Skip to content

!پێنج خووی گرنگ بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت فێری زمان ببن


له‌دونیای فێربوونی زماندا، دوو جۆر له‌ فێرخواز هه‌ن، یه‌كه‌میان: ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ خێرایی و بێ ماندوو بوون فێرده‌بن، دووه‌میان: ئه‌وانه‌ن كه‌ زه‌حمه‌تی زۆر ده‌كێشن له‌ فێربوونی زماندا.

جۆری یه‌كه‌م، كه‌ به‌خێرایی فێری زمان ده‌بن، كه‌سایه‌تی خاوه‌ن متمانه‌ن و دڵنیان له‌وه‌ی كه‌ هه‌ر زمانێك بیانه‌وێت به‌خێرایی و به‌بێ هیچ قورسییه‌ك فێری ده‌بن. ئه‌وه‌ش وا له‌ ئه‌وانی تر ده‌كات وابیربكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ تایبه‌تمه‌ندن و به‌جۆرێك خه‌ڵات كراون، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وانیش هه‌روه‌ك ئێمه‌ له‌ گۆشت و خوێنن.

هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك نییه‌ له‌نێوان فێربوونی زمان و توانای جه‌سته‌یی، ئه‌ی كه‌وابوو ئه‌م هۆكارانه‌ چین وا له‌كه‌سانێك ده‌كه‌ن، كه‌ به‌خێرایی و بێ ماندووبوون فێری زمان ببن و هه‌ندێكی تریش زه‌حمه‌ت بكێشن و به‌مجۆره‌ نه‌بن؟ هۆكاری جیاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ چییه‌؟

له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ گۆشه‌نیگای ئه‌وكه‌سه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ باری سه‌رنجی هه‌ریه‌ك له‌ ئێمه‌یه‌ گۆڕانكاری له‌و شتانه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ریان ده‌گرین و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین. بۆ نموونه‌: ئه‌و فێرخوازانه‌ی كه‌ باری سه‌رنجی نه‌رێیانه‌یان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر بابه‌تێك، ئه‌وا له‌م بابه‌ته‌دا ده‌كه‌ون، ئینجا هه‌ر چه‌ندێكیش خۆیان ماندوو كردبێت و خوێندبێتیان. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌و فێرخوازانه‌ی كه‌ دیدێكی ئه‌رێیانه‌یان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر بابه‌تێك، ئه‌وا بێگومان له‌م بابه‌ته‌دا زۆر سه‌ركه‌وتوو، و نایاب ده‌بن.

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌شه‌ كه‌ خه‌ڵكانێك له‌ بابه‌تێك دا سه‌ركه‌وتوون و له‌كاتێكدا ئه‌وانی تر ده‌كه‌ون. جا كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌رگیز وریا نه‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئایا بۆ سه‌رناكه‌ون له‌م كاره‌دا و دواجاریش به‌ كۆمه‌ڵێك بیانووی زۆره‌وه‌ پاساو بۆ كاره‌كه‌ دێننه‌وه‌.

كاتێك تۆ گۆشه‌نیگا و سه‌رنجی خۆت ده‌گۆڕیت، ئه‌وا جیهانی ده‌وروبه‌رت سه‌راپا ده‌گۆڕێت. ئه‌مه‌ش مانای وا نییه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی به‌بێ ڕه‌نجێكی ئه‌وتۆ فێری زمان ده‌بن، به‌هه‌مان ئه‌زموونی تۆ نه‌ڕۆیشتوون. به‌ڵكو هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌وان زیاتر له‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ بگرن و پاساو بێننه‌وه‌، به‌دوای چاره‌سه‌ردا گه‌ڕاون.

ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌خێرایی و بێ ماندوو بوون فێری زمان ده‌بن، كۆمه‌ڵیك خوویان هه‌یه‌، كه‌ واده‌كات وه‌ك مرۆڤی-باڵا ده‌ربكه‌ون. به‌ڵام ئاگاداربه‌، ده‌شێ تۆش ببیت به‌ مرۆڤی باڵا. كه‌وابوو ئێستا با بێینه‌ سه‌ر ئه‌و خووانه‌ی كه‌ واده‌كه‌ن ببیت به‌ یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌فێربوونی زماندا متمانه‌یان به‌خۆیان هه‌یه‌:

1- پێداچوونه‌وه‌ به‌ر له‌ فێربوون.

ئێمه‌ی مرۆڤ، هه‌میشه‌ كاتێك كه‌ پێداچوونه‌وه‌ ناكه‌ین، ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه‌ ئه‌و شته‌مان بیربچێته‌وه‌ كه‌ فێریببووین. له‌بیرچوونه‌وه‌ واته‌ به‌فێڕۆدانی زۆری كات و وزه‌.

هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ كه‌ زۆر گرنگه‌ كاتێك پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌یت به‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ وه‌رزی پێشوو خوێندووته‌، بۆیه‌ واچاكه‌ چاوخشاندنه‌وه‌ بكه‌یت به‌ په‌ڕاوی تێبینی و فلاش كارته‌كان به‌ر له‌ئه‌وه‌ی بچیته‌ سه‌ر بابه‌تێكی نوێ. گه‌رهاتوو یه‌كسه‌ر چوویته‌ سه‌ر بابه‌تیكی تازه‌، ئه‌وا مانای وایه‌ كه‌ تۆ زووتر كۆڕسه‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌یت، به‌ڵام له‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر له‌بابه‌ته‌كانت بیرنه‌مابێت. واته‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر مانای وایه‌ كه‌ تۆ له‌هه‌ر ڕۆێكدا وه‌ك ئه‌وه‌ وابووه‌ كه‌ هیچ فێرنه‌بووبیت. جا بۆیه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ش كه‌ هه‌ست به‌ ماندوێتی ده‌كه‌یت، ئه‌وا پێداگربه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێداچوونه‌وه‌ بكه‌ به‌ر له‌ئه‌وه‌ی بچیته‌ سه‌ر بابه‌تی نوێ. چاكتر وایه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ فێربوویت به‌ته‌واوی له‌ مێشكتدا بچه‌سپێنیت به‌ر له‌ئه‌وه‌ی بچیته‌ سه‌ر بابه‌تی نوێ.

2- هه‌موو ڕۆژێك بخوێنه‌ و په‌ره‌ به‌خۆت بده‌ جا بۆ كه‌مێكیش بێت.

فێربوونی زمان كاتی ده‌وێت، فێرخوازی سه‌ركه‌وتوو درك به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ بایه‌خه‌ بچووكه‌كانه‌ وا ده‌كه‌ن ده‌رئه‌نجامی گه‌وره‌یان هه‌بێت. هه‌روه‌ك چۆن پێشینان وتوویانه‌ كه‌ (وڵاتی ڕۆم به‌ ڕۆژیك دروست نه‌كراوه‌ = له‌پڕ نابی به‌ كوڕ)، بۆیه‌ هه‌موو شتێك كه‌ به‌نرخ بێت ئه‌وا كاتی ده‌وێت.

باشتر وایه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ ته‌نها پێنج وشه‌ بزانیت بخوێنیته‌وه‌و ماناكه‌ی درك بكه‌یت له‌وه‌ی ڕۆژانه‌ په‌نجا وشه‌ فێرببیت و له‌كۆتایی هه‌فته‌كه‌ش هه‌موویت بیربچێته‌وه‌. فێربوونی زۆر شتێكی ئێجگار گرنگه‌، به‌ڵام گه‌ر بێت و زیاده‌ڕه‌وی تێدا بكه‌یت ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه ‌هه‌یه‌ كه‌ دواجار هه‌مووی له‌كیس بده‌یت. هه‌رگیز مه‌كه‌وه‌ هه‌ڵه‌وه‌ له‌ به‌ره‌وپێشچوونه‌كانت له‌فێربوونی زماندا، چونكه‌ وه‌كو زووتر ئاماژه‌مان پێدا، ڕه‌نگه‌ دوای كۆڕسه‌كه‌ هیچت بیرنه‌مێنێت! بۆیه‌ هه‌رگیز زۆر له‌خۆت مه‌كه‌ چونكه‌ دواجار ڕه‌نگه‌ هه‌ر له‌ فێربوون وازبهێنیت و چۆك دابده‌یت. پێنج بۆ ده‌ خوله‌ك ڕۆانه‌ بخوێنیت باشتره‌ له‌وه‌ی كه‌ دوو كاتژمێر به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بخوێنیت له‌ هه‌فته‌یه‌كدا.

3- با ئامانجه‌كانت ڕوون بێت و ئه‌و زمانه‌ی كه‌ ده‌ته‌وێت فێری ببت له‌ شتێك به‌كاریببه‌، كه‌ چێژی لێده‌بینیت.

با واقیعی بین، ده‌كرێت فێربوونی زمان جاڕسكه‌ر بێت، بۆیه‌ وا پێویست ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ هاندانێك هه‌بێت وه‌گه‌رنا دواجار وازده‌هێنیت. به‌گوێره‌ی (بنكه‌ی خزمه‌تگوزاریی ئوستڕالی بۆ نووسین) بێت، به‌كارهێنانی ئه‌و زمانه‌ی كه‌ ده‌ته‌وێت فێر ببیت له‌ كاته‌ به‌تاڵه‌كانتدا، ده‌شێ ببێته‌ هانده‌رێكی باش.

هه‌ر كاتێك بۆت ده‌لوێ ئه‌و زمانه‌ به‌كارببه‌: ئینجا له‌كاتی پشووه‌كاندا بێت، یان ئه‌سپسواری، وه‌یان پیاسه‌… ئه‌گه‌ر بێت هه‌موو ڕۆژێك ئه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌یت ئینجا بۆ كه‌مێكیش بێت، ئه‌وا مێشكت ده‌بێته‌ یارمه‌تیده‌رێكی باش له‌ قسه‌كردن به‌و زمانه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش چێژی لێده‌بینیت.

