هەستگەلی نوێ
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ئاندرۆ هەرزوو لەلایەن ئانییەوە خەبەری كرایەوە. ئانی كە فرمێسك لە چاوانی تێزابوو، بەدەستییەوە نامەیەكی پێبوو. نامەكە لەلایەن دكتۆر بڕاموێڵەوە نووسرابوو: “تكایە هەرزوو ڕاستەوخۆ بگە ئێرە، پێویستم بە یارمەتی تۆیە، تاوەكو حاڵەتێكی مەترسیدار و شێتانە ڕاست بكەمەوە.”.
ئانی كە هەنسك سەرتاپای گرتبوو، گوتی: “ئەم حاڵەتە مەترسیدارە ئیمۆری برامە. ئەو، لەم چەند هەفتەیەی دوایی حاڵی هیچ باش نەبوو. بەڵام لە دوێنێ شەوەوە هەر بەتەواوی شێت بووە. لە ناندینەكەوە بە چەقۆوە دوای خێزانەكەی كەوتووە و خێزانەكەیشی ڕایكردووە و تاوەكو لەسەر شەقامەكە خەڵكانێك یارمەتیان داوەو ئیمۆری برامیان لە ئەرز داوەو گرتوویانە. ئێستا بە جێگاكەیەوە بەستراوە، تكات لێدەكەم توخودا زوو بگە ئەوێ”.
ئاندرۆ بە هەڵە داوان و بەپەلە خۆی گەیاندە ماڵی ئیمۆری و بینی دكتۆر بڕاموێل لە ناندینەكە چاوەڕێی دەكات.
“ئاندرۆ، سوپاست دەكەم كە هاتی، ئیمۆری هیوجیس بەداخەوە تووشی حاڵەتێكی شێتانە بووە. ئەوەتانێ بەڵگەكان ڕوونن، بەڵام من هەر تەنێ پێویستمە كە بەشێوەیەكی فەرمی حاڵەتەكە پشت ڕاست بكەمەوە. هەروەكو خۆت دەزانی كە ئیتر ئەمە یاسایە و دەبێت بەمجۆرە بێت”.
“بەڵێ، بێگومان. بەڵام بەڵگەكان چین؟” ئاندرۆ بەمجۆرە پرسیاری كرد.
بڕاموێل دەستیكرد بە حاڵەت و ڕووداوەكانی دوێنێ شەو، هەروەها ئەو نیشانە و ئاماژانەی كە لەچەند هەفتەی ڕابردوو لە نەخۆشەكە بینرابوون. جا دكتۆر بڕاموێل بەجۆرێك قسەكانی دەگوتن كە وەكو عادەتی هەمیشەیی متمانەی تێدا بەدی دەكرا.
“ئێ، بەداخەوە حاڵەتێكی خراپە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من خۆم دەچم سەیری دەكەم”.
ئیمۆری هیوجیس، بەجێگاكەیەوە بەسترابوویەوەو خێزانەكەیشی -كە فرمێسك لە چاوانیدا قەتیس مابوو- بەتەنیشتیەوە دانیشتبوو. هەروەها دو هاوڕێیشی، كە هەر لە كانە خەڵووزەكەوە كاریان دەكرد، لەوێ بوون، ئەمەش بۆئەوەی لەهەر حاڵەتێكی كتوپڕ و شێتانە ئامادەبن و بیوەستێنن.
ئەگەرچی جۆرێك لە حاڵەتی شێتانەی بەسەر هاتبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاندرۆ نەیدەزانی و واقی وڕمابوو كە بۆچی دووچاری ئەم حاڵەتە بووە! ئاندرۆ لەدڵی خۆیدا گوتی كە بەڕاستی ئەمە شتێكی تەواو بێمانایە و هەر بەراستی دەبێت هۆكارێك هەبێت بۆ ئەم حاڵەتە. ئاندرۆ بەجۆرێك قسەكانی بڕاموێڵی لێكدایەوە كە ئەم حاڵەتە، بریتیە لە ئێدیما یان هەڵاوسان، تێزانی ئاوە یانەخۆ پەنمیایە! بەڵام كاتێك دەستی لە ڕووخساری ئیمۆری دا، تێبینی ئەوەی كرد كە هیچ نیشانەیەكی ئەوتۆی تێدا بەدی ناكرێت! بەڵام وەك ئەوەی درەختێك بێت و پڕاوپڕ بێت لە ئاو! واتە ئاوی تێزاوە، ئاندرۆ هاواری لێ هەڵساوە: “ئا ئەوە خۆیەتی…”
ئەمجارە بە شێوەیەكی وردتر پێست و سەرانسەری جەستەی پشكنی. لە قۆڵەكانییەوە سەیری ئەنیشكی كردو بینی كە تەواو هەڵاوساوە. ئەمجارە پلەی گەرمییەكەی پێوا و بینی كە ئاساییە، ئیدی بۆ ئاندرۆ گشت نیشانەكان ڕوونبوون. بەڕاستی ئەوە بەهیچ جۆرێك حاڵەتی ئاودزین یان تێزانی ئاو -پەنیما- نییە و بەڵكو میكسیدیمایە. ئەوەبوو ئاندرۆ هەر بەخێرایی چوویەوە بۆ ناندینەكە و بڕاموێل بەهێمنییەوە پێی گوت: “ئێستا دڵنیا بوویتەوە؟ من هەرتەنها پێویستم بە یەك ئیمزای تۆیە و تەواو لەكۆڵ خۆمانی دەكەینەوە”.
