Skip to content

قەڵاكە (بەشی شەشەم)

جۆی مۆرگان و هاوسەرەكەی بیست ساڵ بوو هاوسەرگیریان كردبوو بەڵام هیچ منداڵێكیان نەبوو. دواجار وا خەریكە خەونەكەیان دەبێت بە ڕاست. جا خێزانەكەی وا پێشبینی دەكرا بەمزووانە ببێت بە دایك، هەر بۆیە نیگەرانی مۆڕگان لەمبارەیەوە وایكردبوو كە هانا بۆ دكتۆر ئاندرۆ ببات تاوەكو یارمەتی بدات و منداڵەكەیان بە سەلامەتی بێتە دونیاوە.

نزیكەی نیوەشەو بوو كە ئاندرۆ گەیشتەوە ماڵەوە، بینی وا مۆڕگان لەبەر دەرگا وەستاوە.

“توخودا دكتۆر تۆ لە كوێ بوویت، من هەموو دونیا بەدوات گەڕام؟” مۆڕگان وەهای گوت.

“بۆ چی ڕوویداوە مۆرگان؟”

“خێزانەكەمە دكتۆرگیان، لەوەدەچێت ئێستا كاتی بێت”.

ئەگەرچی ئاندرۆ شەكەت بوو، بەڵام نیگەران نەبوو و بەخێرایی خۆیان گەیاندە ماڵەكە. بەسەر پلیكانەكە سەركەوت و بەرەو ئەو ژوورە ڕۆیشت كە خێزانەكەی مۆڕگانی تێدا ڕاكشابوو. لە تەنیشتیەوە مامانێكی بەتەمەن وەستابوو، ژوورەكە ڕایەخ و ئاتاجی كۆنی تێدابوو. بەڕاستی ئەوە ڕوون بوو كە ئەم كارەی بۆ مۆڕگان هیچ قازانجێكی دونیایی تێدانیبە، بەڵكو هەر ئەوەیە پتر وەكو مرۆڤێك بەرزی دەكاتەوە.

كاتێكی زۆر چاوەڕێی نەكرد و ئاندرۆ هەر لەبیری كریستسن دابوو، بەڵام دەنگی پیرە مامانەكە بە ئاگای هێنایەوە. ئەوەبوو هەر بەخێرایی دانیشت بۆ كارەكە. جا هەر بەڕاستی كارێكی سەخت بوو. كات خەریك بوو تێدەپەڕی هەتا ئەو كاتەی كە تووشی شۆك بوو و منداڵەكە لەدایك بوو. لەوكاتەدا كتوپڕ كارەكە دژوارتر بوو، دەبوو هەرزوو بڕیار بدات كە ئاخۆ دەبێت ژیانی منداڵە تازە لەدایك بووەكە ڕزگار بكات وەیان ژیانی دایكەكە كە لەسەر لێواری مردن بوو.

ئاندرۆ بەپەلە تێكەڵەیەكی دەرزی لە جانتاكەی دەرهێنا لە خێزانەكەی دا، تاوەكو دڵی بە زیندوێتی بهێڵتەوە. بەمجۆرە بەبێ پشوو بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی دڵنیابوویەوە كە ئەو باش دەبێت. جا ئێستا كەبینی حاڵی دایكەكە جێگیرە، یەكسەر ڕووی وەرگێڕا بۆ لای منداڵەكە و تەواوی سەرنجی خۆی خستە سەری تاوەكو ئەویش كێشەی نەبێت. ئاندرۆ داوای لە مامانەكە كرد كە بەپەلە دوو تەشت ئاو ئامادە بكات لەگەڵ دوو شووشەی پڕ لەئاو، یەكێكیان سارد و ئەویتر ئاوی گەرم. مامانەكە تەواو تووشی سەرسوڕمان بوو لەم داوایەی دكتۆر، بەڵام لەهەمان كاتیشدا دڵنیابوو لەسەركەوتنەكانی.

ئاندرۆ هەموو هەوڵی خۆی دا بەڕێگایەكی نامۆ بۆ گەڕانەوەی هەناسە، ئەویش لەڕێگەی پەستەرە و بەهۆی دانانی منداڵەكە لەنێو ئاوێكی زۆر سارد و پاشان دانانی بۆ نێو ئاوێكی زۆر گەرم. پەرچەمی كەوتبوویە سەر چاوانی لەكاتێك خەریك بوو چەند جارێك ئەم كارەی دووبارە دەكردەوە بەڵام بەبێ هودە. هەوڵیدا گوشار بخاتە سەر سنگی منداڵەكەو بەمجۆرەش هەوا بخاتە نێو سییەكانی.

