سێ مانگ تێپەڕیبوو بەسەر هاتنی ئاندرۆ بۆ شارۆچكە دوورە دەستەكە. ئەوێ، شوێنێكی بەرایی و چۆڵ و هۆڵ، هیچ شوێنێكی چێژبنین و كات بەسەربردنی تێدا نەبوو. تەنانەت سینەمایەكیشی لێ نەبوو. خەڵكەكەی جۆرێك بوون. لەولاشەوە، ئاندرۆ عاشقی كاركردنی جددی بوو. جا بەم حاڵەتەش، بەتایبەت لەگەڵ خەڵكەكەی ئەوێ، بەتەواوی كاری لەسەر میزاج و هەستی ئەو كردبوو، و بەتەواوی دڵخۆش و ئاواتەخواز بوو.
دوای نیوەڕۆیەك خەریك بوو لە تەندروستی كوڕە هەرزەكارێك دڵنیابێتەوە و بیپشكنی -چوون ئەم كوڕە نەخۆش بوو -. جۆی هاوڵ، نەخۆشییەكەی ترسناكی ئەوتۆی نەبوو، بەڵكو ئەوە هەرتەنها حاڵەتێكی ئاسایی بوو كە تووشی سوورێژە ببوو. ڕوونە كە ئەم نەخۆشییە لەنێو منداڵاندا زۆر باوە. لەگەڵ ئەوەشدا خاتوو هاوڵ ئافرەتێكی كارەكەری هەژار بوو، جگە لەو كارەی كە بۆ كڵێسایەكەی گوندێكی بچووك دەیكرد، لەهەمان كاتدا دەبوو ئاگای لەمێردە نەخۆشەكەیشی بێت.
ئاندرۆ -كە خەریك بوو لە ماڵەكە دەهاتە دەرەوە و بڕوات – وەك هاوسۆزییەك بۆ دایكەكە گوتی:
“من دەزانم كە كارەكەت چەندێك قوڕسە، بەداخەوە كە جۆی تووشی ئەم نەخۆشییە بووە، بەڵام ئێستا دەبێت براكەیشی لە ماڵەكەدا بهێڵیتەوە.”
“بەڵێ، لەڕاستیدا بارگرانییەكی زۆر گەورە بوو ئەگەر هاتوو خاتوو باڕلۆ پێی نەگوتبام كە پێویست ناكات ئیدریس لە ماڵەوە بهێڵمەوە”.
لەگەڵ ئەم قسەیە، ئاندرۆ خۆی پێ نەگیراو بە تووڕەییەوە گوتی:
“خاتوو باڕلۆ كێیە؟”.
دایكەكە گوتی:
“خاتوو باڕلۆ مامۆستای قوتابخانەكەیە، ئەم بەیانییە كاتێك بێڕەدا ڕەتبوو و بینی كە من چەندێك پەشۆكاوم، بۆیە گوتی هیچ كێشە نییە با ئیدریس بێتە قوتابخانە!”
ئاندرۆ بەجۆرێك تووڕەبوو، بڕیاری دا كە یەكسەر بچێتە قوتابخانەكە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ مامۆستاكە قسەبكات.
ئاندرۆ تەنانەت هەر لە دەرگایشی نەدا، بەڵكو یەكسەر وەژوور كەوت. منداڵەكان بە بێدەنگی لە پۆلدا دانیشتبوون، و خاتوو باڕلۆش پشتی لە ئاندرۆ بوو. ئەو، بەجۆرێك لەگەڵ وانەكەدا ئاوێتە ببوو، نەپرژایە سەرئەوەی كە تێبینی ئەوە بكات كە كەسێك هاتۆتە ژوورەوە. لەپڕ ئاندرۆ لەشوێنی خۆی ڕەق بوو، چوون هاتوو باڕلۆ بەمجۆرە نەبوو كە ئەو لە مێشكی خۆیدا وێنای كردبوو. ئەو، وای وێنا كردبوو كە ئەو مامۆستایە ئافرەتێكی بەتەمەنە، وەیان قەیرەیەكی ناشیرینە! كەچی ئەوەتا وا خۆی لەبەردەم كچێك دەبینێتەوە كە هێشتا شووی نەكردووەو ڕەنگە تەمەنیشی لە بیست ساڵان پتر نەبێت. ئەو، پێی وابوو، ئەم كچە خاوەنی جوانترینی چاوی قاوەییە كە تاوەكو ئێستا بینیبێتی. ئاندرۆ لەوێدا ڕەق وەستابوو و هیچ وشەیەكی بۆ نەدەهات، بەڵكو بەدوای وشاندا دەگەڕا تاوەكو بیاندۆزێتەوە و بیانكات بە ڕستە. دواجار لە كۆتاییدا خۆی كۆكردەوە و گوتی:
“تۆ خاتوو باڕلۆییت؟”
“بەڵێ، من هەوم”
“ئەی تۆ یاریدەدەرە نوێیەكەی دكتۆر پەیج نیت؟” خاتوونەكە بە ڕووخۆشی و زەردەخەنەوە وەهای گوت.