ئاندرۆ كە دەیویست بەسەر دڵخۆشییەكەیدا زاڵ بێت، گوتی: “سەیركە بڕاموێل، من بەهیچ جۆرێك لەگەڵ قسەكانت هاوڕا نیم و لام وانییە كە ئەم كابراییە تووشی حاڵەتی شێتانە بووبێت”.
“بەڵام نیشانەكان و ئاماژەكان گشتیان ڕوونن و هەموویان لە كتێبی ڕێنماییدا هاتوون”
ئاندرۆ گوتی: “توخوا ڕێگەم بدە با من چارەسەرێكی تری جیاوازی بۆ بەكاربێنم”.
دواتر بەبێ ئەوەی لەسەر قسەی بڕاموێل بوەستێت و ڕای وەربگرێت وەیان بوەستێت كە ئاخۆ هاوڕایە یان نا، یەكسەر بەرەو لایی خاتوو هیوجسی خێزانی نەخۆشەكە ڕۆیشت و پلانەكەی خۆی پێ گوت. ئەوەبوو دوای چەند ڕۆژێك ئەنجامی چارەسەرەكانی ئاندرۆ دەركەوتن و بەرەو باشی چوون. دوای دوو هەفتە ئیمۆری چاك بوویەوە و لەسەر جێگاكەی هەڵسایەوە و بەجۆرێك هەستی بە باشبوون كرد كە لەوەو پێش هەستی پێنەكردبوو. ئەوەبوو بەرئەنجام، ئیمۆری و خێزانەكەی بەشێوەیەكی فەرمی داوایان كرد كە ئاندرۆ مانسۆن ببێت بە دكتۆری ئەوان، بەڵام ئاندرۆ ڕەتیكردەوە و لای وابوو كە ئەمە شتێكی دادپەروەرانە نییە بەرامبەر بڕاموێڵ. بەلام لەهەمان كاتیشدا ئاندرۆ گەلێ دڵخۆشبوو بەوەی كە ئەوان دەیانەوێت شتەكان بگۆڕن، و بۆیە دوای ئەوە یەكسەر خۆی گەیاندە ماڵی كریستین تاوەكو سەبارەت بە سەركەوتنە گەورەكەی بۆی بدوێ.
لە مانگی تەممووزدا، كۆبوونەوەیەكی گرنگی دكتۆرەكانی بەریتانیا لە كاردیفی پایتەختی وێڵش بەڕێوە دەچوو. ئەگەرچی ئاندرۆ پلانی نەبوو كە بچێتە ئەم كۆبوونەوەیە، چوون تێچووەكەی گەلێ زۆربوو، بەڵام چەند ڕۆژێك بەر لە كۆبوونەوەكە ئاندرۆ نامەیەكی لەلایەن فرێدی هامسۆنی هاوڕێیەوە بەدەست گەیشت. فرێدی لەنامەكەیدا هانی ئاندرۆی دەدا تاوەكو بێت بۆ كۆبوونەوەكە و لەهەمان كاتیشدا داوەتی كردبوو تاوەكو ڕۆژی شەممە نانی ئێوارەی لەگەڵدا بخوات.
ئەوەبوو ئاندرۆ نامەكەی نیشانی كریستین دا -چوون خۆشەویستییەكەی لەڕادەبەدەری بۆ كریستین هەبوو- هەروەها داوای لێكرد كە لەگەڵیدا بێت بۆ كۆبوونەوەكە و لەهەمان كاتیشدا زۆر حەزدەكات كە ئەویش چاوی بە فرێدی بكەوێت. كریستین گوتی:
“بەڕاستی زۆر حەزدەكەم بێم”
دواجار لە ڕۆژی شەممە، كریستین و ئاندرۆ بەسواری شەمەندەفەر بەرەو كاردیف بەڕێكەوتن. ئاندرۆ زەردەخەنەیەكی خۆشنوودی بەرامبەر كریستین نواند، لەكاتێك كە كریستین لە كورسییەكەی بەرامبەری دانیشتبوو لەنێو شەمەندەفەرەكە. ئاندرۆ گوتی:
“دەبێت ئێوارەیەكی گەلێ خۆش بەسەر ببەین، چوون فرێدی كەسێك فرە باشە و دڵنیام كە تۆش كەسێتی ئەوت بەدڵ دەبێت”.