دواجار، دەنگی گریانی منداڵەكە بیسترا. ئەگەرچی هێشتا گەلێك زوو بوو كە بڕیار لەسەر حاڵ و ڕەنگ پەڕیوی منداڵەكە بدرێت، بەڵام ڕوونبوو كە بەرەو چاكی دەچوو.

بەڕاستی بارودۆخەكە تەواو موعجیزە ئاسا بوو. دووبارە لەدایكبوونەوەی منداڵەكە تەواوی هەستەكانی ئامادەبووانی گۆڕی. مامانەكە گریانی خۆشی لێ بەرز دەبوویەوە، و ئاندرۆش جۆرێك لە شانازی پێوە دیاربوو. جۆی مۆڕگان تەواو كەوتبووە ژێر باری ئەو پیاوەی كە خێزانەكەیی و منداڵەكەی ڕزگار كرد.

ئاندرۆ كە گەڕایەوە تەواو شەكەت بوو. خاتوو پەیج هیچ پێزانینێكی نەبوو بۆ ئەو كارە گرنگ و دژوارە بەڵكو لەبری ئەوە بەڕوویدا تەقییەوە ونانی بەیانی ڕاگرت و گوتی: “ئێوەی هاریكاران هەر هەمووتان وەك یەكن!”. بەڵام ئاندرۆ هیچ وەڵامێكی نەبوو بۆ ئەمجۆرە مامەڵەیە.

ناندرۆ كۆتا جار سەردانی ماڵی مۆڕگانی كرد، ئەمە بەرلەوەی ئەم خێزانە لە دریفنییەوە بگوازنەوە بۆ باشووری ئەفریقیا بەمەبەستی كاركردن، كە ئەویش هەروەك كاری كانە خەڵووز وابوو. جۆی مۆڕگان لەكاتی خواحافیزی بە ئاندرۆی گوت: “بەڕاستی هیچ وشەیەك نادۆزمەوە كە بەهۆیەوە بتوانم سوپاسی تۆی پێبكەم. تۆ باش دەزانیت كە من ناتوانم بەقەد ئەوەی كە قەرزارتم چاكەت بدەمەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت دیارییەكت پێببەخشم بەگوێرەی گیرفانی خۆم”. جۆری مۆرگان هێشتا لەكۆتا وشە دابوو كە ویستی چەكێكی پێنج پاوەندی پێبدات.

بەڵام ئاندرۆ ڕەتیكردەوە كە چەكەكەی لێ وەربگرێت و لەولاوەش جۆی مۆڕگان پێداگری كرد كە دەبێت چەكەكەی لێ وەربگرێت و بەڵام دەبێت بیخاتە سەر هەژماری خۆی نەوەك هەژماری دكتۆر پەیج.

ئاندرۆ بەنابەدڵییەوە چەكەكەی لێ وەرگرت. ئەمە یەكەمجاربوو لەژیانی كە پارە لەسەر هەژماری خۆی دابنێ. كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەرێز ڕیسی بانكەوان، چەندین جار پرسیاری لێ بكات كە ئاخۆ بۆسەر هەژماری خۆیەتی، ئەوەبوو چەندین جار پرسیاری لێكردەوە و دواجار ئەمەش وای لە ئاندرۆ كرد كە سەری لێ بشێوێ.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر وۆڵكینز داوای لە ئاندرۆ كرد كە لە ئۆفیسی كۆمپانیا چاوی پێبكەوێت. ئەوەبوو ئاندرۆ بە زەردەخەنەوە چوو بۆ ئەوێ، و ئەویش پێی گوت كە داوای هەندێك كە كرێكارانی كانە خەڵووزەكەی بەدەست گەیشتووە تاوەكو ئەو وەكو دكتۆری فەرمی خۆیان بناسێنن.

ڕووخساری ئاندرۆ گەشایەوە و وای لێكدایەوە كە ئەمە ئاماژەیەكی ڕوونە بەوەی ئەو ببێت بە جێگرەوەی دكتۆر پەیج.

