كتێبی مرۆڤ و زمان
شاكاریی گەورەی ماكس پیكاردە (٥ی حوزەیرانی ١٨٨٨ لە شاری شۆپفهایم، بادن، ئەڵمانیا – ٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٥ لە شاری سۆرینگۆی سویسرا) نووسەر و فەیلەسوفێکی سویسری بووە، وەک یەکێک لەو بیرمەندە کەمانەی کە لە سەدەی بیستەمدا لە هەستێکی قووڵی ئەفلاتونییەوە نووسیویەتی، گرنگە. وەرگێڕانی كتێبەكە بەشێكی زۆری تەواو بووە و جار جارەش لە شوێنی پێویست پەراوێز زیادكراوە. ئەمەی خوارەوە پاژێكە لە كتێبەكە:
هەموو شتێک کە سەر بە پێکهاتەی بنەڕەتی مرۆڤە، پێشوەختە پێی بەخشراوە؛ واتە هەمووی هەر لەسەرەتاوە ئامادە بووە بۆی، ئەمە بەرلەوەی كە بیبات و بەکاری بهێنێت. زمانیش یەکێکە لەو شتانەی کە پێشوەختە پێی دەدرێت. زمان، وەك ویلهێلم ڤۆن هومبۆڵت نووسیویەتی: “پێویستە زمان (بەپێی قەناعەتی تەواوم)، بە بەشێک لە خودی مرۆڤ هەژمار بکرێت. بۆ ئەوەی بەڕاستی لە یەک وشە تێبگەین، نەک وەک تەنیا هاندەری جەستەیی بەڵکو وەک دەنگێكی گۆكراو وەسفی چەمكێك بكات، ئەوا دەبێت زمان لە مرۆڤدا بە گشتی و وەک پێکهاتەیەکی یەکگرتوو هەژمار بكرێت.”
زمان بە مرۆڤ بەخشراوە. تەنانەت پێش ئەوەی مرۆڤ دەست بە قسەکردن بکات ئەوا زمان لەنێویدا بوونی هەیە. بەبێ زمان مرۆڤ نەیدەتوانی قسە بکات. مرۆڤ بەو زمانە قسە دەکات كە پێی بەخشراوە ئەمەش بەرلەوەی كە بەڕاستی دەست بە قسەكردن بكات. ئەم بەخششە لە دەرەوەی هەموو ئەزموونێکە و تەنانەت لە دەرەوەی مرۆڤە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ مرۆڤ بوونی هەیە. شتێکە مرۆڤ بۆی دێت و جارێکی دیکە لێی جیا دەبێتەوە. دیارییەکە نومینۆسۆمە : لە هەمان کاتدا مرۆڤ بەرپەرچی دەداتەوە و سەرنجیشی ڕادەکێشێت.
