كە بزانێت نەخۆشییەكەی ئەم ئافرەتە چییە، لەوەش زێتر چارەسەریشی بۆ بدۆزێتەوە. چونكە ئەو چیتر لە كۆلێژ نییە و ئیتر خۆ هیچ كەسێكیش لێرە نییە تاوەكو ئامۆژگاری بكات، بەڵكو دەبوو پشت بە خۆیی و بڕیارە چارەنووسسازەكەی ببەستێت. ئەوەبوو لەدڵی خۆیدا دوعای خوێند تاوەكو سەركەوتوو بێت. جا لەكاتێكدا كە بەسەرنجی وردەوە سەیری ئافرەتەكەی دەكرد و دەیپشكنی، ئاندرۆ وا هەستی كرد كە چاوانی پڕ لە دڵەڕاوكێی مێردی ئافرەتەكە، خەریكە لە پشتییەوە دەردەپۆقن!

ئاندرۆ ئەگەرچی هەوڵیدا ئاسایی دەربكەوێت، بەڵام لەهەمان كاتیشدا هیچ شتێك بە بیریدا نەدەهات كە ئاخۆ چی بۆتە هۆكاری ئەم گرانەتا قوڕس و گەرمە، كە خەریكە جەستە ئەم ئافرەتە دەسووتێنێت. دواجار، هەموو ئەو پرسیارە بێ وەڵامانەی وەلا نا و ڕووی لە مێردی ئافرەتەكە كردو پرسی:

“ئایا خێزانەكەت سەرمای بووە؟”

ویلیامز بە خێرایی وەڵامی دایەوە: “بەڵێ دكتۆرگیان، چەند ڕۆژێكی كەم لەمەوبەر.

ئاندرۆ بە تۆنێكی موژدە بەخش: “كەوابوو نیگەران مەبە، هەوڵدەدەم وابكەم كە بەم زوویانە حاڵی چاكتر بێت. دوای نیو كاتژمێری تر، لە ژووری برینكارییەكە سەردانم بكە، تا ئەو كاتە من دەرمانەكەم بۆ ئامادە كردووە”.

ئەوەبوو هەر ڕێك دوای ئەوەی لەم ماڵە چوویە دەرەوە ڕاستەوخۆ بەرەو شوێنگەی برینكارییەكە ڕۆیشت. لە ماڵۆچكەیەكی كۆنی دارین و لەنێو باخچەكەی دكتۆر پەیج. ئاندرۆ كە خەریك چراكەی دادەگیرساند، بیری لەوە دەكردەوە كە ئاخۆ ئەمە دەبێت چ نەخۆشییەك بێت كە ئەم ئافرەتە وا بەدەستییەوە دەناڵێنێت! دەی خۆ ئاندرۆ چاكی دەزانی كە سەرمابردەنییە و ئەسڵەن سەرمابوون هۆكاری نەخۆشییەكەی كوشندەی لەمجۆرە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لەبیركردنەوەدا نغرۆ ببوو، بەڵام هیچ وەڵامێكی ئەقڵانی ئەوتۆی دەست نەكەوت. ئەو، هیچ لەنێو بیركردنەوەكانیدا ڕۆچووبوو، كاتێك لە پڕ زەنگی دەرگاكە لێدرا. دەرگاكە پاڵی پێوەنراو و كرایەوە، كابرایەكەی قەڵەو – كە لە سییەكانی تەمەنیدا بوو – هاتە ژوورەوە و سەگێكیشی لەگەڵدا بوو. كابرایەكی داماو، قاتێكی كۆن و پێڵاوێكی دڕاوی لەپێدا بوو. بەڵام شتێك لەم پیاوەدا وەدی دەكرا، كە وای لێدەكردی هەست بكەی ئەمە كەسێكی دڵسۆز و متمانە پێكراوە. بۆ چەند كاتێكی كورتخایەن، پیاوەكە لەبەردەم چاوانی ئاندرۆ گیرسایەوە -ئەمە بەرلەوە كە دەست بە قسەكردن بكات-:

“بێرەدا ڕەت بووم، و بینیم كە ڕووناكییەكە داگیرساوە. بۆیە بڕیارمدا كە بێم و بەخێرهاتنت بكەم. من دێنیم، هاریكاری دكتۆر نیكۆڵاسم”.