“ئەوە مەبەستی هاتنی من نییە” ئاندرۆ بەجۆرێك لە تووڕەیی و زبری وەهای گوت و هەوڵیدا وشەكانی دواتری بە وریاییەوە هەڵبژێرێت تاوەكو جۆرێك لە فشار دروست بكات و مەبەستی هاتنی بپێكێت.
“من دكتۆر ئاندرۆ مانسۆنم، تۆ لەم پۆلە قوتابییەكت لایە بەناوی ئیدریس هاوڵ، ئەم قوتابییە براكەی تووشی سورێژە بووە، بۆیە دەبێت لەوانیتر جیابكرێتەوە. وەگەرنا هەموو تووشی ئەو پەتایە دەبن.”.
خاتوو باڕلۆ هیچ گوێی بەقسە ڕەقەكانی ئاندرۆ نەدا و بەڵكو بە ڕووخۆشییەوە گوتی:
“بەڵام من ئەوم لەوانیتر جیاكردۆتەوە، سەیركە ئاااا ها لەوێیە” بەدەست ئاماژەی پێدا.
ئاندرۆ دوای ئاماژەكەی خاتوو باڕلۆ كەوت و بینی لەسووچی ژوورەكە، و لای ئاگردانەكە؛ منداڵێكی هەرزەكار دانیشتووە و خەریكە پەداخێك شیر دەخواتەوە. بەڵام ئاندرۆ بەجۆرێك لە قسە لەڕوویی گوتی:
“جا كەی ئەمە جیاكردنەوە و گۆشەگیركردنە، ئەی وانییە؟”
خاتوو باڕلۆ بە دەنگە نەرم و خۆشنوودەكەی وەڵامی دایەوە:
“دكتۆر ئاندرۆ، تۆ پێویستە سەرنجی تەواوی بارودۆخەكە بدەیت. ئیدریس، باشتر كە بێتە قوتابخانە و سوود لەو پەرداخە شیرە بێ بەرامبەرە وەربگرێت و نەك ئەوەی لەماڵەوە دانیشێت. جگەلەوەش منداڵانی ئەم دەورووبەرە لەوەو پێش تووشی سورێژە بوونە و ئێ خۆ ئەوانیتریش هەر ئەمڕۆ بێت یان سبەی هەر تووش دەبن. لەهەموویشی گرنگتر، سەرنج بدە بەهاتنی ئیدریس بۆ قوتابخانە چەندێك كێشە و چەڵەمەمان لەدایكی دوورخستۆتەوە”.
ئاندرۆ بە دەنگێكی بەرز هاواری بەسەردا كرد:
“من فرمانت پێدەكەم كە هەر ئێستا بینیریتەوە بۆ ماڵەوە”.
“تۆ ناتوانیت هەروا بەبێ پرس بێیتە نێو پۆلەكەم و فرمان بەسەردا مندا بكەیت، لێرەدا من بەرپرسم فرمان دەردەكەم.”.
خاتوو باڕلۆ تووڕەتر لەجارەكانی پێشووتر وەهای گوت، بەڵام ئاندرۆش تووڕەتر لە ئەو وەڵامی دایەوە.
