Skip to content

قەڵاكە (بەشی حەوتەم)

دەستپێكی نوێ

ئاندرۆ هەر لەو ڕۆژەوەی كە كارەكەی لەدەست دا، هەر لەو ڕۆژەشدا دەستیكرد بە گەران بەدوای كارێكی شیاو. ئەوەبوو زۆری لەخۆی دەكرد بۆئەوەی لەخۆبردووانە پێشكەشی هەموو ئەو كارانە بكات كە چاوی دەكەوتە سەر و پتریش وەكو هاریكارێك دەیانویست بەڵام بێ هوودە بوو. بەمجۆرە دوو هەفتەی ئاوەها بەبێ ئومێدی بەسەربرد و ترس وەكو تارماییەك بەدواییەوە بوو. جا ئەوەی كە ترس و بێ ئومێدییەكەی پتر درێژتر كردبوویەوە، ئەو تەنهاییە بوو چوون كریستینیش لەوێ نەبوو، بەڵكو كاتی پشوو بوو. پاشان ڕۆژێكیان كە بە خەمبارییەوە لە شەقامەكە پیاسەی دەكرد، لەپڕ دێنی بینی.

“بەڕاستی من گەلێك خەمبارم بەم حاڵەی تۆ ئاندرۆ” دێنی وەها گوت “هەرچۆنێك بێت، لە كۆمەڵگایەكی پزیشكی لە ئابڕەڵاو كارێك بۆ تۆ دەست دەكەوێت”.

“شوێنەكە هەر تەنها 30 میلێك دوورەو و تۆیش نیوەی ڕێگاكەت بڕیوە. بەڕاستی من هەست دەكەم تۆ كەسێكی شیاوی بۆ ئەم كارە. تۆ تازە بەژیانی ئەم شارۆچكەیە ڕاهاتووی، كە ڕاهاتن لەگەڵیدا؛ لەڕاستیدا هێندە ئاسان نەبوو. ئەمە جگەلەوەی كە ئابڕەڵاو جێگەی زۆری كات ڕابواردنی وەك سینەما تێدایە. لەگەڵ ئەو هەموو دوكان و بازاڕە كە بە كێڵگەی سەوز دەور دراون”.

كاتێكی زۆری پێنەچوو، تاوەكو ئاندرۆ خۆی بۆ چاوپێكەوتنی كارەكە ئامادە بكات. ئەوەبوو دواجار لە ڕۆژی 6ی مانگی ئەیلوول لەنێو ژووری لیژنەی چاوپێكەوتنەكە، خۆی لەنێوان 7 كەس بینیەوە كە پێشكەشی ئەم كارەیان دەكرد.

یەكێك لە پێشكەشكاران كە تازە چاوپێكەوتنی ئەنجام دابوو، هاتە دەرەوە و جۆرێك لە گەشانەوە بە ڕووخسارییەوە دیاربوو:

“بەڕاسستی نامەوێت بێ ئومێدتان بكەم، بەڵام بەڕوونی دیاربوو كە ئەوان هەموو وەڵامەكانی منیان لەلا پەسەند بوو، بۆیە ڕەنگە هەر وەك ڕۆتینێك قسە لەگەڵ ئێوە بكەن وەگەرنا تەواو من وەرگیرام”.

ئاندرۆ دۆشی داماو لەنێو بیركردنەوەیدا نقووم بوو، ئامادەبوو خۆی بەدەستەوە بدات و واز بهێنێت، بەڵام لەوكاتەدا كریستینی كەوتەوە یاد و بڕیاری دا كە بێ هیوای نەكات.ئەوەبوو دواجار نۆرەی ئەویش هات و چاوپێكەوتنەكە دەستپێكرد و ئۆون – سكرتێری لیژنەكە – مەرجەكانی خستنە ڕوو و بارودۆخەكانی بۆ ڕوونكردەوە:

“كرێكارانی كانی خەڵووز لێرەدا بڕێك پارە وەك بیمەی تەندروستی هەفتانە دەیدەن بە كۆمەڵگای پزیشكی و لەبەرامبەریشدا خزمەتگوزاری پزیشكی وەردەگرن. سەرۆكی كۆمەڵگاكە بەڕێز دكتۆر لوێڵن كە چوار پزیشكی تر و هەروەها پزیشكێكی ددانی وەكو هاریكار لەلایە. بۆیە مانگانەكەت ڕەنگە لەدەوری پێنج سەد پاوەندێك بێت”. پاشان چەند پرسیارێكی تری لێكراو تەواو بوو.

جارێكی تر كە ئاندرۆ لە ژووری چاوەڕوانی دا بوو، بانگیان كردەوە تاوەكو هەندێك قسەی زیاتر لەگەڵدا بكەن. ئۆون بە ئاندرۆی گوت كە ئەندامانی لیژنەكە ئەویان بە شیاو زانیوە بۆ كارەكە، بەتایبەت كە گەواهینامەی هەردوو دكتۆران، دكتۆر پەیج و دكتۆر دێنیان وەرگرتووە، كە تۆ پێشتر لای ئەوان كارت كردووە.