لەوەدەچوو كە دێنی چاوەڕێی هیچ وەڵامێك نەبووبیت، هەروەك چۆن ئاندرۆش هیچ وەڵامێكی پێنەبوو. دێنێ، بەرەو پێشەوە هەنگاوی نا بۆ لای بوتڵەكان و یەكێك لە بوتڵی دەرمانەكانی هەڵگرت و بۆنێك كرد و پاشان دایناوە.

“نایابە!” بەجۆرێك لە گاڵتەوە ئەم قسەیەی كرد.

“همممم، كەوابوو تۆ دەستت بە كارەكە كردووە. كارە بێ ماناكە! هەركاتێك گومانت بۆ دروست بوو و نەشتزانی نەخۆشییەكە دەست نیشان بكەیت، ئەوا هەر تەنها دەرمانێكی پێبدە”.

دێنێ بەردەوام بوو لەسەر قسەكانی و گوتی: “ئەم دەرمانە، هەر سێ كاتژمێر جارێك بخورێتەوە ئەوا ئەزیەتی نییە و هیچ كەس ئازار نادات، بەڵام لەهەمان كاتیشدا چارەسەی هیچ كەسێكیش ناكات”.

بێدەنگییەكی سەیر باڵی بەسەر ژوورەكەدا كێشا. لەپڕ دێنی پێكەنی و گوتی:

“تۆ بۆچی لێرەیت، ها بۆ هاتوویت بۆ ئێرە؟”.

ئاندرۆ گەلێ ڕقی لێ هەڵساو بە تووڕەییەوە وەڵامی دایەوە:

“من دەمەوێت دریفنی بگۆڕم بۆ سەنتەرێكی پزیشكی بەناوبانگ”.

دێنی پێكەنی و پاشان ئەمجارە بە ڕشتی وەڵامی دایەوە:

“گوێبگرە ئاندرۆ، تۆ هێشتا هەر گەنجی، جا بۆئەوەی لێرە بمێنیتەوە و بەرگەی ئێرە بگریت ئەوا دەبێت دوو شت بزانیت. یەكەم: سیستەمی تەندروستی لە دریفنی وێرانە، تۆ هەرگیز ناتوانیت ئەو شتە بدۆزیتەوە كە نەخۆش وەیان دكتۆر پێویستیەتی. ئەم شوێنە بە كەڵكی هیچ ڕاهێنانێكی تۆكمە و چاك نایەت تاوەكو ڕاهێنانە پزیشكییەكانی تێدا ئەنجام بدەیت. ئێمە لێرە نە ئەمبوڵانسمان هەیە و نە تیشك، كورە تەنانەت هەر نەخۆشخانەشمان نییە. هیچ هیچ شتێكمان نییە. لێرە نەخۆش لەسەر مێزی نانخواردن نەشتەگەری بۆ ئەنجام دەدرێت. شوێنەكە تا ئەو ڕاددەیە ناتەندروستە، كە خەڵكی زۆرجاران بە گرانەتا دەمرن. ئەمەش عادەتەن بەهۆی ئاوی پیسبووەوەیە. دكتۆر پەیج، دكتۆرێكی زیرەك بوو، بەڵام ئەو ئێستا نەخۆش كەوتووە و بەدڵنییایەوەش چاك نابێتەوە. نیكۆڵاس، خاوەنكاری من، كەسێكی چاوچنۆكەو هەر تەنێ بیر لە پارە دەكاتەوە. هەروەها بارنوێڵ -كە ئەمەیش دكتۆرێكی تری ئەم دەڤەرەیە- بەكەڵكی هیچ نایەت. سەبارەت بە منیش، ئەوا من هەمیشە هەر سەرخۆشم و دەخۆمەوە. هممم لام وابێت كە ئەمە هەموو زانیاریەكە كە دەبێت بیزانیت سەبارەت بە دریفنی. دەی هۆكینز با بڕۆین”.

بەمجۆرە بانگی لە سەگەكەی كرد. بەرەو دەرگاكە ڕۆیشت، بەڵام بەرلەوەی كە پێ بنێتە نێو شەوی تاریك و باراناوی، ئێستێكی تری كرد و بوتڵێكی تری هەڵگرت:

“ئایا تۆ تاوەكو ئێستا بیرت لە تای تیفۆ كردۆتەوە لەناوچەی گلایدەر؟”.