“تۆ خەریكی یاسا پێشێڵ دەكەیت، ئەگەر ئێستا نەینیریتە ماڵەوە ئەوا شكاتت لێ دەكەم”
“كورە هیچ منەتت نەبێت” خاتوو باڕلۆ وەهای گوت “لەوەش زیاتر دەبا بێن و بمگرن، چونكە ئەوسا من دڵینام كە تۆ ئاسوودە دەبیت”. وەك نیشانەی كۆتایی هێنان بە گفتوگۆكە، خاتوو باڕلۆ ڕوویكردە قوتابییەكان و گوتی:
“دەی منداڵینە هەستنە سەرپێ و خوادحافیزی لە دكتۆر ئاندرۆ بكەن. دكتۆر ئاندرۆ سوپاس بۆ سەردانەكەت”.
بەڵام ئاندرۆ دوای ئەوەی چوویە دەرەوە، بەجۆرێك ڕەفتاری دەكرد، وەك ئەوەی كە منداڵێكی لاسار بێت و ڕەفتارێكی خراپی كردبێت و لەبەرامبەر ئەوەشدا وەك سزایەك كرابێتە دەرەوە. ئەم ڕووداوە خەریك بوو شێتی بكات و نەیدەتوانی بیری لێ نەكاتەوە، لەهەمان كاتیشدا لای وابوو كە ئەوە شەندە شتێكی پڕووپووچ و بێ بایەخە بەوەی ئاخۆ مامۆستایەكی تازە لاو لەبارەی ئەوەوە بیر دەكاتەوە.
دوای دوو هەفتە دەبوو بەسەردان بچێت بۆ لای خێزانی دكتۆر بڕاموێل، ئەوەی كە بانگێشتی نانی ئێوارەی كردبوو. ئاندرۆ خەریكبوو پۆزش بێتەوە، بەڵام خاتوو بڕاموێل لەپڕ گوتی كە ئێستا بەرێز وۆڵكینز و خێزانەكەی -كە لە كانە خەڵووزەكە كاردەكەن – لەگەڵ خاتووی باڕلۆی مامۆستای قوتابخانەكە تەشریف دێنن بۆ ئێرە.
“ئۆوو، باشە، بەڵێ…ئێ” ئاندرۆ لات و پەل بوو وەك بڵێی زمانی گیرا.
“من زۆر دڵخۆش دەبم كە بێم بۆ ئەوێ، سوپاست دەكەم”.
ئاندرۆ گەلێ دڵخۆش بوو، تەنانەت كە هێشتا لە ژووری برینكارییەكە بوو، نەیدەتوانی كە بیر لە خاتوو بارلۆ نەكاتەوە. ئەو، حەزی لەوە بوو كە بچێت خاتوو باڕلۆ ببینێت و لەهەمان كاتیشدا ڕقی لەوە بوو كاتێك بیری كەوتەوە كە چۆن لە پۆلەكە بەجێی هێشت.
بەدرێژایی ژەمی نانی ئێوارە، ئاندرۆ سەیری چاوەكانی كریستینی نەكرد. لەوكاتەشدا ئیرەیی بە خاتوو وۆڵكینز دەبرد كە چەندە بەڕووخۆشی لەگەڵ كریستین باڕلۆ دەدوێت. دواجار كە ژەمی ئێوارە كۆتایی هات، ئاندرۆ بە كریستینی گوت كە حەزدەكات بەپیاسە لەگەڵیدا بیباتەوە بۆ ماڵەوە. بەڵام كریستین ڕەتی كردەوە و گوتی كە زووتر بەڕێز وۆڵكینز و خێزانەكەی پێیان گوتوە ئەوان دەیبنەوە ماڵەوە. دوای ئەوەی دەمێك بوو بەدوای وشەیەكدا دەگەڕا تاوەكو بیڵێت، دواجار لەبارەی ئەو گرژییەی ئەم دواییە، هات بەسەر زاریدا بڵێت:
“من هەرتەنها ویستم بزانیت كە من چەندێك پەشیمانم لەو ڕەفتارە ناشیرینە لە پۆلەكەتدا نواندم، بەڕاستی من ئێستا شەرم لەخۆم دەكەمەوە. بەڕاستی من زۆر سەرسامم بەوە ڕێگەیەی كە گرتبەر لە چارەسەكردنی كێشەكان و قەناعەتكردن بە هەردوو لا، بەوەی شتەكان بچنە سەر ڕێچكەی خۆیان، نەوەك پەنا ببەنە بەر یاسا و شكاتكردن”.