“نا، بەمجۆرەش نا” وۆڵكینز وەهای گوت و درێژەی پێدا: “بەڵكو ئەوە مانای وایە كە تۆ وەك هەڵبژاردەیەك دەبیت لەبەردەم ئەوانەی كە نایەنەوێت چیتر بچنە لای دكتۆر پەیج”.

لەگەڵ ئەم قسەیە ئاندرۆ پەرۆشییەكەی نەما: “باشە هیچ ڕێگەیەكی تر نییە؟”

“لەو باوەڕەدا نیم”.

“من ناتوانم بەهیچ جۆرێك ئەو شتە بەرامبەر دكتۆر پەیج بكەم وئەمە بەهیچ جۆرێك ڕاست نییە”

ئەمە ئەگەرچی بڕیارێكی قوڕس بوو، بەڵام ئاندرۆ نەیدەتوانی لەدژی دكتۆر پەیج ئەم كارە بكات.

لەولاوەش وۆڵكینز بێ ئومێد بووبوو.

“بیر لە پێشنیارەكەی من بكەوە دكتۆر” وۆڵكینز بەجۆرێك لە هاندانەوە وەهای گوت.

بەڵام ئەو بە خەمباری و ڕوونییەوە گوتی: “ئەمە نابێت، من ناتوانم ئەم كارە بكەم”.

ئەو هیوای دەخواست كە هەرگیز ئەم پێشنیارەی بۆ نەكرابووایە. ئاندرۆ هەوڵیدا كە ئەو باسە لە مێشكی دەربكات، ئەویش لەڕێگەی ئەوەی بچێتە لای دێنێ. بەڵام بینی كە دێنێش ئەوەندە سەرخۆشە كە بەهیچ جۆرێك قسەیەكی ژیرانەی لێ ناتكێ! ئەوەبوو داواجار چوویەوە بۆ ماڵەوە و لەوێش یەكسەر بۆ نێو جێگا. بەیانی ڕۆژی دواتر، چوویەوە بۆ لای دێنێ تاوەكو لە حاڵی دڵنیابێتەوە. بەڵام بینی كە حاڵی گەلێ خراپترە. لەكاتێك ئاندرۆ بۆڵە بۆڵی بوو لەدەست دێنێ و گەرمای بەتینی هاوین، دەبوو بچێت سەر لە نەخۆشەكانی دكتۆر فیلیپ بدات و ئەمە جگە لە نەخۆشەكانی خۆی.

كاتێك دێنێ لە ئێوارەیەكدا بانگهێشتی كردبوو. هاواری لێ هەڵساو گوتی: “كاری دكتۆری! ههه. خراپترین سیستەمە لە جیهان! بەڕاستی ئەمە دڵسۆزی نییە” داوای شەرابی زیاتر كرد.

“گوێبگرە ئاندرۆ، تۆ پیاوێكی باشیت و من بەقەد برایەك تۆم خۆش دەوێت. من و تۆ پێویستە بەیەكەوە كاربكەین و ئینجا دەبینیت كە چۆن تەواوی ئەو سیستەمە دەگۆڕین”.

دێنی خەریك بوو بەلادا دەكەوت، كاتێك ئاندرۆ بۆ جاری دووەم هەڵیگرت و بردیە سەر جێگاكەی. بۆ تەواوی هەفتەكە ئاندرۆ هەموو كارەكانی دێنێی ئەنجامدا. پاشان لەڕۆژی یەكشەممەوە، دێنی بەتەواوی حاڵی باش بوو.

“ئاندرۆ، من لەوە دەگەم كە ئەوە هەفتەیەكە تۆ كارەكانی من دەكەیت”. بەجۆرێك لە ساردییەوە وەهای گوت.

ئەو مامەڵەی لەگەڵ ئاندرۆدا زۆر سارد بوو! ئەمەش وایكرد كە ئاندرۆ بە تووڕەییەوە ماڵەكە جێبێڵێت. “ئەو بەجۆرێك مامەڵە دەكات وەك ئەوەی كە ئەو لە میهرەبانی خۆیەوە ڕووخسەتی بەمن دابێت كە كارەكانی ڕاپەرێنم” ئاندرۆ وەهای بەخۆی گوت. بەڵام دواتر لەپڕ تووڕەییەكەی لێ ڕەوییەوەو كەوتەوە بیری فیلیپ و دڵسۆزییەكەی و بەهرەكانی وەك دكتۆرێك.

