بەرەو زاراوەی یەكگرتووی كوردی (كۆمەڵێك زاراوەی هەمەچەشنەی كوردی یە)
لیژنەی زاراوەی كوردی لە دەستەی كوردیی كۆڕی زانیاری عیراقدا دایناوە.
ئەم كتێبۆكەیە، بە قەبارە بچووك و بە ناوەڕۆك گەورە لە ساڵی 1984 لەلایەن چاپخانەی كۆڕی زانیاری كورد – بەغدا لە دووتوێی 28 لاپەڕەدا چاپكراوە. لەپێشەكی كتێبەكەدا هاتووە كە زاراوە لە هەر زمانێكدا و لە كایەكانی وەك ڕۆشنبیری، هونەر، زانست، ئابووری و ڕامیاری پانتایی گەلێ زۆری داگیركردووە و ئەمەش ڕەنگە بگات بە سەدا هەشتا. بەم پێیە بێت (زاراوە) بە بڕبڕەی پشتی هەر زمانێك لە قەڵەم دەدرێت. بوونی زاراوەی یەكگرتووش، دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵكی بەگشتی لەنێو دەفری ناوچەگەرێتی بێنە دەر. بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەی زاراوە لە كۆڕی زانیاری عیراق-دەستەی كورد (هەروەك لە پێشەكی كتێبەكەدا ڕوونكراوەتەوە) ددانی بەم حەقیقەتەدا ناوە و ویستوویەتی زاراوەی یەكگرتووی كوردی بێنێتە كایەوە. بەبڕوای ئەوان بێت، زاراوە؛ دەبێت لەسەر بناغەی چەسپاندنی یەك زاراوە بۆ یەك مانا (واتا)ی دەست نیشانكراودا بێتە كایەوە.
بەڵام ئەم ڕاستییە هەروا ئاسان نایەتە بەردەستان، ئەمەش لەبەر سێ هۆكاری سەرەكی:
یەكەم: بوون و دانانی یەك زاراوە بەرامبەر چەندین واتا.
دووەم: هێنانی ئەو زاراوانەی كە كوردی نین و لەبیركردنی زاراوەگەلی كوردی.
سێیەم: دەستوورەكانی زمانی كوردی كە بەشێوەیەكی سروشتی خۆڕسك دەوری خۆیان دەگێڕن بۆ سازكردنی زاراوەی كوردی، پەیڕەو نەكراو بەڵكو بەشێوەیەكی هەڕەمەكی گەلێ زاراوەی كوردی دروستكراون.
جا دوای ئەوەی كە لیژنە ئەم كۆسپانەی دەست نیشان كرد، هەڵسا بە دانانی چەند سەرچاوەیەك لەوانەش:
كۆمەڵیك فەرهەنگی عەرەبی
پشت بەستن بە فەرهەنگی زاراوەی قوتابخانە كوردییەكان، كە لەوەو پێش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردی دانرابوو.
هەروەها سەرچاوەیەكی تریش بریتی بوو لە پێشنیازی ئەندامانی لیژنە.
بە پشت بەستن بەم كارانە لیژنە دوو خاڵی گرنگی ڕەچاو كردووە بۆ كاركردن لەسەر زاراوەی یەكگرتووی كوردی:
یەكەم: دانان و هەڵبژاردنی زاراوەگەلی ڕەسەنی كوردی ئەگەر هەبوو، بەڵام ئەگەر نەبوو، هەروەها لەو كاتەشدا هیچ زاراوەیەكی كوردی دەست نەكەوت، ئەوا سوود لە زاراوەی عەرەبی دەبینرێت.
دووەم: ئەگەر هاتوو لەم كاتەدا نەتوانرا كە زاراوەی كوردی ساز بكرێت، ئەوا بە زاراوەی عەرەبی ڕازی دەبن.
جا لە كۆتایی پێشەكییەكە، لیژنە داوا دەكات كە ئاكامی ئەم هەوڵە ئەم كۆمەڵە زاراوەیە و هیواخوازی ئەوەیە كە پسپۆڕان و زانایانی كورد لەمە بكۆڵنەوەو هەر پێشنیارو سەرنجێكیان هەیە بیخەنە (ئینجا گۆڕین بێت یان ڕاست كردنەوە) بیخەنە بەردەست تاوەكو كاری بۆ بكرێت.
ئێستا ئەگەر سەرنجێكی گشتی لەسەر زاراوەكان بدەین، دەبینین كە لە پیتی (ئەلیف)ەوە هەتاوەكو (ی) لە خۆدەگرێت.
