Skip to content

باشترین مامۆستا، کە هەرگیز وانەی پێ نەوتووم!سەبارەت بە پڕۆفیسۆر حەمەی مارف

لە سەروبەندی دەستکردنم بە کۆڕسی دکتۆرا، زۆر جاران و لەلایەن زۆرێک لە مامۆستا بەڕێزەکان گوێبیستی ناوی کەسێک دەبووم، کە لەوە و پێش لەسەرم خوێندبووییەوە و بە کۆمەڵێک لە بەرهەمەکانی ئاشنا بووم، ئەمما هەرگیز ڕووبەڕوو نەمبینیبوو! زۆرێک لە ئێمە هاوچەرخی کەسانی بەنێو و دەنگین بەڵام ڕووبەڕوو نەمانبینیبوون، وە یان زۆر جاران ئەو کەسانە شتێکی ئەوتۆش لەبارەیانەوە نازانیت و دوای مردنیان پتر -بە هۆکارێک- پێیان ئاشنا دەبیت!

حەمەی مارف، بۆ من ناوێکی درەوشاوە و مامۆستایەکی لێهاتوو بوو، کە هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان نەمبینی! بەڵام لە سەروبەندی گرنگی دانم بە بواری زمانناسی و بەتایبەت دوای بەکالۆریۆس، کۆمەڵێک شتم لەبارەیەوە بیست و خوێندەوە، دوای تەواوکردنی ماستەر دیسانەوە هاتم بەسەر کۆمەڵێک بەرهەمی تر و بەسەرهات و سەرگوزشتەی تر دەربارەی خودالێخۆشبوو.

ئێستاش لە کاتی کۆڕساتی خوێندنی دکتۆرا، لەوە دەچێت زۆرینەی مامۆستاکانم قوتابی پڕۆفیسۆری ناوبراو بووبن، و بە شاناز یەوە باسی وانە، تیۆر، ڕێگە، جێگە و پێگەی ئەم دەکەن. وا دیارە ئەم مامۆستا بەڕێزە درێغی لە هیچ چاکەیەک نەکردووە، و تەنانەت لە کرداریشدا لە هیچ باشی یەک نەسڵەمیتەوە. ئەوەتانێ کاریگەری قووڵی وا بەسەر قوتابییەکانی ماوە و هەموویان بە خەندە و حەسرەت و شەوق و شانازییەوە باسی دەکەن. ئەوەشی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشاوم ئەوەیە کە هەندێک لەو مامۆستایانە ڕێک کە باسی ئەو دەکەن، بۆ من وەکو ئەوە وایە کە ئەو مامۆستا بەڕێزە هەر دەڵێیت نموونەی ئەوە و ڕێک وەک خۆیەتی.

ئێمە، بە درێژایی ژیانمان لەگەڵ چەندین مامۆستا هەڵدەکەین کە کاریگەرییەکی بەردەوام لەسەرمان بە جێ دەهێڵن. بەڵام کەمێک لە وان دەبن بە سەرچاوەی ئیلهاممان و ئاڵنگاریمان دەکەن و جیهان بینیمان لە قاڵب دەدەن. بۆیە ئێمە دەمانەوێت لەم نووسینە باس لە ئەو مامۆستایە بکەین کە هاوچەرخی خۆتە، نەتبینیوە و هەرگیز دەرفەتی ئەوەت بۆ نەڕەخساوە ڕووبەڕوو لێی فێر ببیت بەڵام خەریکە کاریگەری قووڵ لەسەرماندا جێ دەهێڵێت. ئیلهامی تایتڵەکەش لە وتارێکی بیل گەیتس سەبارەت بە گەورە فیزیکنناس، ڕیچارد فاینمانەوە وەرگیراوە.

بەڵام بەر لەوە دەبێت ئاگاداربین، کە هەر نابێت کەسێکی خەیاڵیمان لێ دەربچێت، بەڵکوو لە ئێستادا کۆمەڵێک مامۆستای بەرز، بەتوانا، ئیلهامبەخش، هاریکار و ناوازە هەن لە ژیانماندا و قەدر گرتنیان لەسەرووی واجبەوەیە.