ئاندرۆ ئەو شەوە بۆماوەی چاو تروكانێكیش نەخەوت، بەڵكو هەر لەبیری ئەوەدا چووبوو كە ئاخۆ ئەمە تیفۆیە یانەخۆ نا. ئاندرۆ تەواو سەری لێ شێوا بوو. چوون ئەمە یەكەم كەیسی ئەو بوو، هەروەها تەواو كەوتبووە ژێر ئەو بیركرنەوەی كە ئاخۆ ئەو هیچ شتێك دەربارەی دەرمانسازی دەزاتێت یان نا.

سپێدەی ڕۆژی دواتر بەخێرایی پارووە نانێكی خوارد و یەكسەر چوو بۆ ژووری برینكارییەكە. كە گەیشتە ئەوێ، جەنگینز لەوێ بوو. خەریكی تێكەڵكردن و ئامادەكردنی دەرمانەكان بوو. جەنگینز گوتی:

“دكتۆر گیان تۆ چ پێویست دەكات ئاوا زوو بێیت؟ ئێ خۆ من دەزانم ڕێنمایی نەخۆشان بكەم و تەنانەت دەرمانیشیان پێ بدەم. بۆیە هیچ حاجەت بەوە نییە كە تۆ دیدەنییان بكەیت”.

ئاندرۆ ئەگەرچی تووشی شۆك ببوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ساردی وەڵامی دایەوە:

“سوپاس، بەڵام من بۆیە لێرەم تاوەكو چاوم پێیان بكەوێت. ئەمە كاری منە و هیواخوازم بە چاكیش كارەكەم ڕاپەڕێنم”.

پاشان ئێستێكی كردو پرسی:

“ئەم دەرمانانە چین كە تۆ دەیانخەیەتە نێو ئەم بوتڵانە و كێ داوای كردوون؟!”

جەنگینز لە شێوەی منداڵێكی شەرمن، زەردەخەنەیەكی كردوو و گوتی:

“دكتۆرگیان ئەمانە ئاون ئاو، من هەرتەنها ڕەنگیان تێدەكەم تاوەكو وا دەربكەون كە دەرمانن. نەخۆشەكان ئەوە نازانن. چونكە لە بنەڕەتدا هەمووی پەیوەندی بە قەناعەتەوە هەیە. ئیتر ئەوان باوەڕیان وایە كە ئەمە چاكیان دەكاتەوە هەربۆیە ڕاست دەردەچێت و چاك دەبنەوە”.

ئاندرۆ دۆش دامابوو و هیچی نەبوو بۆ گوتن. دواتر تۆماسی پیرەپیاو، ئاندرۆی بەرەو ناوچەی گلایدەر برد. ئەو لەبەردەم ژمارە حەوت وەستا، و ئاماژەی بە شەش خانووەكەی تر كرد، كە تیایدا نەخۆشەكان گرانەتا و نیشانەی تری نەخۆشیان تێدا دەركەوتبوو. لەهەر هەموو حاڵەتەكاندا، ئاندرۆ نیشانەكانی بوونی گرانەتای دۆزیەوە. بەمەش ترسی ئەوەی بۆ پەیدا بوو كە ئەمە ڕەنگە پەتای تیفۆ بێت. بۆیە بڕیاریدا هەتا زووە یەكسەر ڕاوێژ لەگەڵ دكتۆر پەیجدا بكات. ئاندرۆ پرسیاری كرد:

“باشە دكتۆر پەیج، باشترین ڕێوشوێن بۆ ڕیگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی تای تیفۆ چییە؟”.

دكتۆر پەیج لەنێو ئازاردا وەڵامی دایەوە: “گرانەتا كێشەیە، مامەڵەكردن لەگەڵیدا هەمیشە قوڕس بووە. جا بۆ پرسیار لە دكتۆر گریفت ناكەیت. ئەو، پزیشكی ئێشكگری ئەم دەڤەرەیە. پەیوەندی پێوە بكە تاوەكو یارمەتیت بدات، ئەگەرچی من دەزانم كە ئەو هەرگیز كەسێكی یارمەتیدەر نەبووە”.

ئاندرۆ بەرەو هۆڵەكە چوویە خوارەوە و زەنگی تەلەفۆنی بۆ دكتۆر گریفت لێدا.

“ئەلووو، ئەلووووو … … …”

نەخێتك بێدەنگی هەبوو، پاشان دەنگی پیاوێك وەڵامی دایەوە و پرسیاری كرد:

“كێ دكتۆر گریفتی دەوێت”

“من ئاندرۆم لە دریفنی، هاریكاری دكتۆر پەیجم. دەمەوێت دكتۆر گریفیت لەخێرایی بێتە ئێرە، من ترسم لە بڵاوبوونەوەی پەتای تیفۆ هەیە”.