لەكاتێك كە گەیشتن بە كاردیف، یەكسەر چوون بۆ هۆڵی ئەو هۆتێلەی كە كۆبوونەوەكەی تێدا ئەنجام دەدرا. تا ئەو ساتەش هێشتا فرێدی نەگەیشتبوو. هەربۆیە ئەوانیش بەیەكەوە وەستان و بۆ ساتی سەیری دكتۆر و خێزانەكانیان دەكرد، كە چۆن هەموو بەیەكەوە قسەیان دەكرد و پێدەكەنین.
ئەوەبوو دوای چەند كاتێك فرێدیش گەیشت، یەكسەر بەرەو ڕووی ئەوان ڕۆیشت.
“سڵاو، سڵاو، ببوورن كە دواكەوتم. ئاندرۆ بەڕاستی گەلێ خۆشحاڵم كە دووبارە دەتبینمەوە. دەبینم تۆ هەر ئاندرۆكەی جارانی و هەر هیچ نەگۆڕاویت! كورە خۆ هەر چاكەتێكی تازەشت بۆ خۆت نەكڕیوە!”.
ئەمجارە لەپڕ سەرنجی كەوتە سەر كریستین و گوتی و بەزەردەخەنەوە بە ئاندرۆی گوت: “هێی كوڕە، ئەوەم پێ بناسێنە”.
لەكاتێكدا كە هەردوو هاوڕی -ئاندرۆ و فرێدی- بەیەكەوە بوون، كریستین ڕووخسەتی خواست و چوو بۆ سەیركردنی دەورووبەر. دواتر لەهەمان ئێوارە بەیەك گەیشتنەوە. ئەوەبوو لەكاتی نانی ئێوارە دانیشتن و فرێدی دەستی بەقسەكرد، بەتایبەت دەربارەی ئەو ڕۆژانەی كە لە كۆلێژی پزیشكی بەیەكەوە دەیانخوێند.
“بەڕاستی لەوەو پێش هەرگیز بیرم لەوە نەكردبوویەوە كە تۆ لەشوێنێكی ئاوەها ناخۆش تەمەنت بە فیڕۆ دەدەیت” فرێدی بەجۆرێك لە كەمییەوە ئەو قسەیەی كرد.
كریستین بە ساردی وەڵامی دایەوە: “جا دكتۆر تۆ لەم بڕوایەدایت كە ئەمە خۆ فەوتاندن و تەمەن بەفیڕۆدانە؟!”.
بۆ ماوەیەك بێدەنگی باڵی بەسەر هەموویاندا كێشاو پاشان فرێدی گوتی: “باشە، ئاندرۆ. ڕای تۆ چی بوو لەبارەی كۆبوونەوەكە؟”.
ئاندرۆ بە گومانەوە وەڵامی دایەوە: “من لام وایە كە ئەمجۆرە كۆبوونەوانە گرنگن و دەبنە هۆی ئەوەی كە هەمیشە زانیاری نوێت لەبارەی بواری پزیشكییەوە هەبێت.”.
“ئۆو بەداخەوە من هیچ تێبینیەكم لەنێو كۆبوونەوەكە نەنووسی، بەراستی بەداخەوە. من ئەو ڕێگە دوورەم بڕی تاوەكو بگەم بەم دكتۆرە گرنگانە، چوون سوودیكی زۆر گرنگیان دەبێت لەبواری پیشەییانەی من، بەڕاستی تۆ تووشی هەژان دەبیت كاتێك ئەم هەموو كەسە گرنگە لێرە دەبینیت. بۆیە من كاتێك كە دەگەڕێمەوە بۆ لەندەن ئەوا پێویستە هەمووان داوەت بكەم تاوەكو لە ژەمێكدا هەمووان كۆبكەمەوە و دواجاریش لەگەڵیاندا كاری بازرگانی بكەین”.
ئاندرۆ: “ئەرێ فرێدی نازانم مەبەستت چییە؟ تێناگەم!”