“بەڕاستی ئێمە قەناعەتی تەواومان وایە كە تۆ شیاوی ئەم پۆستەی بەڕێز دكتۆر ئاندرۆ مانسۆن” ئۆون وەهای گوت. “بەڵام هەندێك مەرج هەن پێویستی ڕوونی بكەینەوە”.

كرێكارانی كانی خەڵووز لێرەدا زۆر هەستیارن و نایانەوێت و حەزناكەن كە خێزنەكانیان لەلایەن ئەو دكتۆرانەوە بپشكێنرێن و چارەسەر بكرێن كە خێزاندار نین. جگەلەوەش لیژنەكە هەڵدەستێت بە دابینكردنی شوێنی حەوانەوە بۆ هاریكارانی دكتۆر، بەڵام بۆ ئەوانە نا كە هێشتا سەڵتن.

لەپڕ وشەكان بە نەرم و نیانی بەسەر زمانی ئاندرۆدا پژان: “من تازە كچێكم مارە كردووە لە دریفنی. بۆیە لەوەدەچێت كە ئێستا باشترین كات بێت بۆئەوەی هاوسەرگیری بكەین و لێرەدا خۆمان دابمەزرێنین”.

لەكاتی گەڕانەوە بۆ دریفنی، ئاندرۆ لەنێو شەمەندەفەرەكەدا پڕ لەجۆش و خرۆش بوو، لەهەمان كاتیشدا مێشكی پڕ لە گومان بوو. ئاندرۆ لەوە دەترسا كە كریستین بێ ئومێدی بكات و پێی بڵێت كە ئەو كەسێكی خۆپەرستە و تەنها لەو كاتەدا بیری لە هەستی خۆی و داهاتووی خۆی كردۆتەوە. هەركە شەمەندەفەرەكە گەیشتە دریفنی، یەكسەر بەرەو ماڵی كریستین ڕۆیشت، تاوەكو لەبارەی بابەتەكە بۆی بدوێت و هەروەها لەبارەی هاوسەرگیریش. كاردانەوەی كریستین زۆر جوان و هەژێن بوو. ئەو، بە گەرمی بەخێرهاتنی ئاندرۆی كرد، بەڵام ئاندرۆ جۆرێك بوو، چوون نەیدەتوانی چۆن مەسەلەكە باس بكات.

“چییە ئاندرۆ چی بووە؟ باش نایەیتە بەرچاوم!” كریستین وەهای گوت.

“بەڵێ، ئازیزم ڕاست دەكەیت” ئاندرۆ وەها وەڵامی دایەوە.

“لە كۆتاییدا، كارێكم دەست كەوت وەك هاریكاری دكتۆر لای ئابڕەڵاو. زۆر لایەنی باشی تێدایە. بۆیە من هاتوومەتە ئێرە تاوەكو تۆش لەگەڵ خۆم ببەم بۆ ئەوێ ئەگەر بێت و تۆ بەوە ڕازی بیت كە هاوسەرگیرم لەگەڵدا بكەیت”.

كریستین تووشی شۆك بوو، و بە زەحمەت توانی خۆی كۆنتڕۆڵ بكات: “ئاندرۆ، ئایە پێشنیاری هاوسەرگیری یەكێكە لە مەرجەكانی ئەو كارە نوێیە، وەیان تۆ هەر بەراستی منت خۆش دەوێت؟”.

“من لە قوڵایی دڵمەوە تۆم خۆش دەوێت، بەڵام دەمەوێت بزانم كە تۆش هەمان هەستت بۆ من هەیە یان نا؟”.

“ئاندرۆ، چی بڵێم، بەڕاستی من زۆر دەمێكە كە هەمان ئەو هەستەم بۆ تۆ هەیە. بەڵێ، هەر لەیەكەم دیدەنییەكانمان ئەو هەستەم هەبوو”.

ڕۆژی دواتر هاوسەرگیریان كردوو، و دواتریش ڕاستەوخۆ بەرەو ئابڕەڵاو بەڕێكەوتن. ئەوەبوو چەند پێداویستییەكی كەمی كریستین و كەل و پەل و ڕایەخی كۆنیان گواستەوە و نێو ڤانەكە، كە لەلایەن جۆن لوسینەوە لێدەخوڕا.