“ببوورن بەڵام دگتۆر گریفیت لێرە نییە و چۆتە دەرەوە”.

ساتێك بێدەنگی زاڵ بوو، پاشان پیاوەكە گوتی:

“چۆتە دەرەوە كاری هەیە”.

ئاندرۆ هاواری لێ هەڵسا:

“جا كەی دەگەڕێتەوە؟”

“نازانم”

“بەڵام كارێكی زۆر پێویست و فریاگوزاری هەیە” ئاندرۆ وەهای گوت.

بەڵام تاوەكو ئاندرۆ ئەم قسەیەی تەواوكرد، پیاوەكە تەلەفۆنەكەی داخستبوویەوە و ئەوەبوو ئاندرۆش بە تووڕەییەوە دەسكی تەلەفۆنەكەی دانایەوە.

ئاندرۆ، ئاوڕێكی دواوەی دایەوە، ئانی؛ بینی. ئانیی خزمەتكارەكە بوو، لەدوایەوە وەستابوو.

ئاندرۆ تووشی شۆك بوو، كاتێك ئانی گوتی: “دكتۆر گریفیت هەرگیز لەو كاتانە لەماڵدا نییە، ئەو لە دەرەوەیە و بۆخۆی چێژ لە كاتەكانی وەردەگرێت و تەنانەت ئەگەر لە ماڵەوەش بێت، ئەو وا نیشان دەدات كە لە ماڵ نییە. ئەگەر من لە شوێنی تۆ بوومایە ئەوا هەر بیرم لە یارمەتی ئەو نەدەكردەوە”.

ئاندرۆ واهەستیكرد كە هیچ كەسێك نییە یارمەتی بدات، بۆیە بڕیاری دا تاوەكو داوای یارمەتی لە دكتۆر دێنی بكات. ئەگەرچیش ڕقی لەنیگەرانی و دڵەڕاوكێیەكەی خۆی دەبوویەوە، بەڵام دواجار قەناعەتی بەخۆی هێنا كە ئەویش دكتۆرێكی زیرەكە. بۆیە بەخۆی گوت:

“ئەی باشە خۆ هەر ئەو نەبوو كە پێشنیازی ئەوەی كرد ئەمە تای تیفۆ بێت!”. بەمجۆرە ئەم قسەیەی هێنایەوە بیری خۆی.

دێنی هیچ تووشی شۆك نەبوو، كاتێك بینی كە ئاندرۆ سەردانی كرد. بۆیە بەشێوەیەك لە گاڵتەجاری و تەنزئاسا پێی گوت:

“تا ئێستا هیچ كەسێكت كوشتووە؟”

ئاندرۆ بە سادەیی وەڵامی دایەوە: “تۆ لەسەر حەق بوویت. نەخۆشییەكە تای تیفۆیە، من هاتوومەتە لات تاوەكو ئامۆژگاریم بكەیت”

دێنی جۆرێك لە هەستی دڵسۆزی بە دەمارەكانی گیانیدا هات و گوتی:

“كەوابوو چاكتر وایە بێیتە ژوورەوە، فەرموو دانیشە”.

بۆ چەند كاتێك دێنی وەك بڵێی لە هەوادا ڕامابوو، ئاماژەی بە میكڕۆسكۆبێك كرد كە لەسەر مێزەكە دانرابوو و گوتی:

“ئاندرۆ، باشتر وایە كە سەیرێكی ئەمە بكەیت”.

لەڕێگەی میكڕۆسكۆبەكەو لەسەر پارچەیەكی بچووكی شووشەوە، ئاندرۆ سەیری ئەو بەكتریایەی كرد كە ببووە هۆی بڵاوبوونەوەی گرانەتایەكە. ئەوەبوو ئاندرۆ بەجۆرێك لە گرنگیپێدانەوە پرسیاری كرد:

“كەوابوو تۆش حاڵەتی تیفۆت هەیە، وایە؟”.

“بەڵێ چوار حاڵەتم هەن، هەر هەمووشیان لە ناوچەكەی تۆن. ئاوی بیرەكە لە ناوچەی گلایدەر سەرچاوەی ئەم بەكتریایەیە”.