فرێدی: “بۆچی تێناگەیت؟ خۆ شتەكە زۆر سادەیە. سەیركە كاتێك خەڵكانی خواپێداو نەخۆش دەكەون و دێن بۆ لای من، ئەوا من دەبێت سەرەتا بیانپشكنم و پاشان بیاننێرم بۆلای دكتۆری دووەم. جا ئەگەر دكتۆری دووەمیش هاوڕا بوو لەگەڵ ڕایەكانی من و هەروەها ئەو چارەسەرانەی كە بۆ نەخۆشەكە نووسیومن، ئەوا لە كۆتاییدا ئەو دكتۆرانە، هەندێك لەو دكتۆرانە -ڕێك وەكو من- نەخۆشەكانیان بۆلای من دەنێرن. ئا بەمجۆرەش ئەم نەخۆشانە دەبێت پارە بە هەردوو لامان بدەن. ئا ئەوەیە پارە پەیداكردن”. فرێدی بە پێكەنینەوە بەردەوام بوو “ئاندرۆ، پێویستە تۆ ڕۆژێك لە ڕۆژان بێیتە لەندەن و لەوێوە كاری بازرگانی بكەین”.
كریستین بەخێرایی سەیری فرێدی كرد و ویستی قسەبكات، بەڵام هەرزوو پەژیوان بوویەوە و وچانێكی دایە بەرخۆیی و ئارامی گرت.
فرێدی هەر بەردەوام بوو: “باشە ئاندرۆ ئێستا لەبارەی خۆتەوە بۆم باسیكە، كە ئاخۆ ئەو هەموو ماوەیە خەریكی چیت؟”.
“هیچ شتێكی وا نییە، زۆرینەی نەخۆشەكانی من، كرێكاری كانە خەڵووزن لەگەڵ خیزانەكانیان كاردەكەن”.
فرێدی: “بەڕاستی ئەوە هەواڵێكی خۆش نەبوو”.
ئاندرۆ: “بەڵام من چێژ لە كارەكەم دەبینم..”.
كریستین قسەكەی پێبڕی و گوتی: “بەڕاستی تۆ كارێكی گەلێ پیرۆز دەكەیت.”
ئاندرۆ: “بەڵێ، من لەم دواییە كەیسێكی فرە گرنگم هەبوو. كەیسەكەی ئێمڵین..”. ئاندرۆ كە خەریك بوو لەبارەی ئەو كەیسەوە بۆی بدوێ، بەڵام وا دەردەكەوت كە فرێدی هیچ گرنگی بەمە نادا و ئەسڵەن وەك ئەوە وابوو كە هەر گوێیشی بۆ نەگرێت.
لە كاتژمێر دەی شەو، ئاندرۆ و كریستین ئەوێیان جێهێشت و لەكاتێكدا كە بەرەو وێستگەی شەمەندەفەرەكە هەنگاویان دەنا، ئاندرۆ پرسیاری كرد: “ئەرێ كریستین، تۆ هامسۆنت بەدڵ بوو؟”.
“نا، زۆر نا. ئەو وا دەردەكەوت كە زۆر ڕای لەخۆی بێت و وای دادەنا كە زۆر باشتر بێت لە تۆ و منیش عادەتەن زۆر ڕقم لەمجۆرە قسەكردنەیە”.
ئاندرۆ كە لەوە دەچوو تووشی شۆك بووبێت، گوتی: “من لەگەڵ تۆ هاوڕام، ئەو؛ ئەگەرچی زۆر ڕای لەخۆیەتی بەڵام لەهەمان كاتیشدا كەسێكی زۆر باشە”.
“بەڵێ، بەدڵنییایەوە ئەوە مانای وایە كە تۆ كوێر بوویت و نابینیت كە ئەو چ جۆرە كەسێكە! ئەو هەر تەنێ بیر لەخۆی دەكاتەوە!”.
ئاندرۆ لەوەو پێش بەهیچ جۆرێك كریستینی لە حاڵەتێكی وەها تووڕە نەبینیبوو.
دواجار هەردووكیان چوونە نێو شەمەندەفەرەكە و ئاندرۆ ویستی دەست بەگفتوگۆیەكی هێمنانە بكات سەبارەت بەو هاوڕانەبوونە و هەروەها لەهەمان كاتیشدا گەرەكی بوو كە خۆشەویستی خۆی بۆئەو بدركێنێت. بەڵام شەمەندەفەرەكە بەجۆرێك هێندە قەڕەباڵغ بوو، كە ئەوان نەیانتوانی بەتەنیا بەیەكەوە بن. كاتێك كە گەیشتنەوە دریفنی، لەوەدەچوو كە كریستین زۆر شەكەت و ماندوو بێت، بۆیە هەرزوو خوداحافیزیان لەیەك كرد و ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵەوە.