Skip to content

لەبارەی فەڵەستینەوە (بەشی دووەم)

ئاڵنگارییەكانی ئاشتی ئۆرتۆدۆکسی

فەرهەنگی ئاشتی ئۆرتۆدۆکسی سەرەتا لە باوەڕێکی ئایینییەوە سەریهەڵدا، کە بریتی بوو لە چارەسەری دوو دەوڵەتی. واتە دابەشکردنی خاکی فەلەستین (بە تەرخانکردنی لەسەدا ٨٠ی زەوی بۆ ئیسرائیل و لەسەدا ٢٠ بۆ فەلەستینییەکان)، ئەمەش باوەڕ وابوو كە دەشێت ببێت بە ئامانجێكی جێبەجێكراو و دەتوانرێت بە یارمەتی هەریەك لە دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و گۆڕانکاری لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا بەدیبهێنرێت. بەمجۆرەش گوایە دوو دەوڵەتی تەواو سەروەر لە تەنیشت یەکترەوە دەژین و لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەرانی فەلەستین ڕێکدەکەون و تەنانەت بە هاوبەشی بڕیاریان دەدا كە دیدگا و بوونی قودس دەبێت چۆن بێت. هەروەها ئاواتی ئەوە هەبوو کە ئیسرائیل پتر وەک دەوڵەتێکی ببینرێت كە وڵاتی هەمووان بێت و کەمتر وەک دەوڵەتێکی جوولەکە ببینرێت کە سیمای جوولەکەکانی خۆی بپارێزێت.

ئەم دیدە بە ڕوونی لەسەر بنەمای خواستی یارمەتیدانی فەلەستینییەکان لە لایەک و لەسەر ڕەچاوکردنی حەقیقەتی سیاسی لە لایەکی دیکەوە بوو. جا بەهۆی هەستیارییەکی زۆرەوە بەرامبەر بە خواست و تەماحەکانی لایەنی بەهێزی ئیسرائیل و لەبەرچاوگرتنی زیادەڕەوی لە هاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتیدا بووە و ئێستاش هەروایە. ئەم جۆرە زمانە لەدایكبووی نێو منداڵدانی توێژینەوەگەلی زانستە سیاسییەکانی ئەمریکایە و مەبەست لێی جێبەجێکردنی هەڵوێست و مەرامە سەرەتاییەکانی ئەمریکایە لەسەر ئەو پرسە. زۆربەی بەکارهێنەرانی ئەو زمانەش (کە چارەسەری دوو دەوڵەتی ئایدیاڵ دەخاتە ڕوو) ڕەنگە كاتێك ئەو زاراوەیە بەكاردەهێنن ئەوا بەشێوەیەكی دڵسۆزانە بێت. ئەم زمانە یارمەتی دیپلۆماتکاران و سیاسەتمەدارانی حۆرئاوای داوە کە بێ کاریگەر بمێننەوە – چ لە بەر ئیرادە یان لە پێویستییەوە – لە بەرامبەر بەردەوامی ستەمکاری ئیسرائیلدا. دەربڕین و دەستەواژەی وەک “خاکێک بۆ دوو میللەت”، “پرۆسەی ئاشتی”، “ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین”، “پێویستی وەستاندنی توندوتیژی لە هەردوولا”، “دانوستان”، یان “چارەسەری دوو دەوڵەت” ڕاستەوخۆ لە وەشانێکی نوێ هاوچەرخی ڕۆمانی ساڵی ١٩٨٤ی ئۆروێڵەوە سەرچاوەی گرتووە. بەڵام بەكارهێنانی ئەم زمانە تەنانەت لەلایەن کەسانێكیشەوە پێشدەخرێت کە ئەم جۆرە نیشتەجێبوونە لە ڕووی ئەخلاقییەوە بە ناڕەزایی دەزانن (بۆ نموونە وەک نوام چۆمسکی بە کورتی لە گفتوگۆی ئەم کتێبەدا باسی کردووە) و جێگەی ڕەزامەندی نییە، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی واقیعی تریان لانییە بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری ستەمکارانەی ئیسرائیل لە کەناری خۆرئاوا و گەمارۆدانی کەرتی غەززە. زمانی هەژموونگەرایی لە جومگە سەرەكییەكانی بڕیاردان و دەسەڵات لە خۆرئاوا و لە نێو سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل و فەلەستینی لەسەر زەوی فەلەستین هەمان ئەو گوتارەیە کە لەسەر بنەمای فەرهەنگە کۆنەکە دامەزراوە.