كاتێك ئاندرۆ گەیشتەوە ماڵەوە، خاتوو پەیج بەسەریدا هاواری كرد و گوتی: ” ها كەوابوو ئەوە تۆی. دكتۆر ئاندرۆ مانسۆن!”.

“چی بووەو چی ڕوویدا خاتوو پەیج؟! ئاندرۆ بە بێزارییەوە وەهای گوت.

خاتوو پەیج بەرەو ڕووی هات: ” باشە كەوابوو فەرموو ئەوەم بۆ ڕوون بكەوە!”. خاتوو پەیج كە وەهای پێگوت، لەدەستی دا چەكەكەی جۆی مۆڕگان هەبوو.

ئاندرۆ سەری بڵند كرد و بینی كە ڕیسی بانكەوان لەپاڵ خاتوو پەیجەوە وەستاوە.

“بەڵێ، ئێستا تازە خەریكە تووشی سەرسوڕمان دەبیت!” خاتوو پەیج بەردەوام بوو لەقسەكانی: “فەرموو بۆم ڕوونبكەوە كە بۆچی ئەو پارەیەت خستۆتە سەر هەژماری خۆت لەبری ئەوەی كە بیخەیتە سەر هەژماری دكتۆر پەیج؟”

ئاندرۆ لە تووڕەییدا گەرم داهاتبوو “جۆی مۆڕگان وەكو دیارییەك بە منی بەخشی”.

“دیاری! بەڵێ زۆر ئاسانە وابڵیی كە ئەوە دیارییە چونكە باش دەزانیت كە ئێستا مۆڕگان لێرە نییە و لەدەرەوەی وڵاتە”.

“جا ئەگەر گومانت لە قسەكانم هەیە فەرموو نامەی بۆ بنووسە و پرسیاری لێ بكە”.

“بەڵێ گومانم لە قسەكەت هەیە! تۆ هەوڵدەدەی كە كە كار و ڕەنجی دكتۆر پەیج بۆخۆت ببەیت. ئەمە نیشاندەرە جۆری كەسێتیەكەتە. تۆ هەرتەنها خۆت لەبەرچاو دەگریت”.

ئاندرۆ بەرەو ڕوویان ڕۆیشت و چاوانی لەسەر ڕیس بوو. “خاتوو پەیج، یان ئەوەیە كە لە ماوە دوو خولەكدا لە قسەكانت پەژیوان دەبیتەوە، یان ئەوەتا شكاتت لێدەكەم لە دادگا و هەروەها بەڕێوەبەری بانكەكەش بەجۆرێك سزا دەدەم كە لەژیانی خۆی بەمجۆرە سزا نەدرابێت”.

“من… من هەرتەنها بە كاری خۆم هەڵساوم” ڕیسی بانكەوان بە ترسەوە وەهای گوت.

“من وا چاوەڕێ دەكەم، خاتوو پەیج”. ئاندرۆ بەمجۆرە ئاگاداری كردەوە.

لەپڕ خاتوو پەیج بۆی دەركەوت كە بەڕاستی ئەو باسەی زۆر ڕاكێشاوە: “من … من داوای لێبوردنم هەیە”.

ئاندرۆ هەناسەیەكی خێرا و قووڵی هەڵمژی. “خاتوو پەیج با شتێكت پێبڵێم. هەفتەی ڕابردوو من بانگهێشت كرابووم كە ببم بە دكتۆری فەرمی كۆمپانیای كانە خەڵووزەكە. بەڵام من ئەم پێشنیارەم ڕەتكردەوە چونكە پێم وابوو كە ئەمە دادپەروەرانە نییە بەرامبەر بە دكتۆر پەیج. بەڵام من ئێستا زۆر ماندووم، چوون لەوەو پێش ئاگادارم كردییەوە بۆ مانگێك”.

خاتوو پەیج بە شۆكەوە سەیری كرد “درۆیە… هەموو درۆیە. تۆ ناتوانی من ئاگادار بكەیەوە”.

ئاندرۆ هیچ شتێكی تری نەگوت. بەڵكو بەسەر پەیژەكەدا سەركەوت و چوویە ژوورەكەو دەرگاكەی داخست.   

Published inBlogKurdi
© Sangar Najim 2023. Website developed by Web for Scholars.