ئاندرۆ دوای ئەوەی قسەكانی كۆتایی پێ هێنا، بەبێ ئەوەی لەسەر وەڵامی كریستین بوەستێت یەكسەر ڕووی وەرگێڕا و بە ئاسوودەی ڕێگای ماڵەوەی گرت، ئەمەش دوای ڕۆژانێكی زۆر.
ئەند هەفتەیەك دوای ئەم ڕووداوە، خاتوو پەیج مووچەی نیوەی ساڵەكەی لە كۆمپانیاكە وەرگرت. خاتوو پەیج كە لە ناندینەكە دانیشتبوو گوتی:
“دكتۆر ئاندرۆ، بەراستی پێویستە من ئاماژە بەوە بدەم كە تۆ لە چەند مانگی ڕابردوو كاری زۆر باشت ئەنجام داون. بێگومان ئەو كارانە ناگەن بەوانەی دكتۆر پەیج بەڵام ئێمە هیواخوازین كە تۆ جێگەی ئەو بگریتەوە.”. خاتوو پەیج بەجۆرێك لە هێمنی ئەم قسانەی كرد و هەوڵیدەدا هێمن دەربكەوێت، ئەمە لە كاتێكدا چاوەكانی بارودۆخەكەی زۆر بێ بایەخ وێنا دەكرد. دواتر خاتوو پەیج گوتی:
“من دەمەوێ دیسان بیرت بخەمەوە كە تۆ بۆ دكتۆر پەیج كاردەكەیت و ئەویش بەم زوویانە دەگەڕێتەوە سەر كارەكەی”.
ئاندرۆ لەبەرامبەر ئەو قسانە بەهیچ جۆرێك وەڵامی نەدایەوە و هیچ لێدوانێكی نەبوو. چونكە ئەو باش دەیزانی كە دكتۆر پەیج هەرگیز چاك نابێتەوەو و ئەمەش ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگرە و هەموو خەڵكە ئەو حەقیقەتە دەزانن، جگە لە خاتوو پەیج كە ڕەتی دەكرد قەناعەت بەم حەقیقەتە بێنێت.
دواتر كاتێك نامەیەكی پێگەیشت لە كریستین باڕلۆوە بەوەی بانگێشتی دەكرد بۆ ژەمی ئێوارە لە یەكشەمەی داهاتوو، ئاندرۆ گەلێ دڵخۆش بوو، بەجۆرێك نەیدەتوانی چاوەڕێ بكات تاوەكو ئەمڕۆژە دێت. بەڵام دواجار ڕۆژی بەكشەممە هات. ئاندرۆ بەجۆرێك لە هەلەداوان خۆی گەیاندە ماڵی كریستین باڕلۆ. كریستین بە زەردەخەنەوە پێشوازی لە ئاندرۆ كرد و ئەم بەخێرهێنانە گەرمەی كریستین وایكرد كە ئەم وێنا و كاریگەرییە لە یەكەم دیدەنییاندا دروست ببوو، هەمووی وەلا نێت. كریستین گوتی:
“بەڕێز وۆڵكینز و خێزانەكەی پاش كەمێكی دیكە دێن و ڕەنگە نەختێك تاخیر ببن، بەڵێ من وای دەبینم. جا هیواخوازم كە جەنابتان هیچ كێشەیەكتان نەبێت بەوەی تۆزێك چاوەرێیان بكەیت”.
كریستین باڕلۆ دەستیكرد بە گێڕانەوەی سەرگوزشتە و بەسەرهاتی خۆی. چیرۆكەكەی ئەگەرچی سادە بوو، بەڵام خەمناك بوو.