ئاندرۆ دۆش دامابوو، لەولاوەش دێنی بەردەوام بوو لە قسەكردن:

“ئاوەڕۆكە هۆكاری ئەم كێشەیەیە.”

“ئاوەڕۆكە لەڕێگەی چەند كونێكەوە دزە دەكات و دەتكێتە نێو بیرەكە. ئەگەرچی من پێشتر دكتۆر گریفتیم ئاگادار كردۆتەوە كە بەهانای ئەم بارودۆخە بیت و شتێك بكات، بەڵام ئەو ڕەتیكردۆتەوە.”.

ئاندرۆ ئارامی لێ هەڵسا:

“بەڕاستی ئا ئەوەیە شەرمەزاری. من سوپاسی یارمەتیت دەكەم. بۆ لەمەوپاش من داوا لە هەموو نەخۆشەكانم دەكەم كە سەرەتا ئاوەكە بكوڵێنن و پاشان كە ساردبوویەوە، ئینجا بیخۆنەوە”.

دێنی بەجۆرێك لە ڕقەوە هاواری كرد:

“هەروەها پێویستە لەگەڵیدا گریفتیش بكوڵێنن”.

دێنی بەردەوام بوو:

“بەڕاستی من گەلێ خۆشحاڵم كە كەسێك هەیە بایەخ بەو مەسەلانە دەدات و  منیش دەتوانم لەگەڵیدا بدوێم. بۆیە دەڵیم تاوەكو پێتدەكرێت و لەتوانات دایە، سەردانم بكەم و لێرەدا بمبینە”.

ئاندرۆ لەڕێگەی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، بەلای ناوچەی گلایدەردا ڕۆیشت و لەوێدا ڕێنمایی بە نەخۆشەكانی دا كە سەرەتا ئاوەكان بكوڵێنن. ئاندرۆ لە بیری ئەوەدا بوو كە ئاخۆ دەكرێت لەڕێگەی كوڵاندنی ئاوەكەوە ڕێگە لەتەشەنەسەندنی ئەم گرانەتایە بگیرێت. دواتر لەپڕ بیری لەم بابەتە وەرگەڕا و چوویەوە سەر بیركردنەوە لە دێنی، و وا هەستیكرد كە زۆریش ڕقی لە دێنی نییە، بەلایەنی كەم بەقەد یەكەم دیدەنی! لەگەڵ ئەوەشدا ڕەفتاری دێنی بۆ ئەو هێشتا جێگەی پرسیار و تێرامان بوو. بۆیە بڕیاریدا كە گەڕایەوە سەیری پەڕاوە كۆنەكانی دكتۆر پەیج بكات و بزانێت ئاخۆ هیچ شتێك سەبارەت بە دكتۆر دێنی دەدۆزێتەوە یانەخۆ نا.

هەرواش بوو، چەند زانیاریەكی دۆزیەوە. دێنی لە خێزانێكی باشەوە هاتبوو. لە زانكۆی ئینگلیزی خوێندبوویی و نمرەیەكی گەلێك باشی وەدەست هێنابوو لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی لەندەن. لەڕاستیدا، دێنی دكتۆرێكی نایاب و كەسێكی بەخشندەبوو. بایەخی بە شتەكان دەدا و سەرنجی پتر لەسەر نەخۆشەكانی بوو، و هەروەها هەموو رەنج و كۆششی دەكێشا بۆئەوەی باشترینی چارەسەریان پێببەخشێت و ڕەتیدەكردەوە كە دەسخەرۆیان بدات.

دێنی هیچ ڕەچەتەیەكی نەدەنووسی، مەگەر ئەوەی زۆر دڵنیابووایە كە دەرمانەكانی نێو ڕەچەتەكە سوودیان هەیە. زۆرینەی دكتۆرەكانی ئەوێ هێندە خۆیان ماندوو نەدەكرد و هەوڵیان نەدەدا كێشەی نەخۆشەكانیان بزانن و تەنانەت دەرمانی بێ كەڵكیان پێدەدان. هەرئەمەش بوو هۆكاری ئازار و تووڕەیی دێنی. ئەو، ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی سیستەمی پزیشكی ئەوێ دەكرد و هەندێكجاریش ئەمە ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕەفتارەكانی هەبوو، و وای كردبوو تووڕەو و تۆسن دەربكەوێت.

Published inBlogKurdi
© Sangar Najim 2023. Website developed by Web for Scholars.