ئێستا: دەوڵەتی ئاپارتایدی ئیسرائیل
ئەدەبیاتی ئەكادیمی کە ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا بەراورد دەکات بە ئیسرائیل، ئێستا واخەریكە دەستی بە سەرهەڵدان کردووە. ئەگەرچی هەندێك كەسی ئازا و بوێری وەک ئوری دەیڤس زۆر زوو ئەم زاراوەیەیان بەکارهێناوە. شیکارییەکانی ئوری دەیڤس لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا یەکەم شیکاری بوون کە هەڵمەتەكانی ڕژێمی ئیسرائیل و پراکتیزە یاساییەکانی ناو هێڵی سەوزی وەک فۆرمێکی دیکەی ئاپارتاید ناساند. لێکۆڵینەوەکانی ئەو، پتر تیشکیان خستۆتە سەر هەردوو لێکچوون و نایەکسانی. یەكەم كەسانێك كە لەگەڵ جیمی کارتەری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سەردانی باشووری ئەفریقایان كردووە و ئەم زاراوەیان بەكارهێناوە، چوون لەوە دەچێت كە هەر لە سەرەتاوە دركیان بەوە كردبێت کە ئەو ڕژێمەی بەسەر فەلەستینییەکان لە کەرتی خۆرئاوا و کەرتی غەززە سەپێنراوە لە زۆر ڕووەوە زۆر خراپتر بووە لە ڕژێمی ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا.
دوایین لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە چۆن سیاسەتە یاسایی و ئابووری و کولتوورییەکانی ئیسرائیل لە هەردوو دیوی هێڵی سەوزدا یەکسان بوون. هەروەها ئاپارتایدی دیفاکتۆ و ئێستا بە یاسای ڕەگەزپەرستانە لە کنێست و سیاسەتی کراوەی جیاکاری جێگەی گیراوەتەوە. ئەمە ڕەنگە وەشانێکی جیاوازی ئاپارتاید بێت، بەڵام ئیسرائیل لە ساڵی 2014ەوە ئیتر دەوڵەتێکە کە بە ئاشکرا جیاکاری دەکات لەسەر بنەمای نەژادی(کە بە زاراوەو تێگەیشتنی ئەمریکی دەبێتە ڕەگەز) و ئایین و نەتەوە.
بەو پێیەی ئاماژەکردن بە ئاپارتاید لە جومگەكانی دەسەڵاتدا و هەروەها لە نێو چالاکواناندا باو بووە، دەتوانرێت بزانرێت بۆچی ئەو گروپە داهێنەرەی چالاکوانان لە کەنەدا کە هەفتەی ئاپارتایدی ئیسرائیلیان لە کەمپی زانکۆکانی خۆیان دەستپێکرد، ئیلهامبەخش بوون بۆ زۆر کەسی دیکە لە جیهاندا کە چاولێكەری ئەم کارە بکەن. دیاردەکە ئەوەندە بەربڵاو بووە (ئێستا لە ئیسرائیل و فەلەستینیشدا) چونکە دەنگدانەوەی لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا هەیە کە خەڵک باش دەزانن ئەمە لەسەر ئەرزی حەقیقەت ڕوودەدات ئەویش بەهۆی گەشەکردنی ISM (بزووتنەوەی هاودەنگی نێودەوڵەتی). ئەمە وایكرد كە سەرچاوەیەکی زانیاریی جێگرەوەی بۆ ڕاپۆرتە شێواوەکانی میدیا سەرەکییەکانی خۆرئاوا دابین بكات و سەرنجی گشتیش لە ئەمریکا بۆخۆی ڕابكێشێت، بەتایبەتی کاتێک ڕاچێڵ كۆری، چالاکوانێکی گەنج لە ڕێکخراوی ئای ئێس ئێم، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا.
دەبێت ئاماژە بەوە بدەین كە هەفتە چالاكییەكانی دژە-ئاپارتاید، خاڵی سەرەکی چالاکیی ساڵانەیە بۆ دۆزی فەلەستین و سەرکەوتنیان بەسەر ئەو کەمپانەدا هێناوە کە پێشتر لۆبی و ئەکادیمیای زایۆنیستەکان تێیدا زاڵ بوون. ئەو جۆرە هەراسانکردنانەی کە كەسانی وەك ستیڤن سالایتا و نۆرمان فینکڵشتاین و ئەوانی دیکە وەک دامەزراوانی زانکۆ کە گومانیان لێدەکرێت بۆچوونی لایەنگری فەلەستینیان هەبێت بەرگەیان گرتووە، هێشتاش مامۆستایانی زانكۆ و کارمەندانی کۆلێژ لە ئەمریکا نیگەرانن لەوەی کە ئەوانیش یان تووشی گێچەڵ، یان پرۆسەیەکی درێژخایەنی پلەبەرزکردنەوە ببن یان بێبەش بکرێن و تەنانەت لە پۆستەكەشیان ڕەت بکرێنەوە. بەڵام ڕەوت و ئاڕاستەی دیکە لە گەشەکردندایە و کەمپینەکان زیاتر دوژمنایەتیی ئەو کەسانەیان کردووە کە پشتیوانی زایۆنیزم دەکەن و دۆستتر بوون لەگەڵ ئەوانەی کە دەیانەوێت هاودەنگی لەگەڵ دۆزی فەلەستین نیشان بدەن. ئەگەرچی ئەمەش هێشتا نەگۆڕاوە بۆ پشتیوانی ئیدارەی زانکۆکان، بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕەوتەكە بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕوات.
ئەو شیکارەی كە ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی ئاپارتاید کە لە خراپترین ساتەکانیدا لە باشووری ئەفریقا دەچێت، پێشبینییەکی دیکەی بەرهەمهێناوە کە تەنانەت دژایەتی “پرۆسەی ئاشتی”یش دەکات. زۆربەی سپی پێستەکانی باشووری ئەفریقا کاتێک كە ڕژێمی ستەمکارییان ڕووخا، هێشتاش هەر لەسەر بیروباوەڕی ڕەگەزپەرستی بوون. ئەمەش مانای ئەوەیە کە لەبەر ئەو ڕووداوانە نەگۆڕان كە لە ناوخۆی وڵات ڕوویاندا، بەڵكو ئەوان بەهۆی خەباتی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا و فشاری نێودەوڵەتییەوە ناچار بوون بگۆڕدرێن. لە کاتێکدا چالاکوانان هێشتا لەناو فەلەستین و دەرەوەی فەلەستین خەبات دەکەن بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی ئەو یەکێتی و هێزی نوێنەرایەتییەی کە کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا دەستی خستبوو. جا خۆ بە ئاسانیش دەتوانن بزانن چۆن هەڵمەتێکی فشار لە دەرەوە بەڕێوەببەن کە ئیلهامیان لە بزووتنەوەی دژە ئاپارتاید لەگەڵ باشووری ئەفریقا وەرگرتووە. بنەمای نوێی ئەم جۆرە چالاکییە، درککردنە بەوەی کە گۆڕانکارییەکە لە ناوخۆی ئیسرائیلەوە نایەت.
هەڵمەتی بایكۆت بەم شێوەیە لەدایک بوو- لە بانگەوازێکی کۆمەڵگەی مەدەنی فەلەستین بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەم ئامرازانەوە تا ئەو کاتەی ڕێز لە مافە مرۆیی و مەدەنییەکانی فەلەستینییەکان دەگرێت لە هەر شوێنێک بن. کەمپەین و هەڵمەتەكە – کە دواجار بوو بە بزووتنەوە- کێشەی خۆی هەیە. بۆنموونە نەبوونی دامەزراوەی ڕوون و هەروەها غیابی نوێنەرایەتی و کاریگەرانەی فەلەستین، چالاکوانانی ناچار کردووە لە چوارچێوەی بۆشایی سەرکردایەتیدا هەڵسوکەوت بکەن. لێرەوە لە هەندێک کاتدا وا دیارە بڕیارە ستراتیژییەکان سنووری ئەو شتانەیان تێپەڕاندووە کە تاکتیکییە. پەیوەندی هەڵمەتەکە لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی بایکۆت لەسەر ئەرزی واقیع (وەک بایکۆتی هەموو ئەو کاڵایانەی كە لە كۆمەڵگا نیشتەجێبووەكانی کەناری خۆرئاوا بەرهەم دێن یان ڕەتکردنەوەی هەر ئاساییکردنەوەیەک لەگەڵ ئیسرائیلییەکان) هەمیشە ڕوون نییە. بەڵام ئەم کەموکوڕیانە بە بەراورد لەگەڵ سەرکەوتنی کەمپەینەکە لە گەیاندنی قەیرانێک بۆ سەرنجی جیهان زۆر سەركەوتوو بووە، کە هەندێک جار سێبەری ئەو درامایانەیان لەسەرە کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە ناوچەکەیان گرتووەتەوە. ئەمە وایكرد كە زۆرێك لە كۆمپانیاكان، بەرهەمهێنانیان لە ئیڕاسئیل ڕەتبكەنەوە، و تەنانەت ئەمە پەلی كێشا بۆ نێوەندە ئەکادیمییەكانش، لەنێویاندا پێشەنگەکانی ئەمریکا، و هەروەها ژمارەیەکی سەرنجڕاکێش لە هونەرمەندان و نووسەران و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهان، بۆنموونە ستیڤن هۆکینگ، گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل هەڵوەشاندووەتەوە.
یەکێک لە پێکهاتەکانی کەمپەینەکە- بایکۆتی ئەکادیمی- هێشتا جێگەی مشتومڕە وەک ئەوەی بە ڕوونی لە گفتوگۆی من و فرانک لەگەڵ چۆمسکیدا دیارە (نۆرمان فینکڵشتاینیش بە ئاشکرا ئەم تاکتیکە ئیدانە دەکات). بەڵام پێدەچێت لەلایەن زۆر کەسی دیکەوە وەک بەشێک لە فەرهەنگی نوێی چالاکییەکان وەرگیرابێت و لەم دواییانەدا بووە هۆی دروستکردنی “لیژنەی بایکۆت لە ناوەوە” لە ئیسرائیل، کە لە ئەکادیمییە جوولەکە ئیسرائیلییەکان پێکهاتووە و ژمارەیەکی سەرنجڕاکێشی ئەندامێتییان هەیە.