4- به‌دوای قه‌دبڕ (تووله‌ڕێ) دا مه‌گه‌ڕێ.

بۆ كارێكی قورسی وه‌ك فێربوونی زمان ڕێگه‌ كورته‌كان سه‌رنج ڕاكیش ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام فێرخوازه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان هه‌ر ته‌نها به‌دوای ڕێگه‌ ئاسانه‌كان ناكه‌ون، چوون ده‌زانن كه‌ ئه‌مه‌ به‌فیڕۆدانی كات و وزه‌ و هه‌روه‌ها پاره‌یه‌. به‌ڵكو ئه‌وان حه‌كیمانه‌ ڕێگه‌ و میتۆدێكی كاریگه‌ر هه‌ڵده‌بژێرن و تاكۆتایی له‌سه‌ر ده‌ڕۆن و ده‌ستی پێوه‌ده‌گرن.

ئه‌وان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كتێب و ئاپ(به‌رنامه‌ی مۆبایل)ییان نییه‌ كه‌ بۆ هه‌رگیزیش به‌كاری نه‌هێنن، چوون خه‌ڵكانێك هه‌ن هه‌رگیز درك به‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ چه‌نده‌ كات به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن له‌ گه‌ڕان به‌دوای ته‌كینكی فێربوونی زمان، كه‌ ده‌بوو ئه‌وكاته‌یان له‌خودی فێربوونی زمانه‌كه‌ به‌سه‌ر بردبووایه‌. بۆیه‌ ڕێگه‌یه‌كی كاریگه‌ر هه‌ڵبژێره‌ و تا كۆتایی ده‌ستی پێوه‌بگره‌ و له‌گه‌ڵی ببه‌.

5-زمانه‌ نوێیه‌كه‌ به‌كاربهێنه‌.

فێرخوازه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان كه‌ ده‌یانه‌وێت فێری زمان ببن، جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ردوو (تێگه‌یشتن و به‌رهه‌م -قسه‌-) ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ هه‌ر وشه‌یه‌ك كه‌ گوێبستی ده‌بن یان ده‌یخوێننه‌وه‌، ڕه‌نجی له‌گه‌ڵ ده‌كێشن تاوه‌كو به‌ ده‌نگ بیخوێننه‌وه‌. خوێندنی به‌كۆمه‌ڵی وشه‌كان یارمه‌تیت نادات له‌ فێربوونی زماندا، به‌ڵكو هه‌ر زوو درك به‌وه‌ ده‌كه‌یت كه‌ له‌هه‌نگاوی دووه‌مدا ده‌چیته‌ نێو گفتوگۆیه‌كی ته‌واو به‌ زمانه‌ تازه‌كه‌. جا ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت زووتر فێرببیت و زمان پاراو بیت، ئه‌وا پێویسته‌ كاتی باش ته‌رخان بكه‌یت بۆ ده‌ربڕینی، ئه‌مه‌ش به‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ هاوڕێكانت و هه‌روه‌ها نووسین له‌باره‌یه‌وه‌ ئینجا له‌ بلۆگی تایبه‌تی خۆت بیت یان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان …

ئایا تا ئێستا سه‌رنجت داوه‌ كه‌ منداڵی بچووك چۆن فێری زمان ده‌بێت؟ بێگومان له‌ڕێگه‌ی گوێگرتن و دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌كان. منداڵ ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ره‌تا له‌ خوێندنه‌وه‌ی وشه‌كان هه‌ڵه‌ بكه‌ن، به‌ڵام به‌تێپه‌ڕبوونی كات له‌ وتنی وشه‌كانیش باش ده‌بن. بۆیه‌ پێویست ناكات بترسیت كه‌ ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه‌ وشه‌یه‌كت وت، چونكه‌ دواجار هه‌ر به‌م چه‌شنه‌ تۆ فێرده‌بیت و زمانت پاراو ده‌بێت. بۆیه‌ ئیتر له‌م جۆره‌ قاوغه‌ وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ و بیرۆكه‌كانت ده‌رببڕه‌و ئه‌مه‌ش ڕاده‌ی فێربوونی وشه‌ نوێیه‌كانت زیاد ده‌كات.

ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ندێك له‌م خووانه‌ت له‌خۆتدا به‌رجه‌سته‌ كرد، ئه‌وا وانه‌و كۆڕسه‌كانت ئاسان و خۆش ده‌بن، و به‌ئاسانی و و خێرایی فێری زمان ده‌بیت و ته‌نانه‌ت زمان پاراویش ده‌بیت. كه‌وابوو، چاوه‌ڕێی چی ده‌كه‌یت؟ هه‌ر له‌ئه‌مڕۆوه‌ ئه‌م خووانه‌ به‌كارببه‌ و بیرت بێت، كه‌ چاوه‌ڕی مه‌كه‌ كاتێكی دیاریكراو بێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست پێبكه‌یت، به‌ڵكو هه‌ر له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ست پێبكه‌.

Published inBlogKurdi
© Sangar Najim 2023. Website developed by Web for Scholars.