ڕۆمانێك دەربارەی گەندەڵی دكتۆران
بەشی یەكەم
دكتۆرە نوێیەكە
تەواوی ڕۆژەكە گەشتێكی دوورو درێژ بوو بۆ جەنابی دكتۆر ئاندرۆ مانسۆنی تازە دەرچوو لە كۆلێژ. لە باكووری وەیڵزەوە بەرەو باشوور، ئەو وەك تازە دەستبەكاربوویەك، لەم ناوچە دوورە دەستە دامەزرابوو. ئەوێ، كۆمەڵگەیەكی جێنشینی تازەیی دوورەدەست و پڕاوپڕ لە كانی خەڵووز. تازە خەریك بوو شەو ڕادەكشاو، دونیا بەتەواوی دونیا بەتەواوی دەبوویە ئەنگوستەچاو. نە سەوزایی، نە ڕووەكێك و نەهیچ درەخیتێك بەدی نەدەكرا. جا خۆ ئەگەر ئەو ڕووناكییەی دوورەی كرێكارەكان نەبووایە -كە وێنای پیاوانی خودان هێز و بازووی دەنەخشاند، و لە ژێر بارانی بەخووڕ كاریان دەكرد – ئەوا، ئاندرۆ لای وابوو كە ئەم ناوچەیە دەشتێكی كاكی بە كاكییە و چۆڵ و خامۆشە. ئەو وێنەیەی پیاوەكان هێندە دڵگیر بوو، كە بەرگەی نەدەگیرا. ڕەنگە خواستێكی پڕ لە هیواشی خستبێتە نێو دڵی ئاندرۆ، تاوەكو هیوای داهاتوویەكی گەش بخوازێت. كاتێك شەمەندەفەرەكە گەیشتە وێستگەكە، دكتۆر ئاندرۆ مانسۆنیش دابەزی. لەم وێستگە خاڵی و چۆڵەی كانی خەڵووزی دریفنی، ئەو؛ كە جانتاكەی هەر بەدەستەوەبوو، بەپەلە لە وێستگەكە دەرچوو. لە شەقامەكە ئێستێكی كردو، چاوانی كەوتنە سەر پیرە پیاوێكی داماو، كە جلوبەرگێكی پۆخڵی لەبەردابوو. پیرە پیاوەكە سەرنجێكی ڕووخساری دا، بەرلەوەی هیچ پریارێكی لێبكات كە ئاخۆ جەنابیان یاریدەدەرە نوێیەكەی دكتۆر پەیجن.
“بەڵێ منم، ناوم ئاندرۆ مانسۆنە” دكتۆرەكە ئاوەها وەڵامی دایەوە.
“منیش ناوم تۆماسە” پیاوە چرچ و لۆچ و بۆن ناخۆشەكە وەهای گوت.
“سەركەوەو سواری عەرەبانەكە ببە، بەرلەوەی بەتەواوی تەڕ ببیت”
ئەوەبوو مانسۆن سواری عارەبانە شڕو شەپڕێوەكە بوو. ئەوان، بەبێ دەنگی بەنێو ئەم شەقامە خاڵییە دەڕۆیشتن، كە ئەمبەر و ئەوبەری پڕاوپڕبوون لە خانووی بچكۆڵانەی ناشیرین. ئەوەبوو تۆماسی پیر، دواجار بێدەنگی شكاند و لە ئاندرۆی پرسی:
“ئەوە یەكەم كارتە دوای تەواوكردنی كۆلێژ؟”.
“بەڵێ” ئاندرۆ بە زەردەخەیەكەوە وەها وەڵامی دایەوە.
“هیوادارم لەوەی دواجار، پتر بمێنیتەوە”. تۆماس بەجۆرێك لە سوكایەتی بەردەوام بوو لە قسەكانی:
“ئەوان هەرگیز زۆر لێرە نامێننەوە”.
ئاندرۆ هەوڵیدا هێمنییەكەی بپارێزیت، گوتی:
“جا بۆ لێرە نامێننەوە؟!”
“چونكە لێرە هەر كاركردن هەیە، هیچ چێژو خۆشییەك بەدی ناكەیت، پێشتر گوێت لەم گوتەیە نەبووە؟”
ئاندرۆ مانسۆن: “ئاخر ئەمە تاكە هۆكارە؟”
“بەم زوویانە بۆت دەردەكەوێت” تۆماس وەها وەڵامی دایەوە.
باقی ڕێگەكەیان بە بێدەنگی بڕی، دواجار سەنتەری شارۆچكەكەیان بەجێهشت و لە كانی خەڵووزەكە نزیك بوونەوە. ڕێگەكە پڕبوو لە تاسە. دواتر چوون بەسەر ڕێگەیەكی پڕ لەبەر، كە ڕیزێك خانووی كرێكارانی لێبوو. تۆماس، لەنزیك یەكیك لە خانووەكان عەرەبانەكەی وەستاند. ئاندرۆ لە عەرەبانەكە دابەزی و لە زەنگی خانووەكەی دا، و ئافرەتێكی باڵا درێژ – كە لە پەنجاكانی تەمەنیدا بوو – دەرگاكەی كردەوە.