لە نێو کایەی خەیاڵمدا، ئەم مامۆستا ناوازەیە خاوەنی تێکەڵەیەکی ناوازەی سیفەتەکانە کە وای لێ دە کات جیاواز بێت. مامۆستا گەلی ئاوەها خاوەنی خولیای قووڵن بۆ زانین و خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە بۆ وانەوتنەوە. توانایەکی زگماکی و هەم پەرە پێدراویان هەیە بۆ پەروەردەکردن و تینووکردنی هەستی فێربوون لە خوێندکارەکانیاندا. ئەوان زۆر چاک لەوە گەیشتوون کە پەروەردە تەنها گەیاندنی زانیاری نییە بەڵکو چاندنی خۆشەویستییەکی سەرتاپاییە بۆ فێربوون.

یەکێک لەو سیفەتانە كە جێگای سەرنجی ئەم مامۆستایەیە، بریتیە لە باوەڕی -بێ چەواشەکاری- بە توانای قوتابییەکانیان. ئەوان خاڵە بەهێز و بەهرە سروشتییەکانی هەر تاکێک دەبینن و ماندوو نەناسانە کار دەکەن بۆ پەروەردەکردن و پەرەپێدانیان. ئەوان ژینگەیەکی فێرکاری و پڕ لە پشتیوانی و گشتگیر دروست دەکەن کە خوێندکاران هەست بە دڵنیایی بکەن بۆ گەڕان بەدوای وەڵامی بیرۆکەکانیان.

ئا ئەم جۆرە مامۆستایانە كە بوونەتە سەرمەشقی پەروەردەكاریی و كاری وانەوتنەوە، توانای ناوازەیان هەیە بۆ گەیاندنی بیرۆکەی ئاڵۆز بە شێوەیەکی سادە و سەرنجڕاکێش. ئەوان بۆ وانەکانیان هەمیشە نموونەی ژیانی ڕاستەقینە و سەرچاوەی باوەڕپێکراو و -زۆر جاران پێکەنیناوی- بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی پڕۆسەی فێڕبوون بە زیندوویی بمێنێتەوە. هەربۆیەشە کە هەمیشە سوکرات ئاسا، پرسیاری بیرکردنەوەی داهێنەرانەو ورووژێنەر دەکەن، کە لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و گفتوگۆی مانادار و بەسوود.

لە خەیاڵی مندا، ئەم جۆرە مامۆستایە لە سنووری چواردیواری وشک و ناشیرینی پۆل تێدەپەڕێت. ئەوان ڕاهێنەر و ڕێبەرن، نەک تەنها لە بابەتە ئەکادیمییەکان بەڵکو لە گەشەکردنی کەسی و سۆزداریشدا ڕێنمایی پێشکەش دەکەن. ئەوان تێدەگەن کە پەروەردە تەنیا لە کتێبی مەنهەج و تاقیکردنەوەکاندا سنووردار نییە؛ بەڵکو پەرەپێدانی کەسێتی و بەهاکان و تواناکانی ژیان لەخۆدەگرێت.

بەڵێ ئەمانە خۆیان فێرخوازی تەواوی ژیانن. بەردەوام بەدوای زانیاری نوێدا دەگەڕێن، بەدوای دیدگا جیاوازەکان دەگەڕێن و گۆڕانکارییە نوێیەکان لە باوەش دەگرن و هەندێک جارانیش ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەوان هانی خوێندکارەکانیان دەدەن کە بە بیری کراوە دۆخی ئێستا بخەنە ژێر پرسیارەوە و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیان هەبێت بۆ مەسەلە هەنووکەییەکان.

لەکۆنەوە کورد بە کەسی خۆشەویست و بەرهەمداری و ئەمەکی گوتووە: “ڕێگەت پڕ ڕێبوار”، وادیارە ڕێگەی خوالێخۆشبوو پڕ پڕە لە ڕێبوارانی ماریفەت و ئەوەتانێ زۆرینەی مامۆستاکانی کۆڕسی دکتۆراکەم قوتابی ناوبراوبوون و لەم پێناوەشدا خەریكە داینەمۆی بەگوڕی خۆیان وەگەڕ خستووە و كاتەكانیان كردۆتە قوربانی زانست.

Published inBlogKurdi
© Sangar Najim 2023. Website developed by Web for Scholars.