لە ڕاستیدا، زاراوەكان لە عەرەبییەوە بۆ كوردی دانراون، هەروەها لەوە دەچێت كە هەندێك لە زاراوەكان لە بەرامبەر پتر لە واتایەك دانرابن! كە ئەمەش پێچەوانەی ئەو بناغەیەی سەرەتایە، و هەروەها پەپڕەوكردنی هەمان كێشەكانە (بڕوانە خاڵی یەكەم لە كۆسپەكان). بەڵام وەكو لەوەو پێش ئاماژەی پێدرا ئەمە هەوڵێكی گەفرە باش بووە. خاڵیكی تر كە ئاماژەی بۆ نەكراوە و ڕوون نەكراوەتەوە، ئەوەیە كە ئاخۆ كاتێك زاراوەیەك لە بەرامبەر چەند مانا دانراوە، ڕەچاوی چی كراوە، وەیان ئاخۆ ماناكان پۆلێن كراون، وە ئەگەر پۆلێن كراون لەسەر چ بنەمایەك بووە؟ لەلایەكی تر زۆرێك لەم زاراوانە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا گۆڕانكاری زۆریان بەسەردا هاتوون، و گەلێكیشیان یان ئەوەتا دانەیەكیان پەسەند كراوە، یان ئەوەتا بە تەواوی گۆڕاوە و بۆ دانەیەكی تر، ئینجا گەڕانەوە بۆ كوردی ڕەسەن بێت، داتاشین یان وەرگرتن بێت.
ئێستا بەشێوەیەكی گشتی چەند زاراوەیەك وەربگرین وەكو نموونە :
الأزمة: تەنگانە، تووشی
ئەمە زاراوەیە دوو مانای لە بەرامبەر دانراوە،
یەكەمیان دەكرێت هەر مانایەكی وەكو: تەنگ و چەڵەمە، لێقەومان، سەختی بارودۆخ … بدات بە دەستەوە
بەڵام ئەوەی دووەمیان (تووشی) تەواو جیاوازە، ئەگەر چی ڕەنگە لەناو تێكست هەمان مانا بدات، بەڵام وەكو ئاماژەمان دا تەواو جیاوازە. لە كۆنەوە كورد وتویەتی كە تووشی و تەڕی، وەیان تووشی بۆ كەش و هەوا بەشێوەیەكی گشتی بەكار هاتووە لەگەڵ ساردی و ڕەهێڵە. هەروەها بۆ ڕێگا و بانی سەخت، وەكو دەڵێن: ڕێگەیەكی تووشە. بە مانای بەدفەڕی و بێ بەختی و دەست پەلی (كەسێكی تووشە)، ئەگەر لەگەڵ ناوی ئاژەڵدا بەكار هات ئەوسا بەمانای دڕندە دێت…
نموونەیەكی تر زاراوەی (الأخلاق: ڕەوشت) لە لاپەڕە (5) بەرامبەر “ڕەوشت” دانراوە، كەچی لە لاپەڕە (7) دووبارە بۆتەوە بەڵام بەمجۆرە (الأخلاق: ئاكار). لە كوردیدا هەردووكیان كەم تا زۆر بەكاردێن و كێشەكە لەوە نییە، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە دەبوو بڕیار لەسەر یەكێكیان بدرێت!
(الارهاب: تەریەگەری) (الارهابی: تەریە)، هەڵە نەبم لە كرمانجی ژوورو بەكاردێت، بەڵام ئەمڕۆكە هەر زاراوە عەرەبییەكە پتر گونجێنراوە و بەكاردێت. ئاماژە بەوەش بدەین هەنووكە زۆرجاران زاراوەی (الارهاب) لە بەرامبەریدا (تۆقاندن) بەكاردێت، بەڵام لێرەدا (الارعاب: تۆقاندن) لە ئیڕهاب جیاكراوەتەوە.
(الاسفنج: هەورەك) ئێستا زاراوەكە پتر وەك خۆی وەرگیراوە و گونجێنراوە: ئیسفەنج
(الإداری: مشوورخۆر) ئێستا زاراوەكە پتر وەك خۆی وەرگیراوە و گونجێنراوە: ئیداری
(الاجتهاد -فی الدین- : بیرنیشاندان): ئێستا زاراوەكە پتر وەك خۆی وەرگیراوە و گونجێنراوە: ئیجتیهاد
(الاستعمار: وڵاتگیری)، (الاحتلال: داگیركاری): ئێستا ئەم دوو زاراوەیە تێكەڵكراون و ڕاگەیاندنەكان زۆر بەكەمی لێكی جوێ دەكەنەوە.
(اصابة الهدف: پێكان، ئەنگاوتن)، (الاصابة بالأمراض: تووش بوون، تووش هاتن)، “پێكان” بۆ تۆپی پێ و یاریزانان پتر بەكاردێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەنێو كۆنتێكست وەكو خۆی: پێكرا!