“باشە باش، كەوابوو، تۆ دەبیت دكتۆر ئاندرۆ مانسۆن بیت؛ فەرموو وەرە ژوورەوە” هاوسەری دكتۆرەكە بە ڕەفتارێكی جوان قەرمووی لێكرد. ئافرەتەكە دوای ئەوەی بەخێرایی سەیرێكی ئاندرۆی كرد:
“خۆشحاڵم بە بینینت، ئەو كەسەی كە دواجار لێرەبوو، زۆر بێ بایەخ بوو. بەڵام تۆ لە كەسێك دەچیت كە دەشێت پشتت پێ ببەستین. دەی فەرموون وەرن با ژوورەكەتان نیشان بدەم”.
ئاندرۆ ژوورەكەی بەدڵ نەبوو، چوون گەلێ سارد و چكۆڵە بوو. هەروەها كەل و پەلی زۆر كەمی تێدابوو. بەڵام ئاندرۆ وێنای ژوورەكەی وەلانا و گوتی:
“بەڕاستی خاتوو پەیج، ئەم ژوورە زۆر ئاسوودە دیارە”.
خاتوو پەیجیش كە بەم گوفتارەی جەنابیان دڵی خۆش بوو، بە زەردەخەنەوە گوتی:
“بەڵێ، من بەتەواوی باوەڕم وایە كە ئێوە ئاسوودە دەبن، دەی فەرموون ئێستا دیدەنی دكتۆر پەیج بكەن”.
جۆرێك لە بێدەنگی باڵی بەسەر كەشەكەدا كێشابوو، ئەمە بەرلەوەی خاتوو پەیج بڵێت:
“نازانم، ئتخۆ لە نامەكە ئاماژەم بەوەدابوو كە دكتۆر پەیج بەم دوایانە تەندروستی گەلێ باش نییە یان نا”.
ئاندرۆ كە لەم كاتەدا دەیڕوانییە خاتوون، هەواڵێكی كتوپڕبوو. بەڵام بەرلەوەی هیچ قسەیەك بكات، خاتوو پەیج گوتی:
“بەڵام لە ڕاستیدا، شتێكی ئەوتۆی نییە. لەو باوەڕە دام كە زۆری پێناچێت زوو شیفای دێت”.
ئەوەبوو خاتوو پەیج دەرگای ژوورێكی كردەوە، كە بۆنی ناخۆشی دەرمانی لێدەهات.
“ئەوە دكتۆر ئاندرۆ مانسۆن ئێدواردە”، خاتوو پەیج وەهای بە هاوسەرەكەی گوت.
هەر تەنها یەك نیگا بەس بوو، بۆئەوەی ئاندرۆ تەواو دركی ئەوە بكات، كە ئەو پیاوەی لەسەر جێگاكە كەتووە، و لە شەستەكانی تەمەنیدایە. زۆر نەخۆشە و بەدەست ئازارێكی زۆرەوە دەناڵێنێت. ئەم جەستە نیوە مردووی ئەو، ئەنجامی جەڵتەیەكی مێشك بوو، كە ڕەنگبوو بۆ هەتا هەتا كاری دكتۆرییەكەی كۆتا پێ هێنابا.
دواجار دكتۆر پەیج زۆر بە ئازار و ناڵەوە قسەی كرد:
“تۆ زۆر گەنج دیاریت، هیواخوازم كارەكەی ئێرە هێندە بە زەحمەت نەبینیت”.
ئاندرۆ گوتی:
“گەورەم من ئەگەرچی بیست و چوار ساڵم، بەڵام زۆر حەز بە كاركردن دەكەم”.
دكتۆر پەیج كە بەتەواوی بڕستی لێبڕابوو، گوتی:
“هیوادارم كە بمێنیتەوە”.
خاتوو پەیج لەولاوە هاواری لێ هەڵساو گوتی:
“كورە بۆ خاتری خوا، ئەوە كەی قسەیە!”
خاتوو پەیج ئەمەی گوت، پاشان بەزەردەخەنەوە ڕێنوێنی ئاندرۆی كرد تاوەكو لە پەیژەكەوە بچنە خوارەوە بۆ نانی ئێوارە.
نەخۆشییەكەی دكتۆر پەیج نە تازە بوو، نە هێندە سانا بوو، باشە بۆ خاتوو پەیج دەبێت ئەم ڕاستیانەی نەدركاندبێت، چونكە كاتێك ئاندرۆ ویستی بێت بۆ ئەم كارە، ئەوا هیچ ئاماژەیەك بەوە نەدرابوو كە دكتۆر پەیج نەخۆشە! ئەم پرسیارانە و چەندانی تری هاوشێوە لەمێشكی ئاندرۆدا زنجیرەیان بەستبوو، كاتێك لە پڕ دەنگی خاتوو پەیج زنجیرەی بیرۆكەكانی پچڕاند.
“دەزانی دكتۆر جەنابتان زۆر خۆشبەختن” خاتوو پەیج كە لەناندینەكە دانیشتبوو، وەهای گوت.