بەڵام ئەم تێڕوانینە ئۆرتۆدۆکسە هێواش هێواش لە جیهانی چالاکوانیدا جێگەی خۆی لەدەست دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئۆردوگای ئاشتی فەرمی لە ئیسرائیل و ڕێکخراوە لیبراڵەکانی زایۆنیستەکان لە سەرانسەری جیهان هێشتا لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان- ڕێك وەك سیاسەتمەدارانی چەپ لە ئەوروپا. بەجۆرێك لە جۆرەكان -دۆستانی ناسراو و بەناوبانگ كە هێشتا پشتگیری ئەو دۆزە دەكەن – هەندێكیان تەنانەت لەڕووی ئاینیشەوە و بەناوی حەقیقەتی سیاسی لەپاڵ ئەوەدان، بەڵام زۆرینەی ڕەهای چالاکوانان بەدوای ڕێگایەکی نوێدا دەگەڕێن بۆ دەربازبوون. سەرهەڵدانی بزووتنەوەی بایكۆت، لە ڕێگەی بانگەوازی ئەو جۆرە کارەی کۆمەڵگەی مەدەنی فەلەستین (لە ناوەوە و دەرەوەی فەلەستین)، پەرەسەندنی بەرژەوەندی و پشتیوانی لە چارەسەری یەک دەوڵەت و سەرهەڵدانی ئۆردوگای ئاشتی -ئەگەرچی بچووكیش بێت – و کەمپی ئاشتی دژە زایۆنیست لە ئیسرائیل، بیرکردنەوەیەکی جێگرەوەی پێشکەش کردووە.

ئەم بزووتنەوەیە نوێیە کە لەلایەن چالاکوانانی سەرتاسەری جیهان و لە ناوخۆی ئیسرائیل و فەلەستینەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە نمونەی بزووتنەوەی هاوپشتی دژە ئاپارتایدەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمەش بەهۆی دیاربوونی بزووتنەوەی بایكۆت وەک تاکتیکی سەرەکی لە کەمپەکاندا لە هەفتەی ئاپارتایدی ئیسرائیلدا ڕوون بووەتەوە- ئاپارتاید ئێستا زاراوەیەکی قبوڵکراو و باوە کە چالاکوانانی قوتابیان بەناوی دۆزی فەلەستینەوە بەکاریدەهێنن. ئەمەش لەم دواییانەدا هەوڵێکی زانستی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ فراوانکردنی لێکۆڵینەوە بەراوردکارییەکان لەسەر دوو توێژینەوەی لەم دوو كەیسە، ئاپارتایدی ئەفریقای باشوور و ئیسرائیل/فەلەستین، لە چوارچێوەی پارادایمی کۆلۆنیالیزمی نێشەجێیان دایە.

کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێبووان، بریتیە لە چەمكێكی وردتر لەسەر تیۆری و مێژووەکانی کۆلۆنیالیزم. بزووتنەوەکانی دانیشتووان کە بەدوای ژیان و ناسنامەیەکی نوێدا دەگەڕان لە زڵاتانێك كە پێشتر خەڵكی ڕەسەنی تیدا نیشتەجێبوون، هەر بەتەنها تایبەت نەبوون بە فەلەستین. بۆ نموونە لە ئەمریکا و باشووری ئەفریقا و ئوسترالیا و نیوزلەندا دانیشتوانی سپی پێست بە ڕێگەی جۆراوجۆر دانیشتوانی ناوچەکەیان لەناو دەبرد، لە پێش هەموویانەوە جینۆساید، بۆ ئەوەی خۆیان وەک خاوەنی وڵاتەکە بناسێنن و لەوەش زیاتر خۆیان وەک دانیشتوانی ڕەسەنی وڵاتەکە نمایش بكەن . جێبەجێکردنی ئەم پێناسەیە- کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێبوو- بۆ کەیسی زایۆنیزم ئێستا لە جیهانی ئەکادیمیدا باوەو و لە ڕووی سیاسییەوەش وایکردووە چالاکوانان لێکچوونی کەیسی ئیسرائیل و فەلەستین بە باشووری ئەفریقا ڕوونتر ببینن و چارەنووسی فەلەستینییەکان لەگەڵ چارەنووسی ڕەسەنەکانی ئەمریکا یەکسان بکەن.

ئەم مۆدێلە نوێیە تیشک دەخاتە سەر خاڵە بەرچاوەکانی جیاوازی نێوان ئۆرتۆدۆکسی ئاشتی و بزووتنەوەی نوێ. بزووتنەوەی نوێ پەیوەندی بە تەواوی مێژووی فەلەستین هەیە وەک ئەو خاکەی کە پێویستی بە پشتیوانی و گۆڕانکاری هەیە. لەم ڕوانگەیەوە هەموو فەلەستین بریتیە لە ناوچەیەک کە بە جۆرێک لەجۆرەكان لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیركراوە و لەو ناوچەیەشدا فەلەستینییەکان ملکەچی ڕژێمی جۆراوجۆری یاسایی و ستەمکارن کە لە هەمان سەرچاوەی ئایدیۆلۆژییەوە سەرچاوە دەگرن: واتە زایۆنیزم. بە تایبەتی جەخت لەسەر پەیوەندی نێوان ئایدۆلۆژیا و هەڵوێستەکانی ئێستای ئیسرائیل لەسەر دیمۆگرافیا و ڕەگەز دەکاتەوە وەک بەربەستێکی سەرەکی بۆ ئاشتی بەگشتی و ئاشتەوایی لە ئیسرائیل و فەلەستین.

ئەمڕۆ وێناکردنی ئەم دیدگا تازەیە ئەرکێکی ئاسانترە. لە ساڵی ٢٠١٠ەوە، دەسەڵاتی یاسادانان (كنێست) لە ئیسرائیل – داوای دڵسۆزی لە هاوڵاتیانی فەڵەستین دەكات بۆ دەوڵەتێکی جوولەکە. كەچی لەولاوە ئەم دەسەڵاتە هەڵدەستێت بە سیایەتی ڕەگەزپەرستی، مافی زەوتكردنی زەوی، دابینكردنی هەلی كار… بەكورتی و ڕوونی ئیسڕائیل هەر بەڕۆژی ڕوون بانگەشە بۆ دەوڵەتێكی ڕەگەزپەرست و ئاپارتایدا دەكات. هێڵی سەوز کە بووە هۆی دابەشكردنی چینی جیاوازی فەلەستینی (ئەوانەی لە ناو ئیسرائیل و ئەوانەی لە ناوچە داگیرکراوەکاندان) هێواش هێواش لەناو دەچێت چونکە هەمان سیاسەتی پاکتاوی نەتەوەیی لە هەردوو دیودا دەگرێتە بەر.

لە ڕاستیدا وادەردەكەوێت كە هاووڵاتیانی فەلەستینی لە ناوخۆی ئیسرائیل زیاتر لەژێر ستەمدابن ز بچەوسێنرێنەوە لە بەرامبەر چەوساندنەوەی ئەو دانیشتووانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی سەربازی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆدا دەژین لە کەناری خۆرئاوا.

لە کۆتاییدا، بزووتنەوەی نوێ خۆی لە پاڵنانی چارەسەرێک بۆ پێشەوە ناپارێزێت کە نە لە چاوی ئیسرائیلییەکان و نە دەسەڵاتی فەلەستین و نە نوخبە سیاسییەکانی خۆرئاوادا چارەسەری پەسەندکراو نییە: ئەویش بریتیە لە چارەسەری یەک دەوڵەت. لەلایەكی تر چالاکوانان و وێناکردنی زایۆنیزم وەک بزووتنەوەیەکی نیشتەجێبوو- کۆلۆنیالیزم و دەوڵەتی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی ئاپارتاید میکانیزمی گۆڕانکارییەکان دیاری دەکات. جا ئەم میكانیزمە بۆ ئۆرتۆدۆکسی، پڕۆسەی ئاشتییە، وەک ئەوەی ئیسرائیل و فەلەستین جارێک دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بن و ئیسرائیل بەشێک لە فەلەستینی داگیر کردبێت، بەڵام لە پێناو ئاشتیدا ناچارە لێی بکشێتەوە.

ئەم ڕەوتە نوێیە پێشنیاری كۆڵۆنیالی ئیسرائیل/فەلەستین و جێگرتنەوەی ڕژێمی ئێستای ئیسرائیل بە دیموکراسی بۆ هەمووان دەکات. بەم شێوەیە نەک هەر سیاسەتەکانی دەوڵەت بەڵکو ئایدۆلۆژیاکەشی دەکاتە ئامانج. لەم ڕوانگەیەوە ڕەتکردنەوەی ئیسرائیل بە گەڕانەوەی پەنابەرانی ساڵی ١٩٤٨ بۆ شوێنی خۆیان وەک هەڵوێستێکی ڕەگەزپەرستانە سەیر دەکرێت نەک پراگماتیکی. چالاکوانە نوێیەکان پشتگیری بێ مەرجی خۆیان بۆ مافی گەڕانەوەی پەنابەرانی فەلەستین دەخەنە ڕوو، و پشتگیریەكەشیان پێدەچێت لە هەندێک لە سەرکردەکانی فەلەستین ڕوونتر و ئاشكراتر بێت.

بە واتایەکی تر، ڕەوتە نوێیەکە پێشنیاری گۆڕینی پارادایم بۆ بزووتنەوەی هاودەنگی دەکات، کە هیوادارین باوەڕی ئەو کەسانە بەدەستبهێنێت کە لە دەسەڵاتدان و بەتایبەتی ئەوانەی سەرقاڵی پرسی فەلەستین و ئاشتین. ئەم پارادایمە نوێیە شیکارییەکی نوێ بۆ دۆخی ئێستا پێشکەش دەکات و دیدێکی جیاواز بۆ داهاتوو پێشنیار دەکات. زۆرێک لە توخمەکانی ئەم پارادایمە نوێیە بیرۆکەی کۆنن کە دەتوانرێت لە بەیاننامەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستنیی PLO 1968 و لە پلاتفۆرمی گروپە چالاکوانەکانی وەک ئیبنول بەلەد (ابن البلدا)، ماتزپن، بەرەی جەماوەری بۆ ڕزگارکردنی فەلەستین و بەرەی دیموکراتی جەماوەری بۆ ڕزگارکردنی فەلەستین ببینرێن. هەنووكە ئەم هەڵوێستانە نوێکراونەتەوە و لەگەڵ واقیعی ئێستادا گونجێنراون. ئەو پرسانەی کە لە ڕابردوودا لەلایەن ئەم گرووپانەوە وروژێنران، بە تەواوی لەلایەن بزووتنەوەی ئاشتی ئۆرتۆدۆکسەوە پشتگوێ خران، بەتایبەت کاتێک لە سەرەتادا پشتگیری لە ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ دەکرد بەناوی حەقیقەتی سیاسیەوە. تەنانەت لەو کاتەدا کە پێدەچوو پرۆسەی ئۆسلۆ جۆرێک لە گۆڕانکاری لەسەر ئەرزی واقیع بەرهەم بهێنێت، لە بنەڕەتدا نیشتەجێبوونێک بوو کە چارەنووسی پەنابەرە فەلەستینییەکان و کەمینەی فەلەستینی لە ئیسرائیل پشتگوێ دەخست و پەیوەندی بە هیچ کام لە سروشتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتی جولەکە یان ڕۆڵی لە پاکتاوی نەتەوەیی فەلەستین لە ساڵی  ١٩٤٨ نەبوو.