ئەوەبوو دواجار، گەیشتن بە خانووە گەورەكەیان و بەجۆرێك ماندوو بوون كە ئاندرۆ داوای لێبوردنی لە كریستین كرد. چوون كریستین ئەم ڕێگە دوورەی بڕیوە تاوەكو ئەم ژیانە سەختەی لەگەڵدا هاوبەشی پێبكات و لەگەڵی بەشدار بێت لە داهاتوویەكی ناڕوون. بەڵام كریستین خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاندرۆ دەربڕی كە دەبێتە خێزانی ئەو، و هەروەها ویست و ئارەزوویشی ئاشكراكرد لەوەی كە لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەشی دەبێت. پاشان ئەوەبوو كریستین ژەمێكی هێندە بەچێژی بۆ ئامادەكرد، بەجۆرێك كە خەریك بوو پەنجەكانی لەگەڵدا دەخواردن، ئەمەش وای لە ئاندرۆ كرد كە هێندە بە خێزانەكەیدا هەڵبڵێت بەجۆرێك بە زیرەكترین چێشت لێنەری دونیا وەسفی كرد.

لەبەردەم ئاندرۆدا، پاكەتێك هەبوو. كریستین گوتی كە ئەمە دیاری دێنییە بۆ هاوسەرگیرییەكەت. ئەوەبوو ئاندرۆ تووشی سەرسوڕمان بوو، هەرزوو پاكەتەكەی هەڵپچڕی. چوون ئەو لای كە دێنی دواهەمین كەسە لەسەر زەوی كە چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرێت كە دیارییەك ببەخشێت. دیاریەكە بریتیی بوو لە مایكڕۆسكۆپەكەی دێنی و پارچە كاغەزێكی لێ پێچرابوو و كە لەسەری نووسرابوو: “من بەقەد تۆ پێویستم بەوە نییە. هیوای سەركەوتن”.

لەپڕ زەنگی تەلەفۆنەكە لێیداو ئاندرۆ وای پێشبینی كرد كە ڕەنگە ئەمە یەكەم حاڵەتی نەخۆشی بێت بۆ ئەو لە ئابڕەڵاو و كریستینیش هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. بەڵام لەڕاستیدا، تەلەفۆنەكە دكتۆر لێوڵن بوو. دكتۆر بەخیرهاتنی ئەو و خێزانەكەی كرد بۆ ئابڕەڵاو و هەروەها بانگهێشتی كردن بۆ نانی ئێوارەو، ئەوانیش بەدڵخۆشییەوە قەبوڵیان كرد.

پاش ئەوەی كە ژەمێكی بەچێژیان خوارد. خێزانەكەی دكتۆر لوێڵن بە خۆشنوودی لەگەڵیان دەستی بە قسەكرد و بەڵێنی پێدان كە یارمەتیان بدات تاوەكو خۆیان بنیات بنێن. پاشان دكتۆر لوێڵن دەستیكرد بە قسەكردن دەربارەی كار و گوتی كە پێویستە بەشداری لە نۆرینگەكانی خۆرئاوا بكات، چوون ئەوانەی خۆرهەڵات لەلایەن ماج و ئۆكسەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. پاشان دكتۆر لوێڵن گوتی خۆی وا ناساند كە بزنسمانێكی خاوەن بەهرەی هەمەجۆرە. چەندین كەسی چارەسەر كردووە بۆ كۆمپانیاكە. هەروەها بەرپرسی پزیشكی بووە لە شارۆچكەكە. ماوەیەك لە هەڵمەتی كوتان بووە. بە بەردەوامی بەشێوەیەكی تایبەت چاودێری نەخۆشانی كردووە و بەرپرسی كارەكانی دادگاش بووە.

پاشان ئەو ساتە هات كە دكتۆر قسەیەكی كرد بۆ ئەوانە جێگای شۆك بوو، ئەویش ئەو دكتۆرە وا ڕاهاتبوو كە پێنج بەشی هەریەك لە هاریكارەكانی بگێڕێتەوە لەبەرامبەر هەر ڕاوێژكردنێكی ناچاری. ئەوەبوو ئەم باسە بەجۆرێك بوو كە ئاندرۆ وا هەستیكرد كە ئەمە مەحاڵە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پاشانیش ئاندرۆ بە كەسێتی دكتۆر لوێڵن زۆر سەرسام بوو، و بەڕاستی دەكرا وەكو سەرچاوەیەكی گرنگ چاوی لێبكات و لێیەوە فێربێت.

لەلایەكی دیكەش وەرگرتنی ئەو هەموو پارەیە لەلایەن ئەوەوە بەڕاستی شتێكی بێمانا بوو.

“بەڕاستی ئەمە ماف و حەق نییە كە لەسەر ماندووبوونی ئەوانی تر بژیت” ئاندرۆ وەهای بیركردەوە.

“هەروەها، ئەو پارەیەی كە لە ئابڕەڵاو دەستمان دەكەوێت، زۆر بەزەحمەت دەتوانین پێی بژین، بەڕاستی ئەوە ناحەقییە كە ئەویش بێت و بەشێك لەو پارەیە ببات”.

ئاندرۆ بەخەمباری لەگەڵ كریستینی خێزانی بەرەو ماڵەوە ڕۆیشتنەوە.

Published inBlogKurdi
© Sangar Najim 2023. Website developed by Web for Scholars.