(الالحاح: پێ داگرتن -لاپەڕە 8)، دووبارە بۆتەوە لە (الالحاح، الالحاف: زۆر لێ كردن).
(الاستنساخ: لەبەرگرتنەوە، ڕوونووس كردن)، ئێستا زاراوەكە پتر وەك خۆی وەرگیراوە و گونجێنراوە: ئیستینساخ
(الاستعراض العسكری: لەشكر نواندان، لەشكر نوێنی)، ئێستا پتر زاراوەی (نمایشی سەربازی) لەلایەن میدیاكانەوە بەكاردێت.
(الاكزیما: بیرۆ)، ئێستا زاراوەكە پتر وەك خۆی وەرگیراوە و گونجێنراوە: ئەگزیما.
(الانانیة: ئەز ئەزی، هەركەس بۆخۆی، خۆویستی، خۆپەرستی، خۆپەساندی)، پێنج واتا لە بەرامبەری دانراوە، ڕوون نەكراوەتەوە كە ڕێزكردنی واتاكان پۆلێن كراون لەسەر بنچینەی زۆرترین بەكارهاتن یان هەر بنچینەیەكی تر یان نا. لەگەڵ ئەوەشدا مانای چوارەم (خۆپەرستی) ئێستا پتر بەكاردێت و لەزۆر شوێنیشدا، وشەكە وەرگیراوە و گونجێنراوە: ئەنانی.
(التاریخ: ڕۆژ) ئێستا پتر هەر دوو زاراوەی (ڕێكەوت و بەروار) بەكاردێن. ئەوەی یەكەمیان (ڕێكەوت) لە 29ی ئەیلوولی 2019 پەرلەمانی كوردستا پەسەندی كرد لەبری زاراوەی (بەروار). هەردوو زاراوەكە كەم تا زۆر مشتومڕ هەڵدەگرێت و لەوەو پێشیش زۆر قسەی لەسەر كراوە. بەوەی كە (بەروار) بە هەڵە بەكارهاتووە و كەم تا زۆریش هەموومان چیرۆكەكە دەزانین، هەروەها هەندێكیش وای دەبینن لە (ڕێكەوت) لە ڕێكەوتنەوە نزیكە و هەڵەیە.
(الدعاء بالشر: تووك)، (الدعاء بالخیر: نزا)، زۆرینەی وەرگێڕان و تەنانەت ئاخاوتنیشی دوعای خێڕ و خراپ بەكاردێنن (دوعای خێرمان بۆ بكە یان دوعای خراپی لێ مەكە)، بەڵام زاراوەی (تووك) زۆر شت هەڵدەگرێت. دەشێت بە مانای (كوڵك، موو: گیاندارێكی بە تووكە: بە مووە…) بێت. وەیان هەر جۆرێك گیانداری شەو بێدار هەیە وای پێ دەڵێن. بەمانای (كەم، دەگمەن)یش دێت.
(دار الحضانة: دایەنخانە) تۆی خوێنەر دەتوانیت بەراوردیكەیت لەنێوان ئەمە و هەردوو زاراوەی (باخچەی ساوایان و باخچەی منداڵان).
شتێكی باشە كە جیاوازی هەبێت لەنێوان (العهد: سەردەم) و (العصر: چەرخ)، بەڵام هەنووكە تێكەڵاویەك دروست بووە.
سەرنجی ئەم سێ زاراوەیە بدەن: (الفاجرة: داوێن تەڕ)، (الفاسق: داوێن پیس)، و (الفاحش: خراپ كار).
جا (انیا: ئێستاكانێ) زاراوەی (الملحد: خوانەناس) پتر وەك خۆی وەرگیراوە و گونجێنراوە و بەشێوەی “مولحید” بەكاردێت، بەڵام (المؤمن: خواناس) لەبەرامبەر “ئیماندار” بەكاردێت.
زاراوەی (الاعتیادی: خواسایی) وەكو خۆی دێتە بەكارهێنان “ئیعتیادی”.
جێگای سەرنجە زاراوەی (الباب -للكتاب-: دەروو) لە بەرامبەر “دەروو” دانراوە، بەڵام لەژێرییەوە نموونەیەك نووسراوە (خودا دەرووی خێری لێ بكاتەوە) كە ئەمە دیارە هەڵەیە! لەخوار ئەو زاراوەی (الباب: دەرگا) بەكارهاتووە.
ئەمانەی سەرەوە هەر تەنها سەرنجێكی خێڕان لەمەڕ كتێبەكە، وەگەرنا خودی كتێبەكە پێویستی بە تۆژینەوە هەیە و كەرەستەیەكی خاوی تۆژینەوەیە بۆ ئەكادیمییەكان.