بزووتنەوە یان ڕەوتە نوێیەکە فەرهەنگێکی نوێی دروستکردووە کە ئەگەر بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاربهێنرێت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی ڕای گشتی لەسەر ئەو بابەتە. لە خوارەوە چەند نووسراوێکی وێناكراو و گرنگ بەم زمانە نوێیە دەخەینەڕوو کە بۆ شیکردنەوەی دۆخی ئەمڕۆی ئیسرائیل و فەلەستین و وەسفکردنی دیدگایەک بۆ داهاتوو بەکاردەهێنرێت.

چالاکوانان بە گرتنەبەری گوتارێکی نوێ دەتوانن پابەندبوونیان بە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئایدۆلۆژیایەی لە پشت ئەو پێشێلکاریانەی ئێستای ئیسرائیل بۆ سەر مافە مرۆیی و مەدەنییەکانە، چ لە ناوخۆی ئیسرائیل یان لە خاکە داگیرکراوەکاندا ڕووبدەدەن، بەهێزتر بکەن.

من نووسراوەکانم بەسەر سێ ناوچەی کاتیی جیاوازدا دابەش کردوون. ناوچەیەك پەیوەندی بە شێوازی تێڕوانینی دیدگای چالاکوانی جێگرەوە هەیە بۆ ڕابردوو بە گشتی، ئەمەش بە گرنگیدانی تایبەتی لەسەر چۆنیەتی پێناسەکردنی زایۆنیزم و کردەوەکانی ئیسرائیل لە ڕابردوودا. ناوچەی دووەم پەیوەندی بە پێناسە نوێیەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیلەوە هەیە، بە شێوەیەکی سەرەکی وەک دەوڵەتێکی ئاپارتاید، و کاریگەرییەکانی بۆ چالاکییەکان، بەتایبەتی لە دەرەوەی ئیسرائیل و فەلەستین، پێناسەیەکی لەو شێوەیە. ئەمەش دەبێتە هۆی گفتوگۆیەکی زۆر پەیوەندیدار سەبارەت بە گرنگی و ڕۆڵی بزووتنەوەی بایكۆت و چالاكیگەلی هەفتەیی ئاپارتایدی ئیسرائیل کە لە کەمپەکاندا بەڕێوەدەچن لە سەرانسەری جیهاندا. ناوچەی سێیەم پەیوەندی بە داهاتووەوە هەیە- جێگرەوەكانی هەوڵە خەمناک و بێ کاریگەرەکان بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی. ئەم تێڕوانینە جێگرەوەیە بەرامبەر بە داهاتوو زاراوەی وەک پرۆسەی ئاشتی بە کۆلۆنیالیزەکردن و گۆڕینی ڕژێم دەگۆڕێت و لەبری چارەسەری دوو دەوڵەتی جۆرێک لە چارەسەری یەک دەوڵەتی پێشنیاز دەکات.

ئەم سێ ڕوانگە جیاوازە بۆ ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو؛ هەریەکەیان جێگەی سەرنجی ئەو گفتوگۆیانە بوون کە من و فرانک بارات لەگەڵ نوام چۆمسکی هەمانبوو. ئێمە ئەومان هەرتەنها وەك ئاخێوەرێك هەڵنەبژارد چونکە پێمان وایە كە ئەو هێشتا نوێنەرایەتی “ئۆرتۆدۆکسی ئاشتی” دەکات (هەرچەندە هێشتاش بەشداری هەندێک لە گریمانە بنەڕەتییەکانی دەکات) بەڵکو لەبەر ئەوەی هەست دەکەین کە بۆچوونەکانی سەبارەت بەم پرسانە و بەرەو پێشەوەبردنی گفتوگۆكان سەبارەت بە فەلەستین زۆر گرنگن .

Published inBlogKurdi
© Sangar Najim 2023. Website developed by Web for Scholars.