كریستین لە یۆڕكشایر گەورەببوو. باوكی بەڕێوەبەری یەكێك لە كانە خەڵووزەكان بوو. لەتەمەنی پازدە ساڵانیدا، دایكی لەدەستدا بوو، و پاشان چوار ساڵ دوای ئەوە؛ قوتابخانەی تەواو كردبوو. باوكیشی گوازرایەوە بۆ یەكێك لە كانە خەڵووزەكانی باشووری وەیڵز. شەش مانگ دوای ئەوە، تاقە براكەی، كە كرێكاری كانە خەڵووز بوو. لەیەكێك لە تەقینەوە و داڕمانەكانی كانە خەڵووزێك گیانی لەدەستدا. كاتێك باوكی ئەو هەواڵەی بیستبوو، یەكسەر بەخێرایی چووبووە نێو كانە خەڵووزەكە. بەڵام وادیار بوو هێشتا كانە خەڵووزەكە بەردەوام بوو لە داڕمان و ئەوەبوو باوكیشی هەرئەوكات كەوتبووە ژێر یەكێك لە هەرەسەكان و ئەویش گیانی لەدەستدا. ئاندرۆ بە بیستنی ئەو چیرۆكە گەلێ خەمباربوو.
خاتوو كریستین گوتی:
“بەراستی بەڕێز وۆڵیكنز و خێزانەكە لەگەڵ مندا زۆر بەخشندە بوو، لەڕاستیدا خەڵكەكەی ئێرە هەر هەموو وەها بوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من هێشتاش هەر واهەست دەكەم نامۆم بەم ناوچەیە، چونكەر بەڕاستی ڕاهاتن لەگەڵ ئەم شوێنە قوڕسە.”.
ئاندرۆ گوتی:
“دەزانم مەبەستت چییە، من واهەست دەكەم كە تۆ هەست بە تەنیایی دەكەیت و دەبینم كە واچاكترە لەگەڵ كەسێك بدوێیت”.
كریستین:
“لەبارەی چییەوە، لەبارەی كارەكەت؟”.
“بەڵێ لەبارەی كاركردن و شتەكانی تریش، لەبارەی خەون و ئاواتەكانم، قەناعەت و پێشبینیەكانم. لەبارەی ئەو شتانەی كە فێری بووم چەندێك ڕاستن و ئەوانەش كە چەندێك هەڵەن”.
ئاندرۆ بەهەموو دڵ و گیانی ئەم قسانەی دەكردن و گەلێ دڵخۆش بوو بەوەی كە دواجار لە تواناییدایە قسەكان بكات و هەستەكانی لەگەڵ یەكێكدا هاوبەشی پێبكات. بەڵام لەپڕ زەنگی دەرگاكە لێیدا و قسەكانی پێبڕی. ئەوەبوو كریستین بەرلەوەی دەرگاكە بكاتەوە بە ئاندرۆی گوت كە پێویستە پەیمان بدات بەوەی لەكاتێكی تر بەیەكەوە ئەو قسانە تەواو بكەن. ئاندرۆ گوتی:
“جا بەڕاستی لەوە باشتر نابێت”.
كاتێكی خۆشیان بەسەربرد لەگەڵ ئەو ژەمە بەچێژەی كە كریستین خودی خۆی ئامادەی كردبوو. بەڕاستی وەك ئەوە وابوو كە بڵێین كات دەفڕی. دەی خۆ هەرواشە. كاتە خۆشەكان هەمیشە زوو تێدەپەڕن. لەكاتی خوا حافیزیدا و لەبەردەم دەرگاكە، ئاندرۆ گوتی:
“بەڕاستی من زۆر دڵخۆش بووم بەوەی منت بانگێشت كرد. تكا دەكەم، ئاخۆ دەكرێت جارێكی دیكە بتبینمەوە؟”.
كریستین بە زەردەخەنەوە و خۆشحاڵیەوە گوتی:
“ئێ، باشە چی دەبێت ئەوجارەیان تۆ من بانگێشت بكەیت؟”.
بۆ ئاندرۆ ئەمە وەك ئەوە وابوو كە تەواوی گەردوون بەڕوویدا زەردەخەنە بكات و گشت ئەستێرەكان لەگەل ئەم قسەیە دەگەشانەوە. ئەمە یەكەم چركە ساتی خۆشی بوو لە ژیانی ئاندرۆ لەتەمەنی هەژدە ساڵیەوە، لەوەتەی دایك و باوكی لەڕووداوی ئۆتۆمبێل گیانیان لەدەستدا بوو. ئەوەبوو لەڕێگەی بەرەو ماڵەوەی لەنێو دڵی خۆیدا گوتی:
“ئایا ژیان لەوە خۆشتر دەبێت؟”.