“ئەمشەو تۆ هیچ نەشتەرگەریەك ئەنجام نادەیت، بەڵكو جەنكینز مشوڕی ئەم بابەتە دەخوات”.
“جەنكینز كێ یە؟” ئاندرۆ پرسیاری كرد.
“ئەو كەسێكی ئێجگار یارمەتیدەرە، هەمیشە ئامادەگی تێدایە كە بێت و یارمەیتمان بدات، ئەگەرچیش هەمیشە دەرمانەكانی لێ تێگەڵ دەبێت و بەتەواوی نایانناسێتەوە، بەڵام لەم دە ڕۆژەیەی ڕابردووە هەمیشە لەبەردەم نەخۆشەكانی دكتۆر پەیج ئامادەیی هەبوو”. خاتوو پەیج زۆر بە ڕشتی ئەم قسەیەی كرد، لە تۆنی دەنگی ئەوە بەدیدەكرا. بەڵام جارێكی دیكە ئەم زانیارییە بۆ ئاندرۆ زۆر سەرسوڕهێن بوو.
ئاخۆ ئەم دكتۆرانەی لەم شارۆچكەیە كاردەكەن، بەم جۆرە نەخۆشان چارە دەكەن! بەڵام جارێكی دیكە، بەرلەوەی ئاندرۆ هیچ قسەیەك بكات، خاتوو پەیج زەنگێكی لێدا و لەپڕ خزمەتكارێك – كە ڕەنگی ڕووخساری زەرهەڵگەرابوو – نانی ئێوارەی هێنا.
كاتێك هاتە ژوورەوە، خێرا ڕوانینێكی گرتە ئاندرۆ.
“ئانی وەرە ژوورەوە، كەسی بێگانەی لێنییە. ئەوە تەنها دكتۆر ئاندرۆ مانسۆنە، یاریدەدەرە نوێیەكەی دكتۆر پەیجە”.
ئانی هیچ خۆی تێك نەداو تەنانەت زەردەخەنەیەكیشی بەرەو ڕووی ئاندرۆ نەكرد، ئەمە لە كاتێكدا كە ئاندرۆ بە ڕوویدا زەرخەنەی نواند و ئانیش، پارچەیەك گۆشتی بێ تام و سارد و سڕی لەبەردەم دانا و دواجار؛ ئاندرۆ لە بێدەنگیدا دەستی كرد بە خواردنی. بە پێچەوانەوە، لەم لاوە خاتوو پەیج خەریكی خواردنی پارچەیەك گۆشتی گەرم بوو، كە زۆر بەتامتر لەوەی ئەو دەردەكەوت. كاتێك كە تەواوبوون، بەڕووخۆشیەوە ڕووی وەرسوڕاند و گوتی:
“ئێستا كاتی ئەوەیە كە بە سیستەمی تەندروستی دریفنیت ئاشنا بكەم”.
“نەخۆشەكانمان، بەشێوەیەكی سەرەكی پێكدێن لە كرێكارانی كانی خەڵووز و خانەوادەكانیان. كۆمپانیایی خەڵووزەكەش، سێ دكتۆری نافەرمی هەیە، هەریەك لەم دكتۆرانەش هاریكارێكی گەنجیان هەیە تاوەكو یارمەتیان بدات. بۆ نموونە: دكتۆر پەیج ئێستا تۆی هەیە وەك هاریكار و یاریدەدەر. هەروەها دكتۆر نیكۆڵاس كەسێكی پۆخڵی لای خۆی داناوی بەناوی دێنێ. ئەوەی سێیەمیشیان ناوی دكتۆر بڕام وێڵە. جا هەر كرێكارێك لە كاتی نەخۆشی كەوتنیدا، ئازادە لەوەی كامە دكتۆر هەڵدەبژێرێت تاوەكو چارەسەری بكات. كۆمپانییاكەش بەشێك لە كرێی نەخۆشەكە دەدات بە دكتۆرەكە. هەروەها دكتۆرەكەش پشكێكی دادپەروەرانە بە هاریكارەكەی دەدات و باقییەكەشی بۆخۆی دەبێت.”
ئاندرۆ گوتی:
“خاتوو پەیج لام وابێت بارودۆخەكە ئێستا بەتەواوی ڕوونە”.
خاتوو پەیج بە پێكەنینێكی كورت مەدوا، گوتی:
“باشە، ئەوەی لەسەر تۆ پێویستە ئەوەیە كە بیرت نەچێت، تۆ؛ یاریدەدەری دكتۆر پەیجیت و كار بۆ ئەو دەكەیت”.
دواجار سەیریكی كاتژمێرەكەی كردوو، وەك ئەوەی كە كارەكەی كۆتایی پێهاتبێت، لەسەر كورسییەكەی هەڵسا و ڕەفتاری تەواو گۆڕا!
“ئافرەتێكی نەخۆش هەیە، لە ژمارە حەوت؛ ناوچەی گلیدار. كاتێكی زۆر بەر لە ئێستا مێردەكەی بۆ لای دكتۆری ناردبوو. جا باشتر وایە كە تۆ بچیتە ئەوێ سەری لێبدەیت.”
ئا بەمجۆرە ڕێنوێنی ئاندرۆی كرد.
